سەردێری پرسیار:ئافرەت ئەگەر دوای مناڵ بوون ٥٥ ڕۆژ پاک نەبووەوە نوێژ دەکات یان نە ؟

بەرواری دانان :2019-01-05 کۆدی پرسیار:963

پرسیار:

پرسیار : ئافرەت ئەگەر دوای مناڵ بوون ٥٥ ڕۆژ پاک نەبووەوە نوێژ دەکات یان نە ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : زانایان دەڵێن نابێت ئافرەت نوێژ بکات و ڕۆژوو بگرێت کاتێک تووشی حیض و نفاس دەبێت .

سەبارەت بە ماوەی خوێنی نفاس کەمترین و زۆرترین ئایا چەندە ، جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان .

ابن رشد دەفەرمووێت : (( سەبارەت بە کەمترین ڕۆژەکانی خوێنی نفاس جیاوازی هەیە :

یەکەم : ئیمام مالک بۆ ئەوە چووە کە هیچ سنوری نییە بۆ کەمترین ڕۆژی خوێنی نفاس ، وە ئیمام شافعیش وتەی هەیە .

دووەم : ابو حنیفە و کەسانی تر بۆ ئەوە چوون کە کەمترین ڕۆژی خوێنی نفاس سنوری هەیە ، ابو حنیفە دەلێت : بیست و پێنج ڕۆژ کەمترین ماوەی خوێنی نفاسە .

سێیەم : ابو یوسف هاوەلی ابو حنیفەیە دەلێت : بیست و یەک ڕۆژە .

چوارەم : حەسەنی بەسڕی دەلێت : بیست ڕۆژە .

سەبارەت بە زۆرترین ڕۆژەکانی خوێنی نفاس جیاوازی هەیە :

یەکەم : ئیمام مالک دەلێت شەست ڕۆژە ، پاشان پەشیمان بووە لە وتەی خۆی وتی : پرسیار دەکرێت لە ژنان لەم بابەتە ، هاوەلانی وتەی یەکەمیان لێی جێگیر کردووە ، وە ئەمە وتەی ئیمام شافعیشە کە شەست ڕۆژە .

دووەم : زۆربەی زانایان و هاوەلان بۆ ئەوە چوون کە زۆرترین ڕۆژی خوێنی نفاس چل ڕۆژە ، کە ئەمە وتەی ابو حنیفەیە .

سێیەم : هەندێک جیاوازی دەخەنە نێوان منالی کوڕ و کچ ، دەلێن : منالی کوڕ زۆرترین ڕۆژی خوێنی نفاس بۆ دایکی سی (۳۰) ڕۆژە ، بۆ منالی کچ چل (٤۰) ڕۆژە . )) بدایة المجتهد و نهایة المقتصد ج ۱ لاپەڕە ٥٤٦

وتەی ڕاست کەمترین ڕۆژەکانی خوێنی نفاس سنوری بۆی نییە ، وە زۆرترین ڕۆژەکانی خوێنی نفاس چل (٤۰) ڕۆژە ، کە ئەمە وتەی حەنەفی ، وتەی بەناوبانگی حنابلەیە ، بەلگە :

عن ٲم سملة قالت : (( کانت الفساء تقعد علی عهد رسول اللە صلی الله علیه وسلم بعد نفاسها ٲربعین )) رواە ابوداود (۳۱۱) ، والترمذی (۱۳۹) ، ابن ماجە (٦٤٨) .

واتە : ژنان لەسەردەمی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دوای خوێنی نفاس چل ڕۆژ دادەنیشتن نوێژیان نە دەکرد .

روایەت هاتووە : (( ولم یٲرها النبی صلی الله علیه وسلم بقضاء صلاة النفساء ) صححه الحاكم .

واتە : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت فەرمانی نەکرد بەو ژنانەی منالیان دەبێت نوێژی خۆیان بگێڕنەوە دوای پاک بوونەوە .

هەروەها هیچ بەلگە نەهاتوون بۆ دیار کردنی کەمترین ڕۆژەکانی خوێنی نفاس ، کەواتە کەی خاوێن بوو دەست بەنوێژ دەکات .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی زانراو بێت ئەگەر ژن پێش چل ڕۆژ خاوێن بوو لەسەری واجبە نوێژ بکات ، مەبەستی فەرموودە زۆرترین ماوەی خوێنی نفاس چل ڕۆژە ، نەک کەمترین ماوە ، چونکە کەمترین ماوە سنوری نییه ، ژن هەیە دە ڕۆژ پاک دەبێتەوە ، هەیە بیست ڕۆژ ، هەیە پێنج ڕۆژ ، هەیە خوێنی لێ دەرناچێت بەلکو ئاوی لێ دەردەچێت نەک خوێن ، کەواتە ئەوەی تەنها ئاوی لێ دەردەچێت نفاسی لەسەر نییە .....)) فتح ذي الجلال والإكرام ج۱ لاپەڕە ۷۳٨

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام