الریــــــــــاء

بەرواری دانان :2018-11-17 ژمارەی بابەت :12

                                          الریــــــــــاء

پێناسەی الریاء :  


جورجانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( تەرک کردنی ئیخلاسە لە عیبادەت ، لەگەڵ چاودێری کردنی بێجگە لەخوا تێیدا ، ... )) التعریفات لاپەڕە ١١٩


ابن حجر عسقلانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ڕیا دیار خستنی عیبادەتە بە مەبەستی ئەوەی خەڵک بیبینێت و سوپاسی خاوەنەکەی بکەن . )) الزواجر ج١ لاپەڕە ٤٣


جیاوازی نێوان الریاء والسمعة :


زانایان دەلێن الرياء : هو العمل لرؤية الناس .

واتە : كردەوە كردنە بۆ ئەوەی خەلك بيبينن وە مەدحی بكەن .

نموونە : كەسێك هەلدەستێت نوێژ دەكات بۆ ئەوی خەلك بيبينن واتە ديتنی خەلكە هانيداوە نوێژ بكات .


 السمعة : العمل لأجل سماعهم .

واتە : كردەوە كردنە بۆ ئەوەی خەلك گوێی  لێ بێت و مەدحی بکەن .

نموونە : كەسێك قورئان دەخوێنێت بە دەنگ بۆ ئەوەی خەلك گوێيان لە دەنگی  ببێت مەدحی بكەن واتە گوێ لێ بوونی خەلكە هانيداوە قورئان بە دەنگ بخوێنێت ، ئەگەر نا قورئانی نە دەخوێند .


ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( الریاء : خوا پەرستنە بۆ ئەوەی خەلک بیبینێ و مەدحی بکات لەسەر ئەوەی کە عابدە ، مەبەستی ئەوەی نییە عیبادەت بۆ خەلک بکات ، چونکە ئەگەر مەبەستی عیبادەت کردنی خەلک بێت دەبێتە شیرکی گەورە ، ئەمەیان وەک شێوەی نموونە ، ئەگەر نا ڕیا ھەیە و سومعەش ھەیە ، سومعە بە عیبادەت کردنە بۆ ئەوەی بەرگوێی خەلک بکەوێت و مەدحی بکەن ، ئەمەش داخلی ڕیا دەبێت ، تەعبیر بۆ ڕیا لە بابەتی زۆرینەیە ، بەلام ئەگەر مەبەست لە عیبادەت کردن ئەوە بێت بۆ ئەوەی خەلک شوێنی بکەون ، ئەمەیان ڕیا نییە بەلکو ئەمەیان بانگەوازی کردنە بۆ لای خوا ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " من ئەمەم کرد بۆ ئەوە شوێنم بکەون و فێری نوێژی من ببن . "  )) القول المفید


پلەکانی الریاء :


ڕیا بەگوێرەی مەبەستی کەسەکە چوار پلەیە :


یەکەم : کەسێک ھیچ مەبەستی خێر و پاداشتی نییە ، ئەمەیان لە ھەموویان خراپترە ، وەک ئەوەی کەسێک ھەڵدەستێت نوێژ لەپێش چاوی خەڵک دەکات ، ئەگەر بە تەنیا بێت نوێژ ناکات ، وە ھەندێک جار ڕیا وای لێ دەکات نوێژ بکات بێ دەست نوێژ .


دووەم : کەسێک مەبەستی خێر و پاداشتی کەمترە لە مەبەستی بەدیار خستنی کردەوەی ، ئەمەیان نزیکە لە ئەوەی پێش تر .


سێیەم : کەسێک مەبەستی خێر و پاداشتی لەگەڵ ڕیا یەکسانن .


چوارەم : کەسێک ئەگەر خەلک بیبینێت ، بینینی خەلک ھاندەرە بۆی بەڵام زیاتر مەبەستی خێر و پاداشتی ھەیە .


حوکمی الریاء :


ھەموو زانایان یەک دەنگن کە ڕیا یەکێکە لە تاوانە گەورەکان ، وە شیرکی بچووکە ، حالەتیش ھەیە دەگاتە شیرکی گەورە .

ڕیا و پووچ بوونی کردەوە :


ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ڕیا بە گوێرەی پووچ بوونی کردەوە دابەش دەکرێت بۆ دوو بەش :


یەکەم : ڕیا دەکەوێتە ئەسڵی عیبادەت ، واتە ھەلناستێت بۆ عیبادەت ئیلا بۆ ڕیا نەبێت ، ئەمەیان کردەوەی پووچە لەبەر فەرموودەی ئەبو ھریرە دەفەرمووێت : خوای گەورە دەفەرمووێت : (( أنا أغنى الشركاء عن الشرك ، من عمل عمل أشرك معي فيه غيري تركته وشركه )) .


دووەم : ڕیا دەکەوێتە ناو عیبادەت ، واتە ئەسڵی عیبادەت بۆ خوایە و بەلام ڕیا تێکەڵی بووە ، ئەمەیان دوو جۆرە :


(١) بەرگری دەکات ، ئەمەیان زیانی پێ ناگەیەنێت ، نموونە : پیاوێک یەک ڕەکاعەت نوێژی کرد ، پاشان لە ڕەکاعەتی دووەم خەلکانێک ھاتن ، شتێک چووە دڵی و ڕکوع و سوجدەی درێژ کرد یان گریانی خۆی ھێنا یان شتی تر ، ئەگەر بەرگری بکات و ھەوڵی لادانی بکات ئەوە زیانی پێ ناگەیەنێت چونکە بە جیھاد کردن ھەستاوە .


(٢) لەگەڵی بەردەوام دەبێت و بەدوای دەڕوات واتە بەرگری ناکات ، ھەر کردەوەیەک بە ڕیا بکرێت ئەوە پووچ دەبێت ، وەک ئەوەی قورئان خوێندنەوە درێژ بکات یان ڕکوع یان سوجدە یان خۆی بگریێنێت ، ئەمانە ھەموویان کردەوە پووچ دەکەن ، بەلام ئایان ھەموو کردەوە پووچ دەکات یان ھەندێک ؟ دەلێین لەم دوو حالەتە زیاتر نییە :


حالەتی یەکەم : کۆتایی کردەوە بنیات نراوە لەسەر سەرەتاکەی ، بەجۆرێک عیبادەتەکە دروست نییە لەگەڵ پووچ بوونی کۆتاییەکەی ، ئەمەیان ھەمووی پووچ دەبێت ، وەک نوێژ ، نموونە نوێژ ناکرێت کۆتاییەکەی پووچ بێت و سەرەتاکەی پووچ نەبێت ، ئەو کاتە نوێژ ھەمووی پووچ دەبێت ئەگەر ڕیایی کەوتە ناو و بەرگری نەکات لە لابردنی .


حالەتی دووەم : سەرەتای عیبادەت جیایە لە ئەوەی تر ، بەجۆرێک دەکرێت سەرەتاکەی دروست بێت بێجگە لە کۆتاتییەکەی ، ئەوەی بێ ڕیا کراوە دروستە و ئەوەی دوای ڕیا پووچە ، وەک : پیاوێک ١٠٠ ڕیالی لە لایە ، ٥٠ ڕیالی بەخشی بە ئیخلاسی ، پاشان ٥٠ ڕیالی تری بەخشی بۆ ڕیا ، ھی یەکەم وەرگیراوە و ھی دووەم وەرنەگیراوە ، چونکە کۆتاییەکەی پەیوەست نییە لەگەل سەرەتاکەی لێک جیاوازن . )) القول المفید .


باس کردنی کردەوەی باشی خۆت :


زانایان دەڵێن باس کردنی کردەوەی باشی خۆت ئەم چوار حالەتەیە :


حالەتی یەکەم : باسی كردەوە باشەكانی خۆی دەكات بۆ ئەوەی هانی خەلك بدات ، ئەمە دروستە بەلكو پاداشتيش لەسەری وەردەگرێت .


 نموونە : باسی شەو نوێژەكانی خۆی دەكات بۆ ئەوەی خەلك هانبدات بۆ كردنی شەو نوێژ نەک بۆ ئەوەی خەلک مەدحی بکەن .


حالەتی دووەم : باسی كردەوەی خۆى دەكات بۆ ئەوەی خەلك رێزی لێ بگرن وە مەدحى بكەن ، ئەمەیان دروست نيە و حەرامە ، وە ھەندێک زانا دەلێن کردەوەی پووچ دەبێت .


نموونە : شەو نوێژى كردوو بە ئیخلاسى دوای بۆ  خەلك باس دەكات بۆ ئەوەی مەدحى بكەن ، ئەمەیان حەڕامە .


حالەتی سێیەم : باسى كردەوەی باشی خۆى دەكات درۆ دەكات بۆ ئةوەی خەلك مەدحى بكەن ، ئەمەیان حەرامە و تاوانەكەی گەورەترە لە حالەتی دووەم  .


 نموونە : كەسێك دەلێت من شەو نوێژم  كردووە بۆ ئەوەی مەدحی بكەن ، کەچی درۆ دەکات شەو نوێژی نەكردووە .


حالەتی چوارەم : باسى كردەوەى خۆى دەكات مەبەستى هاندانى خەلكى نيە وە بۆ ئەوەش نيیە خەلك مەدحى بكەن ، وە راستيش دەکات و درۆی نەكردووە واتە كردەوەی کردووە ، لەم حالەتە باش نيە باس بكات .


زیانەکانی الریاء :


(١) ڕیا کردەوەی مرۆڤ پووچ دەکات یان پاداشتی کەم دەکاتەوە .


(٢) ڕیا ھۆکارە بۆ تۆڕە بوونی خوای گەورە و بێ بەش بوون لە ڕەحمی خوای گەورە .


(٣) ڕیا لەو تاوانە گەورانەیە کە مرۆڤ بەھیلاک دەبات .


(٤) ڕیا ھۆکارە بۆ ڕیسوا بوون و سەر شۆڕ بوون لە ڕۆژی قیامەت لە چاوی ھەموو دروستکراوەکان .


(٥) ڕیا ھۆکارە بۆ تووش بوون بە فیتنە و گومڕا بوون .


(٦) ڕیا ھۆکارە بۆ ڕیسوا بوونی کەسەکە لە پێش چاوی خەلک .


ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ