سەردێری پرسیار:نوێژ چۆن دەکرێت ؟

بەرواری دانان :2019-01-08 کۆدی پرسیار:968

پرسیار:

پرسیار : نوێژ چۆن دەکرێت ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : زانایان دەڵێن نوێژ بەم شێوەیە دەکرێت :

یەکەم : ئەگەر ھەستایی بۆ نوێژ دەبێت ڕووت لە قیبلە بێت بۆ نوێژی واجب و سونەت ، ڕووکردنە قیبلە یەکێکە لە ڕووکنەکانی نوێژ ھەر کەسێک بە ئەنقەست تەرکی بکات نوێژێ دروست نییە .

ڕووکردنە قیبلە لادەچێت لەسەر کەسێک نوێژی ترس دەکات ، یان کەسێک نەخۆشە ، یان لەناو کەشتی یە ، یان لەناو فڕۆکەیە ئەگەر ترسی ئەوەی ھەبێت کاتی بڕوات ، ھەروەھا دروستە تەنھا نوێژی سونەت لەسەر پشتی ئاژەڵ بکەیت لە سەفەر .

دووەم : دەبێت لەسەر قاچ بوەستیت ، نابێت بە دانیشتنەوە نوێژی واجب بکەیت بێ عوزر ، نوێژی سونەت بەرفراوانی تێدایە دەتوانی بە دانیشتنەوە بکەیت بەڵام پاداشتی کەمترە .

سێیەم : دەبێت نییەتت ھەبێت فلانە نوێژ دەکەم بە دڵ دیاری بکەیت ، وەک نوێژی نیوەڕۆ یان عصر ، یان سونەتەکانی ، نابێت نییەت بە زمان بوترێ چونکە داھێنراوە .

چوارەم : اللە أکبر دەڵێیت ، ئەمە ڕوکنی نوێژە ، ھەر کەسێک تەرکی بکات نوێژی بەتالە ، وە دەستەکانت بەرز دەکەیتەوە لەگەڵ اللە أکبر ھەتا بەرامبەر شان یان گوێ ، وە دەست لە نەرمایی گوێ دان بە پەنجەی گەورەی دەست ھیچ ئەصل و ئەساسێکی نییە ، دەست بەرز کردن و وتنی اللە أکبری سەرەتا نوێژ سێ حالەتە ، ھەرسێکیان دروستن :

حالەتی یەکەم : دەستەکانت بەرز دەکەیت لەگەڵ اللە أکبر .

حالەتی دووەم : دەستەکانت بەرز دەکەیت پێش اللە أکبر .

حالەتی سێیەم : دەستەکانت بەرز دەکەیت دوای اللە أکبر .

پێنجەم : دەستەکان لەسەر یەکتر دادەنێیت ، دەستی ڕاست لەسەر دەستی چەپ دادەنێیت ، شوێنی دانانی لەسەر سینگ دادەنرێت ، دەبێت سەیری شوێنی سوجدە بکات و نابێت ئاوڕ بداتەوە بۆ لای ڕاست و چەپ .

شەشەم : دوعای سەرەتایی نوێژ دەکات ، ئەم دوعایە سونەت ، وە چەندین دوعا ھاتوون کورترین و ئاسانترینیان ئەمەیە : (( سٌبحانك الله وبحمدِك , وتبارك اسمٌك وتعالى جدُّك , ولا إله غيرك )) .

حەوتەم : قورئان دەخوێنیتەوە ، سەرەتایی خوێندنەوە سونەتە إستعاذە بڵێیت ، واتە : (( أعوذ بالله من الشيطان الرجيم )) ، دەتوانیت یەکێک لەم سێ جۆرانەی إستعاذە بڵێیت :

(١) أعوذ بالله من الشيطان الرجيم .

(٢) أعوذ بالله من الشيطان الرجيم ؛ من همزه , ونفخه , ونفثه .

(٣) أعوذ بالله السميع العليم من الشيطان ؛ من همزه , ونفخه , ونفثه .

پاشان بسم اللە الرحمان الرحیم دەخوێنیت بە نھێنی جا ئەو نوێژە بێت کە بە نھێنی قورئانی تێدا دەخوێنیت یان بە ئاشکرا ، پاشان سورەت فاتیحە دەخوێنیت کە ڕوکنی نوێژە ، ھەر کەسێک نەتوانێت سورەت فاتیحە بخوێنێت ئەم زیکرە لە شوێنی فاتیحە دەخوێنێت : (( سبحان الله , والحمد لله , ولا إله إلا الله , والله أكبر , ولا حول ولا قوة إلا بالله )) .

پاشان لە دوای سوڕەت فاتیحە سوڕەتێکی تر دەخوێنیت کە سونەتە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان .

ھەشتەم : ڕکوع دەبەیت ، دوای تەواو بوون لە قورئان خوێندنەوە کەمێک خۆت بێ دەنگ دەکەیت ، پاشان دەستەکانت بەرز دەکەیت و اللە أکبر دەڵێیت و ڕکوع دەبەیت ، دەستەکانت لەسەر ئەژنۆ دادەنێیت و پەنجەکان لێک فراوان دەکەیت و پشتت ڕاست دەکەیت ، سەرت نە زۆر نزم دەکەیت و نە بەرز دەکەیت ، بەڵکو ڕاست دەکەیت لەگەڵ پشت ، لە ڕکوع سێ جار یان زیاتر دەڵێیت : (( سُبحان ربي العظيم )) .

نۆیەم : لە ڕکوع ھەڵدەستیتەوە ، بەرز کردنەوەی پشت و ھەستانەوە لە ڕکوع ڕوکنێکی نوێژە ، لەکاتی ھەستانەوە دەڵێیت : (( سمع اللە لمن حمدە )) ، ئەمەیان واجبە ، سونەتە دەستەکانت بەرز بکەیتەوە کاتی ھەستانەوە ، پاشان ڕاست دەبیتەوە نابێت پەلە بکەیت ، دوای ڕاست بوونەوە دەڵێیت : (( ربَّنا ولكَ الحمدُ )) .

دەیەم : سوجدە دەبەیت ، کاتی چوونە سوجدە اللە أکبر دەڵیت و سونەتە ھەندێک جار دەستەکانت بەرز بکەیتەوە ، کاتی چوونە سوجدە دەستەکانت دادەنێیت پێش ئەژنۆکانت ، دەستەکانت بەرامبەر شان یان گوێ دادەنێیت ، ئانیشکەکانت لە زەوی دەکەیتەوە و لەسەر زەوی دانانێیت ، نێو چاوان و لووت لەسەر زەوی دادەنێیت ، وە ئەژنۆکان و سەری قاچەکان ، دەبێت لە سوجدە بمێنیتەوە و پەلە نەکەیت ، لە سوجدە سێ جار یان زیاتر دەڵێیت : (( سبحان ربي الأعلى )) .

پاشان لە سوجدە ھەلدەستیتەوە اللە أکبر دەڵێیت ، دادەنیشیت و پەلە ناکەیت و سونەت لە کاتی دانیشتنی نێوان دوو سوجدەکان ئەم دوعایە بخوێنیت : (( اللهم اغفرْ لي , وارحمني واجبرني , وارفعني , وعافني , وارزقني )) یان ئەمەیان بخوێنیت : (( رب اغفر لي , رب اغفر لي )) .

پاشان سوجدەیەکی تر دەبیتەوە و اللە أکبر دەڵێیت وەک سوجدەی یەکەم ، پاشان ھەڵدەستیتەوە بۆ ڕەکاعەتێکی تر بە ھەمان شێوەی ڕەکاعەتی یەکەم نوێژ دەکەیت ، بەڵام دوعای سەرەتا نوێژ ناخوێنیتەوە و سونەتە سورەتی دوای فاتیحە کورت تر بێت لە ڕەکاعەتی یەکەم .

یازدەم : تەحیات خوێندن لە دانیشتنی ڕەکاعەتی دووەم وچوارەم یان سێیەم ، ئەگەر نوێژێک دوو تەحیاتی تێدا بوو لە تەحیاتی یەکەم بەم شێوەیە دەخوێنیت : (( التحيات لله , والصلوات , والطيبات , السلام عليك أيها النبي ورحمة الله وبركاته , السلام علينا وعلى عباد الله الصالحين , أشهد أن لا إله إلا الله , وأشهد أن محمداً عبده ورسوله )) ھەتا ئێرە دەخوێنیت ، ئەگەر سەلاواتیش بخوێنیت بەرفراوانی تێدایە .

بەڵام لە تەحیاتی کۆتایی بەم شێوەیە دەخوێنیت : (( التحيات لله , والصلوات , والطيبات , السلام عليك أيها النبي ورحمة الله وبركاته , السلام علينا وعلى عباد الله الصالحين , أشهد أن لا إله إلا الله , وأشهد أن محمداً عبده ورسوله .

اللهم صل على محمد وعلى آل محمد كما صليت على إبراهيم وعلى آل إبراهيم , إنك حميد مجيد , اللهم بارك على محمد  وعلى آل محمد , كما باركت على إبراهيم وعلى آل إبراهيم , إنك حميد مجيد . )) پاشان سونەتە دوعا بکەیت دوای سەلاوات لێدان لەسەر وتەی زۆربەی زانایان .

دوازدەم : سەلام دانەوە ، دوای تەواو بوون لە خوێندنەوەی تەحیات و سەلاوات و دوعا کردن دەبێت سەلام بدرێتەوە ، سەرەتا سەلام بۆ لای ڕاست دەدەیتەوە پاشان بەلای چەپ سەلام دەدەیتەوە ، کاتی سەلام دانەوە ئەم سێ جۆرە سەلامە ھەیە بەئارەزووی خۆت دەتوانی یەکێکیان بڵێیت :

(١) بەلای ڕاست دەڵێیت : السلام عليكم ورحمة الله وبركاته ، بەلای چەپ دەڵێیت : السلام عليكم ورحمة الله .

(٢) بەلای ڕاست دەڵێیت : السلام عليكم ورحمة الله ، بەلای چەپ دەڵێیت : السلام عليكم ورحمة الله .

(٣) بەلای ڕاست دەڵێیت : السلام عليكم ورحمة الله ، بەلای چەپ دەڵێیت : السلام عليكم .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام