پرسیار // ژن ئەگەر منالی بوو تا چەند ڕۆژ دروستە نوێژ نەکات ؟ ئایا جیاوازی هەیە لەنێوان منال بوون بە سروشتی و منال بوون بە نەشتەرگەری ؟
وەلام // نفاس : خوێنێکە لە ئافرەت دەردەچێت لە کاتی مناڵ بوون یان پێش مناڵ بوون بە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ بەلام دەبێت ئازاری لەگەل بێت پێش مناڵ بوون ، بەلام ئەو ئاوەی لێی دەردەچێت بە نفاس حساب ناکرێت ، هەروەها ئەوەی پێش مناڵ بوون دێت ئەگەر ئازاری لەگەل نەبوو بە نفاس حساب ناکرێت .
بەو ژنەی کە منالی دەبێت پێی دەلێن نفساء ، وەرگیراوە لە (( نفس اللە کربتها )) چونکە ژنی سک پڕ لە کاتی مناڵ بوون یان پێش مناڵ بوون تووشی ئازار و نەخۆشی گەورە دەبێت ، فٳذا ولدت نفس الله كربتها ، كاتێک مناڵی دەبێت خوای گەورە نەفەسی لێ دەکاتەوە و لەو ئازار و نەخۆشییە ڕزگاری دەبێت .
زانایان دەلێن ژن سێ خوێنی لە فەرجی دەردەچێت :
(۱) النفاس : خوێنێکە دوای مناڵ بوون دەردەچێت .
(۲) الحیض : خوێنێکە هەموو مانگێک جارێک لە ئافرەت دەردەچێت ، ئافرەت بۆ ئافرەت جیاوازە بۆ ڕۆژەکانی .
(۳) الاستحاضة : خوێنێکە لە ئافرەت دێت کاتی هەلگرتنی شتی قورس یان لێدانێکە لە شەیتانەوە کە فەرموودە ئاماژەی بۆی کردووە .
نابێت ئافرەت نوێژ بکات و ڕۆژوو بگرێت کاتێک تووشی حیض و نفاس دەبێت .
سەبارەت بە ماوەی خوێنی نفاس کەمترین و زۆرترین ئایا چەندە ، جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان .
ابن رشد دەفەرمووێت : (( سەبارەت بە کەمترین ڕۆژەکانی خوێنی نفاس جیاوازی هەیە :
یەکەم : ئیمام مالک بۆ ئەوە چووە کە هیچ سنوری نییە بۆ کەمترین ڕۆژی خوێنی نفاس ، وە ئیمام شافعیش وتەی هەیە .
دووەم : ابو حنیفە و کەسانی تر بۆ ئەوە چوون کە کەمترین ڕۆژی خوێنی نفاس سنوری هەیە ، ابو حنیفە دەلێت : بیست و پێنج ڕۆژ کەمترین ماوەی خوێنی نفاسە .
سێیەم : ابو یوسف هاوەلی ابو حنیفەیە دەلێت : بیست و یەک ڕۆژە .
چوارەم : حەسەنی بەسڕی دەلێت : بیست ڕۆژە .
سەبارەت بە زۆرترین ڕۆژەکانی خوێنی نفاس جیاوازی هەیە :
یەکەم : ئیمام مالک دەلێت شەست ڕۆژە ، پاشان پەشیمان بووە لە وتەی خۆی وتی : پرسیار دەکرێت لە ژنان لەم بابەتە ، هاوەلانی وتەی یەکەمیان لێی جێگیر کردووە ، وە ئەمە وتەی ئیمام شافعیشە کە شەست ڕۆژە .
دووەم : زۆربەی زانایان و هاوەلان بۆ ئەوە چوون کە زۆرترین ڕۆژی خوێنی نفاس چل ڕۆژە ، کە ئەمە وتەی ابو حنیفەیە .
سێیەم : هەندێک جیاوازی دەخەنە نێوان منالی کوڕ و کچ ، دەلێن : منالی کوڕ زۆرترین ڕۆژی خوێنی نفاس بۆ دایکی سی (۳۰) ڕۆژە ، بۆ منالی کچ چل (٤۰) ڕۆژە . )) بدایة المجتهد و نهایة المقتصد ج ۱ لاپەڕە ٥٤٦
وتەی ڕاست کەمترین ڕۆژەکانی خوێنی نفاس سنوری بۆی نییە ، وە زۆرترین ڕۆژەکانی خوێنی نفاس چل (٤۰) ڕۆژە ، کە ئەمە وتەی حەنەفی ، وتەی بەناوبانگی حنابلەیە ، بەلگە :
عن ٲم سملة قالت : (( کانت الفساء تقعد علی عهد رسول اللە صلی الله علیه وسلم بعد نفاسها ٲربعین )) رواە ابوداود (۳۱۱) ، والترمذی (۱۳۹) ، ابن ماجە (٦٤٨) .
واتە : ژنان لەسەردەمی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دوای خوێنی نفاس چل ڕۆژ دادەنیشتن نوێژیان نە دەکرد .
روایەت هاتووە : (( ولم یٲرها النبی صلی الله علیه وسلم بقضاء صلاة النفساء ) صححه الحاكم .
واتە : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت فەرمانی نەکرد بەو ژنانەی منالیان دەبێت نوێژی خۆیان بگێڕنەوە دوای پاک بوونەوە .
هەروەها هیچ بەلگە نەهاتوون بۆ دیار کردنی کەمترین ڕۆژەکانی خوێنی نفاس ، کەواتە کەی خاوێن بوو دەست بەنوێژ دەکات .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی زانراو بێت ئەگەر ژن پێش چل ڕۆژ خاوێن بوو لەسەری واجبە نوێژ بکات ، مەبەستی فەرموودە زۆرترین ماوەی خوێنی نفاس چل ڕۆژە ، نەک کەمترین ماوە ، چونکە کەمترین ماوە سنوری نییه ، ژن هەیە دە ڕۆژ پاک دەبێتەوە ، هەیە بیست ڕۆژ ، هەیە پێنج ڕۆژ ، هەیە خوێنی لێ دەرناچێت بەلکو ئاوی لێ دەردەچێت نەک خوێن ، کەواتە ئەوەی تەنها ئاوی لێ دەردەچێت نفاسی لەسەر نییە .....)) شرح بلوغ المرام ج۱ لاپەڕە ۷۳٨
هیچ جیاوازی نییە لەنێوان منال بوونی سروشتی و نەشتەرگەری ، کەی خوێن دەرچوو نفاسە ئەگەر خوێنی لێ نەهات تەنها ئاو بوو ئەوە تووشی نفاس نەبووە .
تێبینی / خەلکی کوردستان شافعی مەزهەبن ژنان نوێژ ناکەن هەتا شەست ڕۆژ ئەمە هەلەیە و پێچەوانەی فەرموودەیە ، ئیسلام لەوە گەورەترە لە یەک مەزهەب دا کۆی بکەیتەوە ، نابێت لە چل ڕۆژ زیاتر واز لە نوێژ بهێنی ، دوای چل ڕۆژ یان خاوێن بووە ئەوە گومانی تێدا نییە نوێژ دەکات ، یان ئەگەر خوێنی بینی ئەوە سەیری دەکات ئەگەر حیض بوو ئەوە دیارە نوێژ ناکات ، ئەگەر الاستحاضة نوێژ دەکات .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ