سەردێری پرسیار:حوکمی بەکارھێنانی ئاوی بەکار ھاتوو ؟

بەرواری دانان :2018-11-28 کۆدی پرسیار:869

پرسیار:

پرسیار // حوکمی بەکارھێنانی ئاوی بەکار ھاتوو ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // زانایان دەڵێن ماء المستعمل : واتە : ئاوی بەکارھاتوو : ئەو ئاوەیە مرۆڤ خۆی پێ دەشوات یان دەست نوێژی پێ دەگرێت ، نەک ئەو ئاوە بێت لە قاپێک دایە دەستەکانت دەخەیتە ناوی بۆ دەست نوێژ ھەڵگرتن یان خۆشۆردن .

نموونە : کەسێک دەچێتە ناو بانیۆ پڕ ئاوی کردووە خۆی دەشوات بۆ لەشگرانی ، ئایا دەکرێت خۆی بشوات پاشان جارێکی تر خۆی بە ھەمان ئاو بشواتەوە یان دەست نوێژ ھەڵبگرێت ؟

نموونەی تر : دەست نوێژی ھەڵگرت بە ئاوێک ، ئەو ئاوەی دەست نوێژی پێ دەگرێت دەچێتە ناو قاپێکی ترەوە ، ئایا دەکرێت جارێکی تر ئەم ئاوە بەکار بھێنێتەوە ؟

جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە ئاوی بەکارھاتوو ، دوو وتە ھەیە :

یەکەم : زۆربەی زانایان دەڵێن ئاوی بەکار ھاتوو پاکە بەڵام پاککەرەوە نییە ، ناتوانیت بەکاری بھێنیتەوە بۆ خۆشۆردن و دەست نوێژ و لادانی پیسایی ، بەڵگە :

(١) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نەھی کردووە لە میز کردن و خۆشۆردنی لەشگرانی لە ئاوی وەستاو ، ئەمە بەڵگەیە چۆن میز ئاو پیس دەکات خۆشۆردنی لەشگرانی بەھەمان شێوە ، چونکە دەبێت بە ئاوی بەکارھاتوو ، ئاویی بەکارھاتووش ناتوانی بەکاربھێنیتەوە .

(٢) چونکە بێ نوێژ شتی پیسیش لێی دەردەچێت ، بۆیە نابێت ئاوەکە بەکاربھێنیتەوە .

(٣) نەھی کراوە لەوەی ژن و پیاو خۆیان بشۆن بە بەرماوەی یەکتری ، چونکە پەشک دەکەوێتە ناوی و ناتوانی بەکاری بھێنیتەوە .

دووەم : ھەندێک زانا دەڵێن دروستە ئاوی بەکارھاتوو بەکاربھێنیتەوە بۆ خۆشۆردن و دەست نوێژ و لادانی پیسایی ، کە ئەمە وتەی مالکی و ظاهری و ابن تیمییە و سعدی و ابن باز و ابن عثیمینە ، بەڵگە :

(١) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت و ھاوەڵان دەست نوێژیان ھەڵگرتووە و ئاو بەر جل و بەرگیان کەوتووە ، ئەگەر ئاوەکە پیس بوایا ئەوا جل و بەرگیان دەشوشت .

(٢) ئەصڵ وایە ئاو پاکە ، وە ئیمانداریش پاکە ھەروەک فەرموودە ھاتووە دەفەرمووێت : (( ئیماندار پیس نابێت . )) ، پاک بگات بە پاک چۆن پیس دەبێت .

(٣) چەند فەرموودە ھاتوون پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەست نوێژی گرتووە ، پاشان ئاوی دەست نوێژ بەسەر کەسێکیان دا کردووە یان ھەر یەکەیان بۆ خۆی ھەندێکی بردووە .

(٤) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت خۆی شۆردووە بە بەرماوەی ئاوی خێزانی خۆی کە لەشگران بووە ، ئەم ئاوە سەلامەت نەبووە لەوەی کە پەشکی ئاو نەکەوێتە ناو ئاوەکە .

وتەی ڕاست ئاوی بەکارھاتوو دەتوانیت بەکاری بھێنیتەوە ، بەڵام باشتر وایە بەکاری نەھێنیتەوە چونکە دڵنیاترە و باشترە ، بەتایبەتی بۆ کەسێک وەسواس بێت یان بێز نەدات بەکار بھێنیتەوە .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( وتەی ڕاست ئاوی بەکار ھاتوو پاکە و پاککەرەوەیە ، ئەگەر مرۆڤێک خۆی پاک بکات لەناو حەوزێکی بچووک ، یان قاپێکی گەورە ، پاشان ئەو ئاوەی خۆی پێ پاک کردۆتەوە بکاتە ناو قاپێکی تر ، کەسێکی تر دەست نوێژی پێ بشوات ، ئەوا ھیچی تێدا نییە ئەگەر پیسای تێدا نەبێت و پیس نەبووبێت ، .....

بەڵام واز ھێنان لە بەکارھێنانی ئاوی بەکارھاتوو باشترە لە بابەتی دع ما يريبك إلى ما لا يريبك )) "فتاوى نور على الدرب" (5/272).

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( واز ھێنان لە دەست نوێژ ھەڵگرتن بە ئاوی بەکارھاتوو باشترە و لەپێش ترە ، وەک دەرچوون لە جیاوزییەکە ، ... )) "مجموع فتاوى ابن باز" (10/18).

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام