سەردێری پرسیار:حوکمی مەسح کردنی گوێیەکان بەئاوێکی نوێ بێجگە لە ئاوی مەسحی سەر ؟

بەرواری دانان :2019-01-12 کۆدی پرسیار:976

پرسیار:

پرسیار : حوکمی مەسح کردنی گوێیەکان بەئاوێکی نوێ بێجگە لە ئاوی مەسحی سەر ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە مەسح کردنی گوێ ، ئایا بە بەرماوەی ئاوی مەسحی سەر مەسح دەکرێ یان ئاوێکی تری نوێ بۆ ھەردوو گوێ دەھێنیت ، دوو وتە ھەیە :

یەکەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون مەسح کردنی گوێ بە بەرماوەی مەسحی سەر مەسح دەکرێ ، پێویست ناکات ئاوێکی تری نوێ بۆ مەسحی گوێیەکان بھێنیت ، كە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و بەڵگە :

(١) فەرموودەی عبداللە بن زید دەفەرمووێت : (( وَمَسَحَ بِرَأْسِهِ بِمَاءٍ غَيْرِ فَضْلِ يَدَيْهِ )) أخرجە مسلم (٢٣٦) .

واتە : ئەوجا بە ئاوێکی تازە سەری خۆی مەسح کرد ، جیا لەو ئاوەی کە دەستەکانی پێ شۆرد .

(٢) عن عَبْدِ اللَّهِ بنِ عَمْرٍو رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا فِي صِفَةِ الْوُضُوءِ قَالَ : ثُمَّ مَسَحَ بِرَأْسِهِ وَأَدْخَلَ إِصْبَعَيْهِ السَّبَّاحَتَيْنِ فِي أُذُنَيْهِ ، وَمَسَحَ بِإِبْهَامَيْهِ ظَاهِرَ أُذُنَيْهِ ، أَخْرَجَهُ أَبُو دَاوُدَ وَالنَّسَائِيُّ ، وَصَحَّحَهُ ابْنُ خُزَيْمَةَ .

واتە : لە عَبْدِ اللَّهِ بنِ عَمْرٍو دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت سەبارەت بە دەست نوێژ دەفەرمووێت : پاشان مەسحی سەری کرد و ھەردوو پەنجەی شایەتوومان خستە ناو ھەردوو گوێ ، وە بە ھەردوو پەنجەی گەورە دەرەوەی ھەردوو گوێی مەسح کرد .

لەم فەرموودەیە باسی ئەوەی نەکردووە ئاوێکی نوێی بەکار ھێنابێت بۆ مەسحی گوێ .

(٣) ئەوانەی باسی دەست نوێژی پێغەمبەریان کردووە کەس باسی بەکارھێنانی ئاوی نوێیان نەکردووە بۆ مەسحی گوێ .

ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( جێگیر نەبووە لە پێغەمبەرەوە درود و سەلامی خوای لێ بێت ئاوی نوێی بەکارھێنابێت بۆ مەسح کردنی ھەردوو گوێیەکان ، بەڵکو تەنھا لە ابن عمر نقل کراوە . )) زاد المعاد ج١ لاپەڕە ١٩٥ .

دووەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دەبێت ئاوێکی نوێ بەکاری بھێنی بۆ مەسح کردنی گوێیەکان ، ابن منذر ئەم وتەیە دەداتە پاڵ مالک و شافعی س ئەحمەد ، بەڵگە :

(١) عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بنِ زَيْدٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّهُ رَأَى النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَأْخُذُ لِأُذُنَيْهِ مَاءً غَيْرَ الْمَاءِ الَّذِي أَخَذَهُ لِرَأْسِهِ ، أَخْرَجَهُ الْبَيْهَقِيُّ.

واتە : عبداللە بن زید خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی : پێغەمبەرم بینی دەست نوێژی دەگرت ، بە ئاوێکی تازە ھەردوو گوێچکەی خۆی مەسح دەکرد ، جیا بوو لەو ئاوەی کە سەری خۆی پێ مەسح دەکرد .

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بەکارھێنانی ئاوی نوێ بۆ گوێیەکان لە جیاوازی ڕزگار بوونە و لەپێشترە ، ئەگەر مەسح بکەیت بە ئاوی سەر ئەوە مەسحی دروستە ، چونکە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ئەمەی کردووە . )) المغنی .

وتەی ڕاست وتەی یەکەم ، چونکە ئەم فەرموودەیە ڕیوایەتی بەیھەقی لاوازە .

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سەبارەت بە حوکمی ئەم بابەتە : ڕیوایەتی بەیھەقی بەڵگەیە دەبێت مرۆڤ ئاوێکی تر بۆ گوێیەکان بھێنێت بێجگە لە ئاوی مەسحی سەر ، بەڵام فەرموودەکە جێگیر نەبووە لە پێغەمبەرەوە درود و سەلامی خوای لێ بێت ، ئەگەر لەبەر ئەوە نەبوایا فەرموودە بە یەک ڕوو ھاتووە دەمان گوت :

(١) لەوانەیە پێغەمبەر درود سەلامی خوای لێ بێت ھەندێک جار ئەمەی کردبێت .

(٢) یان لەوانەیە لەبەر ئەوە ئاوی بۆ گوێیەکان ھێنا بێت ، چونکە ئەگەر دەست وشک بوونەوە دەبێت ئاوی بھێنی ، بەڵام لەبەر ئەوەی یەک ڕووی ھەیە و یەک ڕێگای ھەیە ، وە ڕیوایەتی مسلم ھاتووە ئاوێکی نوێی بۆ سەر ھێناوە بێجگە لە گوێیەکان ، ئەوە پێش دەخرێت بەسەر ڕیوایەتی بەیھەقی .

ھەندێک زانا ڕەحمەتی خوایان لێ بێت بە بەڵگەی ڕیوایەتی بەیھەقی دەڵێن : سونەتە ئاوێکی نوێ بۆ گوێیەکان بھێنیت ، بەڵام ئەم وتەیە لاوازە ، بەڵێ ئەگەر دەست بە یەکجاری وشک ببێتەوە و ھیچ تەڕاتی پێوە نەمێنێت ، ئەو کات پێویستی بە تەڕاتی ھەیە و ئاوی نوێ ھەیە ، چونکە بە چ مەسح دەکرێت ئەگەر دەست وشک بوون ، ئەمە تصور دەکرێت ئەگەر ھەوا توند بێت و قژ زۆر بێت ، ئەگەر نا بەزۆر تەڕاتی دەست دەمێنێتەوە . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج١ لاپەڕە ٢٩٧ .

عبداللە بن عبدالرحمان ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( فەرموودەکە دوو ڕیوایەتی ھەیە :

یەکەمیان : : پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت بە ئاوێکی تازە ھەردوو گوێچکەی خۆی مەسح دەکرد ، جیا بوو لەو ئاوەی کە سەری خۆی پێ مەسح دەکرد .

دووەم : پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت بە ئاوێکی تازە سەری خۆی مەسح کرد ، جیا لەو ئاوەی کە دەستەکانی پێ شۆرد ، ئەم ڕیوایەتە ڕاستە لەبەر ئەم ھۆیانە :

(١) ئەم ڕیوایەتە محفوظة ، وە ڕیوایەتی بەرامبەری شازە بەگوێرەی اصطلاحی زانایانی فەرموودە ، فەرموودەی شاز : ئەوەیە ڕاوی فەرموودەیەک دەگێڕێتەوە پێچەوانەی کەسێک متمانەی زیاترە و لەخۆی متمانە ترە ، بە ڕووێک لە ڕووەکانی ترجیح کردن .

(٢) ڕیوایەتی یەکەم أخرجە البیھقی ، بەڵام ڕیوایەتی دووەم لە لای مسلمە ، ڕیوایەتی مسلم صحیح ترە .

(٣) پێشتر باسمان کرد فەرموودەی عن عَبْدِ اللَّهِ بنِ عَمْرٍو رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا فِي صِفَةِ الْوُضُوءِ قَالَ : ثُمَّ مَسَحَ بِرَأْسِهِ وَأَدْخَلَ إِصْبَعَيْهِ السَّبَّاحَتَيْنِ فِي أُذُنَيْهِ ، وَمَسَحَ بِإِبْهَامَيْهِ ظَاهِرَ أُذُنَيْهِ ، أَخْرَجَهُ أَبُو دَاوُدَ وَالنَّسَائِيُّ ، وَصَحَّحَهُ ابْنُ خُزَيْمَةَ .

واتە : لە عَبْدِ اللَّهِ بنِ عَمْرٍو دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت سەبارەت بە دەست نوێژ دەفەرمووێت : پاشان مەسحی سەری کرد و ھەردوو پەنجەی شایەتوومان خستە ناو ھەردوو گوێ ، وە بە ھەردوو پەنجەی گەورە دەرەوەی ھەردوو گوێی مەسح کرد .

باسی ئاوی نوێی نەکردووە بۆ مەسح کردنی گوێیەکان .

چوارەم : باسمان کرد گوێیەکان لەسەرن ، ھەردووکیان داخلی سەر دەبم لە زمانەوانی و شەرع .

پێنجەم : ابن قیم دەفەرمووێت : جێگیر نەبووە ە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ئاوی نوێی بۆ گوێیەکان ھێنا بێت . )) توضیح الأحکام ج١ لاپەڕە ١٨٦ .

پوختەی وتەی زانایان :

(١) مەسح کردنی گوێیەکان بە ئاوی مەسحی سەر دەکرێ ، نەک ئاوێکی تری نوێی بۆێ بھێنیت ، کە ئەمە وتەی ڕاستی زانایانە .

(٢) ھەر کەسێک ئاوێکی نوێ بەکاربھێنێی بۆ مەسحی گوێیەکان بێجگە لە ئاوی مەسح کردنی سەر ، ئەوە مەسح کردنی گوێیەکانی دروست و دەست نوێژی دروستە .

(٣) ئەگەر دەست بە یەکجاری وشک ببێتەوە و ھیچ تەڕاتی پێوە نەمێنێت ، ئەو کات پێویستی بە تەڕاتی و ئاوی نوێ ھەیە بۆ مەسحی گوێ ، چونکە بە چ مەسح دەکرێت ئەگەر دەست وشک بوون .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام