پرسیار // ئایا دروستە بەرتیل وەربگرم بدەم بە ھەژارەکان بۆ ئەوەی سوود مەند بن بەو بەرتیلە ؟
وەلام // زانایان دەلێن بەرتیل وەرگرتن حەڕامە و لە تاوانە گەورەکانە ، نابێت بە ھیچ شێوەیەک بەرتیل بدەیت و وەربگرێت ، ئیلا ئەگەر شتێک مافی خۆت بێت دەتوانی بەرتیل بدەیت و تاوانبار نابیت ، بەلام ئەوەی وەردەگرێت تاوانبار دەبێت و حەڕامێکە وەریگرتووە .
وەرگرتنی بەرتیل بۆ ھەژاران دروست نییە ، دەبێت ڕەتی بکاتەوە و ئەو کەسەش ئامۆژگاری بکات کە بەرتیل دەدات ، نابێت خۆت تووشی حەڕام بکەیت بۆ ئەوەی بکەیت بە خێر ، خوای گەورە پاکە و شتی پاک قبول دەکات نەک خێر کردن بە بەرتیل و دزی و ڕیبا .
زانایان دەلێن مال وەرگیراو بە بەرتیل دوو جۆرە :
یەکەم : کەسێک بەرتیل وەردەگرێت بە مەبەستی دان بە ھەژاران ، ئەمەیان حەڕامە و دروست نییە.
دووەم : کەسێک بەرتیلی وەرگرتووە بۆ خۆی ، پاشان تەوبەی کردووە لەم حالەتە سێ ھەنگاوی لە پێشە :
(١) ئەگەر خاوەنی ئەو بەرتیلە یان خاوەنی ئەو مالەی دۆزییەوە ، ئەوا واجبە مالەکەی بۆی بگەڕێنێتەوە .
(٢) ئەگەر خاوەنی بەرتیل یان خاوەنی مال مردبێت ، ئەوا دەبێت مالەکەی بداتەوە بە میراتگرەکانی .
(٣) ئەگەر خاوەن مال و میراتگرەکانی نەدۆزییەوە و بێ ئومێد بوو لە دۆزینەوەی ، ئەوا سەرف دەکرێت لە مصالحی موسلمان وەک : دروست کردنی مزگەوت یان شوێنی تر یان دان بە ھەژاران .
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( غەزالی دەفەرمووێت : ئەگەر کەسێک مالی حەڕامی لەلا بێت ، بییەوێت تەوبە بکات و لێی ڕزگار بێت ، ئەگەر خاوەنی ھەبێت ئەو مالە یان وەکیل دەبێت بۆی بگەڕێنێتەوە .
ئەگەر خاوەنی مرد بێت دەبێت بگەڕێنێتەوە بۆ میراتگرەکانی ، ئەگەر خاوەنی یان میراتگرەکانی نە ناسێتەوە یان نەدۆزێتەوە یان بێ ئومێد بێت لە دۆزینەوەی ، دەبێت سەرف بکرێت لە مصالح و سوودی عامەی موسلمانان ، وەک مزگەوت و شتی تری عامەی موسلمانان ، ئەگەر نا دەبەخشرێت بەسەر ھەژارەکان .
ئەگەر درا بە ھەژار ئەوا حەڕام نابێت بۆ ھەژار ، بەلکو حەلالە بۆی ، وە بۆی دروستە بەسەر مال و منالی خۆی سەرف بکات ئەگەر ھەژار بن ، چونکە مال و مناڵی ئەگەر ھەژار بن ئەو وەسفەی تێدایە ، بەلکو ئەوان لەپێش ترن بۆ ماڵ پێ بەخشین ، ھەروەھا دروستە بۆ خۆی ھەلبگرێت بە گوێرەی پێویستی . )) "المجموع" (9/428) .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ