سەردێری پرسیار:حوکمی دەست نوێژ گرتن بە ئاوی سارد ؟

بەرواری دانان :2018-12-07 کۆدی پرسیار:887

پرسیار:

پرسیار // حوکمی دەست نوێژ گرتن بە ئاوی سارد ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // زانایان دەڵێن فەرموودە ھاتووە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ألا أدلكم على ما يمحو الله به الخطايا ويرفع به الدرجات... إسباغ الوضوء على المكاره، وكثرة الخطى إلى المساجد، وانتظار الصلاة بعد الصلاة.. )) رواە مسلم .

" إسباغ الوضوء على المكاره " واتە : دەست نوێژ گرتن لە کاتێک دا نەفس پێی خۆش نییە ، وەک : دەست نوێژ گرتن بەئاوی سارد لە زستان دا ، یان دەست نوێژ گرتن بەئاوی گەرم لە ھاوین دا ، یان کاتی ماندوو بوون دا .

زانایان دەڵێن مەبەستی فەرموودەکە ئەوە نییە مرۆڤ لە زستان بە ئەنقەست ئاوی سارد بەکاربھێنێت و بڵێت ئەمە پاداشتی زیاترە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێی کراوە : کامەیان باشترە دەست نوێژ بەئاوی سارد یان بە ئاوی گەرم لە زستان دا ؟

لە وەڵام دا دەفەرمووێت : (( دەست نوێژ بەئاوی گەرم باشترە . )) مجموع فتاوى ورسائل الشيخ محمد صالح العثيمين - المجلد السابع عشر - مقدمة كتاب الزكاة .

ھەروەھا دەفەرمووێت : (( گرانە لەسەر نەفسی مرۆڤ دەست نوێژ بگرێت بە ئاوی سارد و ئاوی گەرم واز لێ بھێنێت ، یان شت ھەیە ئاو پێی گەرم بکات ، وە بڵێت : من ئاوی سارد بەکاردەھێنم بۆ دەست نوێژ ، بۆ ئەوەی ئەم پاداشتە بەدەست بھێنم ، ئەمەیان دروست نییە ، چونکە :

(١) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( مَا يَفْعَلُ اللَّهُ بِعَذَابِكُمْ إِنْ شَكَرْتُمْ وَآمَنْتُمْ )) [ النساء : 147 ] .

(٢) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت پیاوێکی بینی لەبەر خۆر وەستا بوو ، فەرمووی : (( ئەمە چییە ؟ )) وتیان : نەزری کردووە لەبەر خۆر بوەستێت ، نەھی لێ کرد و فەرمانی پێ کرد بچێتە بەر سێبەر ، مرۆڤ فەرمانی پێ نەکراوە و سونەت نییە شتێک بکات لەسەری گران بێت و زیان بەخۆی بگەیەنێت ، بەڵکو عیبادەت چەند ئاسان تر بێت باشترە ، بەڵام ئەگەر ھیچ ڕێگا نەبوو و تووشی ئازار بوو ئەوە پاداشتی بۆی ھەیە لەسەر ئەمە ، چونکە بەویستی خۆی نەبووە . )) شرح ریاض الصالحین .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام