سەردێری پرسیار:ئایا ئومەتەکانی تر دەست نوێژیان ھەبووە ؟

بەرواری دانان :2019-01-15 کۆدی پرسیار:986

پرسیار:

پرسیار : ئایا ئومەتەکانی تر دەست نوێژیان ھەبووە ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان ئایا دەست نوێژ تایبەتمەندی ئەم ئومەتەیە یان نە ، دوو وتە ھەیە :

یەکەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون کە دەست نوێژ تایبەتمەندی ئەم ئومەتەیە ، ابن حجر لە فتح الباری ج١ لاپەڕە ٢٣٦ ئەم وتەی داوەتە پاڵ حلیمی کە یەکێکە لە فەرموودەناسەکان و فەقیھەکانی مەزەبی شافعی ، بەڵگە :

(١) عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ : سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَقُولُ : (( إِنَّ أُمَّتِي يَأْتُونَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ غُرًّا مُحَجَّلِينَ مِنْ أَثَرِ الْوُضُوءِ، فَمَنِ اسْتَطَاعَ مِنْكُمْ أَنْ يُطِيلَ غُرَّتَهُ فَلْيَفْعَلْ» مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ، وَاللَّفْظُ لِمُسْلِمٍ.

واتە : ئەبو ھوڕەیڕە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی : گوێم لە پێغەمبەر بوو درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرموو : (( بێگومان لە ڕۆژی قیامەتدا ئومەتەکەی من دێن بۆ لای سەر حەوزی کەوسەر ، ھەموویان ڕوخسار گەش و نوورانین ، بە ناوچەوانی درەوشاوە و دەست و قاچ سپییەوە لە شوێنەواری دەست نوێژدا ، جا ھەر کەسێک لەئێوە ئەتوانێ با درەوشاوەیەتێکەی " سپییاتییەکەی " زیاد بکات )) .

پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ئەم درەوشانەوە و نوڕانییەی ڕوخسار و دەست و قاچی تایبەت کردووە بەم ئومەتە ، ئەگەر ئومەتەکانی تر دەست نوێژیان ھەبوایا ئەوە نور و درەوشانەوەش بۆیان دەبوو وەک ئومەتی محمد درود و سەلامی خوای لێ بێت .

عبداللە بن عبدالرحمان ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( وتەی ڕاست دەست نوێژ تایبەتمەندی ئومەتی محمدە درود و سەلامی خوای لێ بێت ، خوای گەورە نور و درەوشاوەتی داوە بە ڕوخسار و دەست و قاچەکانیان ، نیشانەیەکی تایبەتە لەبەر ئاسەواری دەست نوێژ ، لەبەر فەرموودەی مسلم " ٢٤٧ " پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی : " لکم سیما لیست لأحد من الأمم تردون علی غرا محجلین من أثر الوضوء " ئەگەر کەسانی تر دەست نوێژیان گرتبا ئەوە وەک ئومەتی محمد دەبوون .

ابن تیمییە دەفەرمووێت : دەست نوێژ تایبەتمەندی ئەم ئومەتەیە ھەروەک فەرموودەی ڕاست ھاتووە ، سەبارەت بەوەی رواە ابن ماجە ناکرێتە بەڵگە ، ئەھلی کتاب ھیچ خەبەریان نییە لە یەکێک لە پێغەمبەرەکان دەست نوێژیان گرتبێت وەک دەست نوێژی موسلمانان . )) توضیح الأحکام ج١ لاپەڕە ١٨٧ - ١٨٨ .

وتەی دووەم : زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دەست نوێژ تایبەت نییە بەم ئومەتە ، بەڵکو تەنھا نور و درەوشانەوەی ئەندامەکانی دەست نوێژ تایبەتە بەم ئومەتە ، بەڵگە :

(١) فەرموودەی ئەبو ھوڕەیڕە سەبارەت بە چیڕۆکی سارەی خێزانی ئیبراھیم درود و سەلامی خوای لێ بێت ، ھەلدەست دەست نوێژ دەگرێت و نوێژ دەکات ، پاشان دەڵێت : (( اللھم إن کنت آمنت بك وبرسولك ، وأحصنت فرجي إلا على زوجي فلا تسلط علي الكافر ، .... )) أخرجه البخاري (٢٢١٧) .

(٢) فەرموودەی ئەبو ھوڕەیرە سەبارەت بە چیڕۆکی جوڕەیجی ڕاھب : (( فتوضأ وصلی )) ، أخرجە البخاری (٣٤٣٦) ، ومسلم (٢٥٥٠) .

ئەم دوو فەرموودەیە ڕوون و ئاشکران کە دەست نوێژ تایبەت نەبووە بەم ئومەتە ، بەڵکو لەناو ئومەتەکانی پێش ئێمەش دەست نوێژ ھەبووە .

پوختەی وتەی زانایان :

(١) گومانی تێدا نییە نور و درەوشانەوەی ڕوخسار و دەست و قاچ تایبەتمەندی ئومەتی محمدە درود و سەلامی خوای لێ بێت .

(٢) دەست نوێژ لەناو ئومەتەکانی تر ھەبووە ، بەڵام ئایا وەک ھی ئومەتی محمد بووە یان نە ، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws. Net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام