پرسیار // ئایا ئاوی پیس پاک دەبێتەوە ، لە ولاتانی تر ئاوی بەکار ھاتوو پاک دەکەنەوە بە موادی کیمیایی ، ئایا دروستە دەست نوێژ بەو ئاوە بگریت ؟
وەڵام // زانایان دەڵێن ئاوی پیس پاک دەبێتەوە بە ھەر ھۆکارێک ، ئەگەر تام یان بۆن یان ڕەنگی ئاوەکەی لادا .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئاو بەچی پاک دەبێتەوە ئەگەر پیس بوو ؟
دەڵێین : ئاو پاک دەبێتەوە بو ھەر شتێک پیسایی لابدات ، چونکە حوکم دەسووڕێتەوە بەدەوری عیلەت ، مادەم شارع حوکمی پیس بوونی ئاوی معلق کردووە بە گۆڕینی تام یان بۆن یان ڕەنگ ، ھەر کاتێک تام یان بۆن یان ڕەنگی لاچوو ئەوە پاک بۆتەوە بە ھەر ھۆکارێک بێت ، نموونە : ئەگەر ئێمە موادی کیمیایی بکەینە ناو ئاوێک ھەتا پیسایی لادەچێت ، نە تام یان بۆن یان ڕەنگی نەما ، ئەوە ئاوەکە پاکە و دروستە دەست نوێژ بگریت بەو ئاوە ، وە دروستە دار خورما و کشتوکاڵ ئاو بدەیت بەو ئاوە ، وە دروستە بیخۆیتەوە ئەگەر زیانی بۆ مرۆڤ نەبێت ، ..... )) فتح ذي الجلال والإكرام ج١ لاپەڕە ٦٢-٦٣
عبداللە بن عبدالرحمان ال بسام خوا بیپارێزێت فەتوای ھیئة كبار العلماء نقل دەکات دەفەرمووێت : (( بناء لەسەر ئەوەی زانایان باسی دەکەن ئاوی زۆری گۆڕدراو بە پیسایی ، پاک دەبێتەوە ئەگەر گۆڕینەکە بەخۆی لاچوو ، یان بە زیاد کردنی ئاوی تر بەسەر ئەو ئاوە ، یان گۆڕینی لاچوو بەھۆی ماوەیەکی زۆر ، یان خۆر کاریگەری لەسەر ھەبووە ، یان بەھۆی ھەوا ، یان شتی تر ، لەبەر لاچوونی حوکم و عیلەتەکەی ......
لەبەر ئەوەی مجلس وای دەبینێت ئاوەکە پاک دەبێتەوە دوای خاوێن کردنەوەی بە تەواوی ، بەجۆرێک بگەڕێتەوە سەر شێوەی سەرەتایی خۆی ، گۆڕانکاری پیسایی تێدا نەبینرێت لە تام و بۆن و ڕەنگ .
دروستە بەکاری بھێنی بۆ دەست نوێژ و غوسل و لادانی پیسایی ، پاککردنەوە بەو ئەوە دێتە دی ، ھەروەک چۆن دروستە بخۆیتەوە ، ئیلا ئەگەر زیانی تەندروستی ھەبێت ، ئەو کات ڕێگری دەکەین لەبەر پاراستنی نەفس ، ..... )) توضیح الأحکام ج١ لاپەڕە ١٠٨ - ١٠٩
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net