سەردێری پرسیار:حوکمی دەست خستنە نێوان پەنجەکان بۆ دەست نوێژ ؟

بەرواری دانان :2019-01-07 کۆدی پرسیار:965

پرسیار:

پرسیار : حوکمی دەست خستنە نێوان پەنجەکان بۆ دەست نوێژ ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : زانایان دەڵێن تخلیل الأصابع : واتە : ئاو گەیاندن بە دەست بۆ نێوان پەنجەکان ، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە دەست خستنە نێوان پەنجەکان دوو وتە ھەیە :

یەکەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دەست خستنە نێوان پەنجەکان واجبە ، وە جیاوازی لەنێوان ھەیە ، ھەندێکیان دەڵێن واجبە بۆ پەنجەکانی دەست و قاچ ، ھەندێکی تر دەڵێن بۆ پەنجەی دەست سونەتە ، بەڵام بۆ پەنجەی قاچ واجبە ، چونکە پەنجەی قاچ بە زەحمەت ئاو دەچێتە نێوانیان ، کە ئەمە وتەی مالکییەکانە ، بەڵگە :

(١) عن لَقِيطِ بْنِ صَبِرَةَ قَالَ : قُلْتُ : يَا رَسُولَ اللَّهِ أَخْبِرْنِي عَنْ الْوُضُوءِ قَالَ : (( أَسْبِغْ الْوُضُوءَ وَخَلِّلْ بَيْنَ الْأَصَابِعِ وَبَالِغْ فِي الِاسْتِنْشَاقِ إِلَّا أَنْ تَكُونَ صَائِمًا )) أبو داود (142) والترمذي (788) .

واتە : لقیط بن صبرة دەفەرمووێت : وتم : ئەی نێردراوی خوا خەبەرم پێ بدە بۆ دەست نوێژ ، فەرمووی : (( بەتەواوی دەست نوێژ بشۆرە و دەست بخەرە نێوان پەنجەکانت و زۆرباش ئاو لە دەم و لووتت ڕابدە ، بەڵام ئەگەر بەڕۆژوو بوویت زیادەڕەوی مەکە لەئاو لە دەم و لووت ڕادان دا . ))

لەم فەرموودەیە فەرمان کراوە بە دەست خستنە نێوان پەنجەکان ، بەڵگەیە واجبە .

دووەم : زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دەست خستنە نێوان پەنجەکان سونەتە واجب نییە ، ئەگەر ئاو بگاتە نێوان پەنجەکان ، بەڵام ئەگەر ئاو نەگاتە نێوان پەنجەکان ئیلا بە دەست خستنە نێوان پەنجەکان ، ئەوە واجبە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان ، بەڵگە :

(١) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( فاغسلوا وجوھکم .... )) فەرمانی کردووە بە شۆردن ، ئەگەر ئاو بگاتە ئەندامەکانی دەست نوێژ بەسە ، دەست خستنە نێوان پەنجەکان شتێکی زیادە لەسەر شۆردن ، کەواتە سونەتە .

(٢) چەندین فەرموودەی صحیح ھاتوون باسی دەست خستنە نێوان پەنجەکانی نەکردووە ، ئەگەر واجب بوایا باس دەکرا و تەرکی نەدەکرد .

لە الموسوعە الفقھیە باس کراوە : (( گەیاندنی ئاو بۆ نێوان پەنجەکانی دەست و قاچ بە دەست خستنە نێوانیان یان شتی تر لە تەواوکەرەکانی شۆردنە ، ئەوەی فرض بێت لە دەست نوێژ شۆردنە لە لای ھەموو زانایان ، لەبەر وتەی خوای گەورە دەفەرمووێت : " فَاغْسِلُوا وُجُوهَكُمْ وَأَيْدِيَكُمْ إلَى الْمَرَافِقِ وَامْسَحُوا بِرُءُوسِكُمْ وَأَرْجُلَكُمْ إلَى الْكَعْبَيْنِ " .

سەبارەت بە دەست خستنە نێوان پەنجەکان دوای ئەوەی ئاو دەگات بە نێوان پەنجەکان ، لای زۆربەی زانایان حەنەفی و شافعی و حنابلە سونەتە ، لەبەر وتەی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت سەبارەت پرسیاری لقیط بن صبرة : " أَسْبِغْ الْوُضُوءَ , وَخَلِّلْ بَيْنَ الْأَصَابِعِ " ، حەنەفی دەڵێن سونەتێکی جەخت لێکراوە . )) "الموسوعة الفقهية" (11/49) .

ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەروەھا دەست خستنە نێوان پەنجەکان پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت لەسەری بەردەوام نەبووە ، وفي السنن عن المستورد بن شداد : " رأيت النبي صلى الله عليه وسلم إذا توضأ يدلك أصابع رجليه بخنصره " .

ئەمە ئەگەر جێگیر بووبێت ئەوە ھەندێک جار کردوویەتی ، لەبەر ئەوە ئەوانەی باسی دەست نوێژی پێغەمبەریان کردووە و نقلیان کردووە دەست خستنە نێوان پەنجەکانیان باس نەکردووە ، وەک عثمان و عەلی و عبداللە بن زید و ربیع و ئەوانی تر ، لەسەر ئەوەش لە سەنەد عبداللە بن لھیعەی تێدایە . )) زاد المعاد ج١ لاپەڕە ٩٨ .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( فەرمان کردن بە دەست خستنە نێوان پەنجەکان ، ئەم فەرمانە بۆ سونەتە ، ..... )) فتح ذي الجلال والإكرام ج١ لاپەڕە ٢٨٣ .

وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە ، ئەگەر ئاو کەم بێت یان ئاو نەگاتە نێوان پەنجەکان ، ئەوە دەست خستنە نێوان پەنجەکان واجبە ، ئەگەر ئاو زۆر بوو و گەیشتە نێوان پەنجەکان ، ئەوە دەست خستنە نێوان پەنجەکان سونەتە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws. .net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام