نییەت پاکی

بەرواری دانان :2018-10-27 ژمارەی بابەت :11

                                                                      نییەت پاکی ( الإخلاص )

پێناسەی نییەت پاکی : 

زانایان دەلێن وشەی الإخلاص دەلالەت لەسەر پاك بوونی شتێک و رێک خستنی دەکات ، خالص واتە ساف و پاك . 

نییەت پاکی : کردنی عیبادەتە تەنھا بۆ خوا و دوور لە ڕیا و سومعە ، ھەموو زانایان یەک دەنگن نییەت پاکی لە عیبادەت تەرک کردنی ڕیایە . 

فەزل و پاداشی نییەت پاکی : 

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نییەت پاکی ئەو دینەیە کە خوای گەورە قبولی ناکات بێجگە لە ئەو ، ئەو دینەیە کە خوای گەورە پێغەمبەرانی پێشوو و دوای ناردووە بۆی ، وە ھەموو کتابی دابەزاندوەە بۆی ، ھەموو زانایانی ئەھلی ئیمان یەک دەنگن کە نییەت پاکی پوختەی بانگەوازی پێغەمبەران بووە ، وە نییەت پاکی چەقی قورئان بووە و شتەکانی تر بەدەوری دەخولێنەوە . )) التحفة العراقية في أعمال القلوب لاپەڕە ٥٨

ابن حزم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نییەت نھێنی بەندایەتی یە ، لە کردەوەکانە و لە جێگای ڕۆحە بۆ لاشە ، مەحالە لە عیبادەت کردەوە ھەبێت ڕۆحی نەبێت . )) 

ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت : (( کردەوەی بێ نییەت پاکی و شوێن کەوتن " اقتداء " وەک گەشتیار وایە تورەگەی خۆی پڕ ڕەمل کردبێت و نقلی بکات و سوودی لێ وەرنەگرێت . )) الفوائد لاپەڕە ٦٧ 

ئەبو سلیمان الدارانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر بەندە نییەتی پاک بوو زۆر وەسواس و ڕییای لێی دادەبڕێت . )) مدارج السالکین ج٢ لاپەڕە ٩٦ 

جیاوازی نێوان نییەت پاکی و ڕاستگۆی : 

جورجانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( جیاوازی نێوان نییەت پاکی و ڕاستگۆی ، ڕاستگۆی : ڕاستگۆی ئەسڵە و یەکەمە ، نییەت پاکی فرعە و تابعە ، وە جیاوازییەکی تر نییەت پاکی ناکرێت ئیلا دوای چوونە ناو کردەوە ، ڕاستگۆی دەکرێت بە نییەت پێش چوونە ناوی . )) 

نیشانەکانی نییەت پاکی : 

یەکەم : حەز دەکەن کردەوەی باش بکەن خەلک پێی نەزانن ، ئەمەیان دیارترین نیشانە و ئاکاری نییەت پاکەکانە ، بێگە لە عیبادەتە واجبەکان چونکە زانایان دەلێن واجبە واجبەکانی و ڕوون و ئاشکرا بە ئاشکرایی بکەیت و بۆ ئەوەی توھمەی لەسەر لابچێت ، بەلام بۆ سونەتەکان باشتر وایە بە نھێنی بکەیت ، چونکە ئەمە دوورترە بۆ تووش بوون بە ڕیا و سەرسامی بە نەفس و ناوبانگ . 

دووەم : ترسیان ھەیە خوای گەورە کردەوەکەیان لێی وەرنەگرێت ، بەردەوامن لە لێ پرسینەوە لەگەڵ نەفسی خۆیان و بێ ئومێدیش نابن لە ڕەحمی خوای گەورە . 

خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وَالَّذِينَ يُؤْتُونَ مَا آتَوْا وَقُلُوبُهُمْ وَجِلَةٌ أَنَّهُمْ إِلَى رَبِّهِمْ رَاجِعُونَ ﴾ [المؤمنون: 60].

 ابن کثیر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( واتە شت دەبەخشن لە ڕێگای خوا و دەترسن و دڵیان لە ترس دایە نەوەک خوای گەورە لێیان قبوول نەکات . )) 

سێیەم : بەردەوام ڕادەکەن لە سەرسام بوون بە نەفسی خۆیان و بەردەوامن لە پاک کردنەوەی دڵی خۆیان . 

مسروق ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بۆ کەسێک زانست بەسە کە لە خوای گەورە بترسێت ، وە بۆ کەسێک جەھل بەسە کە سەرسامە بە کردەوەی خۆی . )) 

چوارەم : کەسێکە ناوەوە و دەرەوەی یەک شتە ، دڵ و کردەوەی پێچەوانەی یەکتر نیین ، پێچەوانەی دووڕووەکانن کە خوای گەورە دەفەرمووێت : (( يَقُولُونَ بِأَلْسِنَتِهِمْ مَا لَيْسَ فِي قُلُوبِهِمْ )﴾ [الفتح: 11] . 

پێنجەم : بەردەوام دەبێت لەسەر کردنی کردەوەی باش و سارد نابێتەوە بەو شێوەی کە واز لە عیبادەت بھێنێت ، چونکە بەرامبەر ترسان لەخوا باڵی ئومێد بوون بە ڕەحمی خوای لایە و لانادات بۆ ڕێگای ھەڵە . 

سوودەکانی نییەت پاکی :

(١) نییەت پاکی ھۆکارە بۆ ڕزگار بوون لە ئاخیرەت و سزای دۆزەخ . 

(٢) مصدەرێکی گەورەیە بۆ ڕزق و ڕۆزی و بەدەست ھێنانی پاداشت . 

(٣) نییەت پاکی بنچینەی کردەوەی دڵە ، کردەوەکانی لاشە شوێن کەوتە و تەواو کەری ئەمەیانە . 

(٤) نییەت پاکی ھۆکارە بۆ گەورە بوونی پاداشتی کردەوەی بچووک ، چەندین کردەوە ھەن بچووکن بەلام نییەت پاکی گەورەی دەکەن بە ئەندازەی چیا ، وە چەندین کردەوەش گەورەن بە ئەندازەی چیا ، بەلام ڕیا و لاوازی نییەت زۆر بچووکی دەکات یان پووچی دەکات و نایھێلێت . 

ابن مبارەک ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( کردەوە ھەیە بچووکە نییەت زۆری دەکات ، وە کردەوەش ھەیە گەورەیە نییەت بچووکی دەکات . )) سیر أعلام النبلاء ج٨ لاپەڕە ٤٠٠

(٥) قبول بوونی کردەوە وەستاوە لەسەر نییەت پاکی ، یەکێکە لە مەرجەکانی قبول بوونی عیبادەت . 

(٦) نییەت پاکی کردەوەی ڕێگەپێدراو کە عیبادەت نیین دەیکاتە عیبادەت . 

بۆیە یەکێک لە پێشینەکان دەلێت : من پێم خۆشە ھەموو  کردەوەکانم نییەتی لەگەڵ بێت ھەتا لە خواردن و خواردنەوە و نووستن و چوونە ئاو دەست . 

(٧) نییەت پاکی ھۆکارە بۆ پاک بوونەوە لە تاوانەکان و لێ خۆش بوون . 

(٨) نییەت پاکی ھۆکارە بۆ ڕزگار بوون لە ناخۆسی و بەڵا . 

(٩) نییەت پاکی ھۆکارە بۆ بەرز بوونەوەی پلە و پایە .

(١٠) نییەت پاکی ھۆکارە بۆ ڕزگار بوون لە فیتنە . 

(١١) نییەت پاکی ھۆکارە بۆ ئارامی دڵ و دەروون و چێژ وەرگرتن لە عیبادەت و خۆشی ئیمان . 

تێڕوانینێک لەسەر کردەوە کردن بەنھێنی : 

زانایان دەلێن کردەوە کردن بە نھێنی و ئاشکرا چوار حالەتە :

حالەتی یەکەم : کردەوە ھەیە سونەتە بەنھێنی بکەیت . 

حالەتی دووەم : کردەوە ھەیە سونەتە بە ئاشکرایی بکەیت . 

حالەتی سێیەم : کردەوە ھەیە ناکرێت بە نھێنی بکەیت ، وەک حەج و جیھاد . 

حالەتی چوارەم : کردەوە ھەیە دەکرێت بە نھێنی بکەیت یان دەکرێت بە ئاشکرایی بکەیت ، دەگەڕێتەوە بۆ نەفسی کەسەکە ، ئەگەر بەھێز بوو و بەرگەی مەدح و زەم کردنی خەلک بگرێت ئەوە دیار بخات باشترە ، ئەگەر نا باشتر وایە بە نھێنی بکات . 

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئاشکرا کردنی کردەوە دوو سوودی ھەیە : ئارەزووی خەلک خستنە سەر خێر و چاکە ، کردەوە ھەیە ناکرێت بە نھێنی بکەیت وەک جیھاد و حەج کردن ، ..... )) 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ