پرسیار // ئایا دروستە ژن ئەگەر تووشی حیض و نیفاس بوو قورئان بخوێنێت ؟
وەلام // جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان دوو وتەی هەیە سەبارەت بە خوێندنەوەی قورئان بۆ حائض :
یەکەم // زۆربەی زانایان دەلێن حەڕامە ژن لە کاتی حیض قورئان بخوێنێت ، ئیلا ئەگەر وەک زیکر یان دوعا بخوێنێت ئەمەیان دروستە ، نموونە خوێندنەوەی ئایەت کورسی لە کاتی نووستن ئەمە وەک زیکر دەخوێنێت ، یان وەک دوعا دوعایێک لە دوعاکانی قورئان دەکات ، نموونە : (( ربنا لاتزغ قلوبنا بعد اذا هدیتنا.....)) .
ئیمام شافعی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : دروستە بەمەبەستی زیکر بخوێنی نەک قورئان خوێندنەوە .
ئیمام احمد ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەلێت : ڕوخسەت هەیە یەک ئایەت یان چەند ئایەتێک بخوێنی .
بەلگەی کە حەڕامە قورئان بخوێنێت :
(ٲ) عن ابن عمر ان النبی صلی الله علیه وسلم قال :(( لاتقرٲ الحائض والجنب شیئا من القران )) رواە الترمذی (۱۳۱) ، وابن ماجە (٥۹٥) ، واتە : با هیچ لە قورئان نەخوێنێت ئەوەی لەش گران و تووشی حیض بووه .
(ب) فەرموودەی عەلی هاتووە بەلگەیە نابێت لەش گران قورئان بخوێنێت ، کەواتە حائض قیاس دەکەین لەسەر لەش گران ، چونکە هەردووکیان خۆشۆردن واجبە وە لێک نزیکن.
دووەم // هەندێک زانا دەلێن دروستە حائض قورئان بخوێنێت ، کە ئەمە وتەی ئیمام مالک و وتەیێکە لە وتەکانی احمد ، ابن تیمییە ، شەوکانی ،الالبانی ، ابن بازە ، بەلگە :
(ٲ) خوای گەورە فەرمانی کردووە بە خوێندنەوەی قورئان ، وە پاداشتێکی زۆر بۆ ئەوانە هەیە کە قورئان دەخوێننەوە، کەواتە ڕێگری کردن لە خوێندنەوەی قورئان بۆ حائض شتێکی زۆر گەورەیە ، دەبێت بەلگەیەکی ڕوون ئاشکرا هەبێت ، هیچ بەلگەی ڕاست نەهاتوون، وە ژنان لەسەردەمی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت تووشی حیض بووینه نقل نەکراوە کە ڕێگریان لێ کرابێ لە خوێندنەوەی قورئان، وە ئەسل وایە دروستە قورئان بخوێنیتەوە ئیلا بەلگە هاتبێت .
(ب) فەرموودەی ابن عمر دەکەنە بەلگە ، بەلام فەرموودەکە لاوازە ، ابن تیمیە ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە مجموعة فتاوی ج۲۱ لاپەڕە ٤٦۰ دەلێت : (( وهو حدیث ضعیف باتفاق اهل المعرفة و الحدیث ))واتە : حەدیسێکی لاوازە بە یەک دەنگی زانایانی فەرموودە ناسەکان.
(ج) قیاس کردنی حائض لەسەر لەش گران لێک جیاوازن ، چونکە :
(۱) لەش گران بەویستی خۆی دەتوانێ لەش گرانی لاببات خۆی بشوات بەلام حائض ناتوانێت لەش گرانی لەسەر خۆی لاببات هەتا پاک نەبێتەوە.
(۲) لەش گرانی ماوەکەی کەمە ، بەلام حیض ماوەکەی زۆرترە ، کەژن بۆ ژن جیاوازە لە ماوەی حیض دا.
(د) ئەگەر ژن مەنع بکەی لە قورئان خوێندنەوە ، ئەوا مەنعت کرد لە پاداشتێکی زۆر ، وە دەبێتە هۆی لەبیر کردنی قورئان ، وە ئەگەر ژن مامۆستای قورئان بێت دەبێتە هۆی ئەوەی دەرسەکانی بەجوانی بەڕێوە نەچێت ، چونکە جار هەیە ماموستا تووشی حیض دەبێت ، وە جاریش هەیە قوتابی .
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی زانراو بێت ئافرەتان تووشی حەیز بووینە لەسەردەمی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت وە ڕێگری لێ نەکراوە لە خوێندنەوەی قورئان ، ھەروەک چۆن ڕێگری نەکراوە بۆ زیکر و دوعا کردن ....... )) "مجموع الفتاوى" (21 /460)
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دروستە بۆ ئەو ئافرەتانەی تووشی حەیز و نیفاس دەبن قورئان بخوێننەوە بە لەبەر " حفظ " ، چونکە ماوەی حەیز و نیفاس درێژە قیاس کردن لەسەر لەش گران ڕاست نییە ، لەسەر ئەمە دروستە ئافرەتی قوتابی قورئان بێت قورئان بخوێنێ ، ھەروەھا مامۆستاش بۆ تاقیکردنەوە و بێجگە لە تاقیکردنەوە دەتوانێت بە لەبەر بخوێنێ نەک لەسەر قورئان ، ئەگەر پێویستی بە قورئان بوو بۆ خوێندنەوە ھیچی تێدا نییە بەلام دەبێت بەربەست ھەبێت بۆ دەست لێدان )) "مجموع فتاوى ابن باز" (6 /360)
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : ((.....نزیکتر ئەوەیە کە حائض دەتوانێت قورئان بخوێنێت ئەگەر پێویست بوو ، ئەکەر نا باشتر وایە خۆی لێ بگرێتەوە .....)) شرح بلوغ المرام ج١ لاپەڕە ٥٩٣
وتەی ڕاست وتەی دووەمە کە دروستە قورئان بخوێنێت .
پوختەی وەلامــــی زانـــــــــایـــــــــان :
(۱) وتەی ڕاست دروستە ئافرەت قورئان بخوێنێ بە لەبەر ، وە ئەم بابەتەی کە باسمان کرد مەبەستمان خوێندنەوەی قورئانە بە لەبەر نەک دەست لەقورئان دان، چونکە دەست لەقورئان دا بە بێ دەست نوێژ و بە لەش گرانی و تووشی بوون بە حیض بابەتێکی ترە .
(۲) ئەگەر دروست بێت بۆ حائض قورئان بخوێنێت بە لەبەر لە کاتی حەیز و نیفاس کە ئەمانە بێ دەست نوێژی گەورەن واتە خۆشۆردنیان بەدوای دێت ، کەواتە بۆ کەسێک کە بێ دەست نوێژە ئەولاترە دروست بێت قورئان بخوێنێتەوە بە .
(٣) دروستە قورئان بخوێنی وەک زیکر یان روقیە .
(٤) کاتی حەیز یان نیفاس ئەگەر پێویستی بە قورئان بێت دروستە بەڵام دەبێت بەربەست ھەبێت .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ