سەردێری پرسیار: حوکمی کڕین و فرۆشتن لە مزگەوت ؟

بەرواری دانان: 2018-11-09 کۆدی پرسیار: 801

پرسیار:

پرسیار // حوکمی کڕین و فرۆشتن لە مزگەوت ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // زانایان دەڵێن مزگەوت ماڵی خوایە و نابێت کڕین و فرۆشتنی تێدا بکرێت ، بەلگە :

(١) عن عَمْرُو بْنُ شُعَيْبٍ ، عَنْ أَبِيهِ ، عَنْ جَدِّهِ ، قَالَ : (( نَهَى رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَنِ الشِّرَاءِ وَالْبَيْعِ فِي الْمَسْجِدِ )) أحمد (11/257) ، وأبو داود (1079) ، والحديث حسنه الترمذي في جامعه ، والنووي في " رياض الصالحين " ، وابن حجر في " نتائج الأفكار " (1/ 297) ، وغيرهم من العلماء .

واتە : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نەھی کردووە لە کڕین و فرۆشتن لە مزگەوت دا .

(٢) عن أبي هريرة رضي الله عنه أن رسول الله صلى الله عليه وسلم قال : (( إِذَا رَأَيْتُمْ مَنْ يَبِيعُ أَوْ يَبْتَاعُ فِي الْمَسْجِدِ فَقُولُوا : لَا أَرْبَحَ اللَّهُ تِجَارَتَكَ )) الترمذي (1321) ، وصححه الشيخ الألباني رحمه الله في " الإرواء " ( 1295 ) .

واتە : ئەگەر بینیتان یان زانیتان کەسێک فرۆشتن دەکات یان کڕین لەناو مزگەوت ، پێی بڵێن : خوای گەورە قازانج و بەرەکەت نەخاتە نێوان بازرگانییەکەتان .

جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان ئایا ئەم نەھی یە بۆ کەڕاھەتە یان حەڕامی ، وە عەقدی کڕین و فرۆشتن دروستە یان نە ، دوو وتە ھەیە :

یەکەم : زۆربەی زانایان دەڵێن کڕین و فرۆشتن باش نییە لەناو مزگەوت دا بکرێت ، وە عەقدەکەش دروستە ئەگەر کڕین و فرۆشتن کرا ، کە ئەمە وتەی مالک و شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و وتەی ابن قدامە و ابن تیمییە و چەندین زانای ترە ، بەلگە :

(١) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت فەرمانی کردووە بە دوعا کردن لێیان ، ئەمە بەلگەیە بۆ کەڕاھەتە ، وە ڕوونی نەکردۆتەوە کە عەقد پووچە ، ئەگەر پووچ بوایا ڕوونی دەکردەوە ، بەلکو دوعا کردن بەوەی خوای گەورە قازانج نەخاتە ناو بازرگانییەکەتان بەلگەیە کە بازرگانییەکەیان پووچ نییە .

ابن خزیمە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر کڕین و فرۆشتن پووچ بوایا پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نەی دەوت : " لَا أَرْبَحَ اللَّهُ تِجَارَتَكَ " )) " صحيح ابن خزيمة " (2/ 274) .

(٢) کڕین و فرۆشتنەکە کراوە و ھەموو مەرجی تێدایە و دروستە .

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر کڕین و فرۆشتن کرا ، ئەوا دروستە چونکە کڕین و فرۆشتن تەواو بووە بە ڕووکنەکان و مەرجەکانی یەوە ، ھیچ جێگیر نەبووە بۆ پووچ بوونی ، کەڕاھەتی یەکەی دەلالەت لەسەر پووچی ناکات ، وەک غەش و فێل کردن لە کڕین و فرۆشتن دا .

وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت : " قُولُوا : لَا أَرْبَحَ اللَّهُ تِجَارَتَكَ " بێ ئەوەی باسی پووچی کڕین و فرۆشتن بکات بەلگەیە کە دروستە . )) " المغني " (6/383) .

(٣) ھەندێک زانا ئیجماع نقل دەکەن ئەگەر کڕین و فرۆشتن لەناو مزگەوت دا کرا نابێت ھەلبوەشێنرێتەوە .

ابن بطال ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەموو زانایان یەک دەنگن ئەو عەقدەی لە مزگەوت دەکرێت نابێت ھەڵبوەشێنرێتەوە ، ئیلا ئەوە نەبێت مزگەوت دەبێت دوور بێت لە کاروباری دونیا . )) " صحيح ابن خزيمة " (2/ 274) .

دووەم : ھەندێک زانا دەڵێن حەڕامە کڕین و فرۆشتن لەناو مزگەوت دا بکەیت ، وە عەقد دروست نییە ، کە ئەمە وتەی حنابلە و ابن عثیمینە ، بەڵگە :

(١) چونکە دوعا کردن لە کڕیار و فرۆشیار بەلگەیە کە حەڕامە ، وە ئەوەی حەڕام بێت پووچە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر کڕین و فرۆشتن کرا لە مزگەوت ئەوا پووچە ، بەڵگە : ھەموو شتێک نەھی لێی کرا بێت لە عیبادەت و معاملە ، ئەگەر بکرێت لە ڕووی نەھی لێکراو ئەوا پووچە ، ..... )) فتح ذي الجلال والإكرام ج٢ لاپەڕە ٥٦٦

وتەی ڕاست کڕین و فرۆشتن لەناو مزگەوت حەڕامە ، چونکە ئەسڵ لە نەھی بۆ حەڕامی یە ئیلا ئەگەر بەلگە ھاتبێت بۆ کەڕاھەت ، ھیچ بەلگە نەھاتوون کەواتە حەڕامە ، وە ھیچ کێشە نییە ئەگەر بڵێیت حەڕامە و عەقدەکە پووچ نییە وەک چەندین نموونەی ھاوشێوەی ئەمە کە حەڕامە و عەقدەکەی دروستە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام