سەردێری پرسیار:حوکمی سەلام کردن لە ئافرەت ؟

بەرواری دانان :2018-12-21 کۆدی پرسیار:928

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە سەلام لە ئافرەت بکەم ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // زانایان دەڵێن خوای گەورە فەرمانی کردووە بە بڵاوکردنەوەی سڵاو ، وە واجبە وەڵامی سەلام بدرێتەوە ، وە سەلام لە یەکتر کردن یەکێکە لەو ھۆکارانەی خۆشەویستی دەکەوێتە نێوانیان .

سەلام کردن لە یەکتری گشتی یە ھەموو ئەمانە دەگرێتەوە :

(١) پیاو سەلام لە پیاو بکات .

(٢) ئافرەت سەلام لە ئافرەت بکات .

(٣) پیاو سەلام لە ئافرەتی مەحرەم بکات ، یان ئافرەت سەلام لە پیاوی مەحرەم بکات .

ئیلا ئافرەتی بێگانە نەبێت حوکمێکی تایبەتی ھەیە ، ترسی تووش بوون بە فیتنەی تێدایە ، ئافرەتی بێگانە دوو جۆرە :

یەکەم : ئافرەت ھەیە بە تەمەن داچووە و پیرە ، ئەمەیان دەتوانی سەلامی لێ بکەیت .

دووەم : ئافرەت ھەیە گەنجە و بە تەمەن دا نەچووە ، ئەمەیان سەلامی لێ نەکەیت باشترە ، چونکە ئەگەر زۆری تووش بوون بە فیتنەی تێدایە .

پرسیار لە ئیمام مالک کرا ڕەحمەتی خوای لێ بێت : ئایا سەلام بکەم لە ئافرەت ؟

فەرمووی : ئەگەر پیر بێت مەکروھ نییە " واتە دروستە " ، بەڵام ئەگەر گەنج بێت پێم خۆش نییە سەلام لێی بکرێت .

ابن مفلح ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بە ئیمام ئەحمەدیان گوت : سەلام کردن لە ئافرەت ؟

فەرمووی : ئەگەر پیر بێت ھیچی تێدا نییە .

صالح کوڕی ئیمام ئەحمەد دەڵێت : پرسیارم لە باوکم کرد سەلام لە ئافرەت بکەم ؟

فەرمووی : ئەگەر بەتەمەن بێت ھیچی تێدا نییە ، بەڵام ئەگەر گەنج بێت مەھێنە قسە ، واتە داوای قسە کردنی لێ مەکە بە وەڵام دانەوەی سەلام . )) "الآداب الشرعية " (1/ 375) .

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھاوەڵانی ئێمە دەڵێن : ئافرەت لەگەڵ ئافرەت وەک پیاو لەگەڵ پیاوە ، بەڵام ئافرەت لەگەڵ پیاو ، ئەگەر ئافرەتەکە خێزانی بوو یان جارییەی بوو یان مەحرەمێک بوو لە مەحرەمەکانی ، ئەوە ئەو ئافرەتە وەک پیاو وایە بۆ سەلام کردن ، سونەتە ھەردوو لا سەلام لە یەکتری بکەن ، وە واجبە وەڵامی سەلام بدەنەوە ، ئەگەر ئافرەتەکە بێگانە بوو ، ئەگەر جوان بوو و ترسی تووش بوون بە فیتنەی تێدا بوو پیاو با سەلامی لێ نەکات ، ئەگەر سەلامیش بکات دروست نییە وەڵامی بداتەوە ، ئافرەتیش نابێت سەرەتا سەلامی لێ بکات ، ئەگەر سەلامی کرد شایستەی وەڵام دانەوە نییە ، ئەگەر وەڵامی داوە باش نییە بۆی .

ئەگەر ئافرەت پیر بێت و تووشی فیتنە نەبێت دروستە سەلام لەپیاو بکات ، وە واجبە پیاوی وەڵامی سەلامی بداتەوە .

ئەگەر کۆمەڵێک ئافرەت بن پێکەوە پیاوەکان سەلامی لێ دەکەن ، یان کۆمەڵێک پیاو سەلام لە ئافرەتێک دەکەن دروستە ئەگەر ترسی فیتنەی لەسەری یان لەسەریان نەبێت .

روى أبو داود (٥٢٠٤) عن أَسْمَاء ابْنَة يَزِيدَ قالت : مَرَّ عَلَيْنَا النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي نِسْوَةٍ فَسَلَّمَ عَلَيْنَا . صححه الألباني في صحيح أبي داود .

وروى البخاري (٦٢٤٨) عن سَهْلٍ بن سعد قَالَ : كَانَتْ لَنَا عَجُوزٌ تُرْسِلُ إِلَى بُضَاعَةَ ( نَخْلٍ بِالْمَدِينَةِ ) فَتَأْخُذُ مِنْ أُصُولِ السِّلْقِ فَتَطْرَحُهُ فِي قِدْرٍ وَتُكَرْكِرُ حَبَّاتٍ مِنْ شَعِيرٍ ( أي تطحن ) فَإِذَا صَلَّيْنَا الْجُمُعَةَ انْصَرَفْنَا وَنُسَلِّمُ عَلَيْهَا فَتُقَدِّمُهُ إِلَيْنَا" . )) "الأذكار" لاپەڕە ٤٩٧ .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام