سەردێری پرسیار: كەسێک زۆر سوێندی خواردووە و کەفارەتیانی نەداوە ، چەند کەفارەت دەدات ؟

بەرواری دانان: 2018-11-08 کۆدی پرسیار: 798

پرسیار:

پرسیار // کەسێک چەند جار سوێندی شکاندووە ، ئایا کەفارەتی ھەموو سوێند شکاندنەکان دەدات ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام // زانایان دەڵێن سوێند شکاندن دوو حالەتە :

حالەتی یەکەم : کەسێک سوێند دەخوات لەسەر شتێک ، دوای سوێندەکە دەشکێنێت و کەفارەت نادات ، جارێکی تریش ھەمان سوێند دەخواتەوە و دەشکێنێت ، ئەمەیان یەک جار کەفارەت دەدات ، بەڵام ئەگەر بۆ جاری یەکەم کە سوێندی شکاند کەفارەتی دا ، پاش کەفارەت دانەکە ھەمان سوێندی پێشووی خوارد و وە شکاندی ، ئەمەیان بۆ جاری دووەمیش کەفارەت دەداتەوە .

نموونە : کەسێک دەڵێت : واللە من جگەرە ناکێشمەوە ، دوای جگەرە دەکێشێتەوە و کەفارەتی سوێند نادات ، جارێکی تر سوێند دەخواتەوە بۆ ھەمان شت دەڵێت : واللە من جگەرە ناکێشمەوە ، پاشان جگەرە دەکێشێتەوە ، لەم حالەتە یەک جار کەفارەت دەدات بۆ ھەردوو سوێند ، بەڵام ئەگەر بۆ جاری یەکەم کەفارەتی دابێت ، پاشان سوێند دووەمی خوارد و شکاندی ، ئەو کات دەبێت بۆ جاری دووەمیش کەفارەتی ھەمان سوێند بدات .

حالەتی دووەم : کەسێک سوێند دەخوات لەسەر چەند شتێکی جیاواز ، وە سوێندەکەش دەشکێنێت ، لەم حالەتە زۆربەی زانایان دەڵێن کەفارەت بۆ ھەر سوێندێک بەجیا دەدات ، چونکە سوێندەکان لێک جیاوازن .

نموونە : سوێند دەخوات دەڵێت : واللە جگەرە ناکێشم ، وە سوێندێکی تر دەخوات : واللە ناڕۆم بۆ فلانە شوێن ، لەم حالەتە دوو کەفارەت دەدات ، چونکە دوو سوێندی لێک جیاوازن .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام