پرسیار : ئایا سیواک پێش دەست نوێژ دەکرێت یان کاتی ئاو لەدەم وەردان دەکرێت ؟
وەڵام : عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ عَنْ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنَّهُ قَالَ : (( لَوْلا أَنْ أَشُقَّ عَلَى أُمَّتِي لَأَمَرْتُهُمْ بِالسِّوَاكِ مَعَ كُلِّ وُضُوءٍ )) أَخْرَجَهُ مَالِكٌ وأَحْمَدُ وَالنَّسَائِيُّ ، وَصَحَّحَهُ ابْنُ خُزَيْمَةَ ، وَذَكَرَهُ الْبُخَارِيُّ تَعْلِيقًا .
واتە : لە ئەبو ھوڕەیڕەوە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت ئەویش لە پێغەمبەرەوە درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرموویەتی : (( ئەگەر گران و ناڕەحەت نەبوایا لەسەر ئومەتەکەم ، ئەوا فەرمانم پێ ئەکردن بە سیواک کردن لەگەڵ ھەموو دەست نوێژێکدا . ))
ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە سونەتە سیواک بکرێت کاتی دەست نوێژ ، بەڵام فەرموودەک باسی نەکردووە پێش دەست نوێژ سیواک دەکرێ یان کاتی ئاو لەدەم وەردان ، لەبەر ئەوە جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان دوو وتە ھەیە :
یەکەم : ھەندێک زانا دەڵێن سونەتە پێش دەست نوێژ سیواک بکرێت ، سیواک دەکرێت پاشان دەست نوێژ ھەلدەگیرێت ، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و شافعییە ، بەڵگە :
(١) فەرموودەکە دەفەرمووێت : (( عند کل وضوء )) ، ھەروەھا ڕیوایەت ھاتووە دەفەرمووێت : (( عند كل صلاة . )) ، لێرە مەبەست پێی پێش نوێژە ، سەبارەت بە دەست نوێژیش بەھەمان شێوە ، مەبەست پێی پێش دەست نوێژە .
(٢) فەرموودەی ابن عباس ڕیوایەتی موسلیم باسی شەو نوێژی پێغەمبەر دەکات درود و سەلامی خوای لێ بێت : (( فاستیقظ وتسوك وتوضأ ، .... )) ، واتە لەخەو ھەستا و سیواکی کرد و دەست نوێژی گرت .
دووەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون سونەتە سیواک لەناو دەست نوێژ بکرێت ، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە ، بەڵگە :
(١) فەرموودەکە دەفەرمووێت : (( مع کل وضوء )) ، مع تفيد المصاحبة ، والمصاحبة فيها نوع من المداخلة .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( " مع کل وضوء " دەست نوێژی سونەت و واجب دەگرێتەوە ، پێغەمبەر ڕوونی نەکردۆتەوە شوێنی سیواک چ شوێنێکە ، ئایا پێش دەست نوێژ گرتنە یان لەناو دەست نوێژ گرتن یان دوای دەست نوێژ گرتن ؟
فەرموودەکە مطلقە و ڕوونی نەکردۆتەوە ، بەڵام زانایان ڕەحمەتی خوایان لێ بێت ئەوەیان ھەلبژاردووە سیواک لە کاتی ئاو لەدەم وەردان بکرێت ، دەڵێن : چونکە ئەو شوێنە شوێنی خاوێن کردنی دەمە ، گونجاوە لە کاتی ئاو لەدەم وەردان بکرێت . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج١ لاپەڕە ٢٣٦ .
ھەردوو وتە بەڵگەیان ھەیە ، بەڵام لە ڕووی جێگیر بوون لە پێغەمبەرەوە وتەی یەکەم نزیکترە چونکە ڕیوایەتی مسلم ڕوون ئاشکرایە ، دەتوانی بڵێی بەرفراوانی تێدایە ، دەتوانی پێش دەست نوێژ یان کاتی ئاو لەدەم وەردان سیواک بکەیت .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net