پرسیار // هەنگاوەکانی نزیک بوونەوە لە خوا و هۆگر بوونی دڵ بە خالق چین ؟
وەلام // زانایان دەلێن ئەم ژیانە نھێنی یەکی گەورەیە ، بەختەوەری تێیدا ئەو نێچیرە ڕاونەکراوەیە کە سەرجەم مرۆڤایەتی بەدوایدا وێڵن ، بەختەوەری ھەمیشەیی لە ناسین و دۆزینەوەی حەق و ڕاستی دایە ، کە بەو پێ یە لە سەرجەم نھێنی یەکانی ژیان دەگەیت ، ناسین و ژیان لەگەڵ بەدیھێنەری ئەم بوونەوەر و ڕێکخەری سەرجەم بڕیارەکانی ، گەورەترین دەست کەوت و ئامانجە مرۆڤ پێی بگات .
ھۆکارەکانی لەخوا نزیک بوونەوە و ھۆگر بوون بە خوا ئەمانەن :
یەکەم // ناسینی خوای گەورە بەناو و سیفەتەکانی ، مرۆڤ چەند خوای گەورە بناسێت بە ناو و سیفەتەکانی ، ئەوە لە خوا نزیک دەبێتەو و ئیمانی زیاد دەبێت .
باشترین ھۆکاری گەیشتن بە چێژ و خۆشی یەکانی بەھەشت بریتی یە لە ناسین و خۆش ویستنی خوای گەورەیە ئەو بەھەشتەی کە ھەر لە بنەڕەت دا نیشتمانی سەرەکی گیان و جەستەی ئێمە بووە ، واتە : خۆشترین و شیرینترین شت لەم دونیایەدا بریتی یە لە ناسینی خودا و خۆشویستنی ، وە خۆشترین و شیرینترین شت لە بەھەشت بریتی یە لە تەماشاکردن و گەیشتن بە دیداری خوای گەورە ، چ نیعمەتێک ھەیە لە ژیاندا بگاتە نیعمەتێک خۆسازاندن کە بەپەڕی تامەزڕۆییەوە بۆ گەیشتن بە ژوان و دیداری گەورەترین خۆشەویست ، کە سەرجەم دڵ و دەروونی داگیر کردبێت ، تەنانەت ھەندێ لە خۆشەویستان دەلێن : ھەندێ کاتمان بەسەردا تێ دەپەڕێت ئەوەندە ھەست بەخۆشی و دڵنیایی دەکەین ، دەڵێن : ئەگەر بەھەشتی یەکان لەو جۆرە ژیانەی ئێمەدا بن ئەوە ژیانیان خۆشە .
ھەروەھا دەلێن ئەگەر پادشاکان و دار و دەستەکانیان بە خۆشی و شیرینی ژیانی ئێمەیان بزانیایە ، ئەوە شەڕیان لەسەری دەکرد .
خۆشەویستی چارەسەر و خۆراکی ڕووحە ھەر کاتێک دڵ لەم خۆراکە بڕا ئیتر تووشی نەھامەتی دەبێت ، بگرە زۆر ئەستەمترە لە ناخۆشی یەکانی لە دەست دانی ڕووناکی بۆ چاوەکان یاخود لە دەست دانی ھەستی بیستن یان بۆن کردن .
دڵی مرۆڤ ژوانگەی خۆشەویستی خوای تاک و تەنھایە ، بەبێ ئەم وزەیە دڵ تووشی گەورەترین دەرد و نەھامەتی دەبێت ئیتر لە جەستەیەکی ئاژەڵی بەولاوە ھیچی تر نامێنێتەوە کە ئامادەیە وەک دڕندەیەک ھەموو شتێک لە پێناو ئارەزووەکانیدا تێک بشکێنێت .
دووەم // بیر کردنەوە لە ئایەتەکانی خوای گەورە ئایەتی کەونی و شەرعی .
سێیەم // زۆر عیبادەت کردن و گوێڕایەڵی قورئان و سونەت کردن ، چونکە چەند عیبادەت زۆر بێت ئیمان زیاد دەبێت .
زۆر لە موسلمان لە ناخۆشیەک دان دڵیان تەنگە و ھەست دەکەن کە ئیمانیان لاوازە و لەخوا نزیک نین ، ھەیە لێپرسینەوە لەگەڵ نەفسی خۆی دەکات و ھەیە لەسەر ڕێچکەی خۆی بەردەوامە و بێ ئاگایە ، ھەر کەسێک لە خوا نزیک بێت خۆشترین ژیانی ھەیە لە دونیا و قیامەت .
ئیسلام دینی تەسلیم بوونە بۆ خوای گەورە نەک تەسلیم بوون بۆ خەلک ، چەندین موسلمان ھەن واجبەکان یان سونەتەکان ناکەن لەبەر لۆمەی خەلک یان لەبەر سوودێکی دونیایی یان لەبەر بەرژەوەندی حزبەکەی یان بۆ ئەوەی تووشی ناخۆشی نەبێت یان لە کاربەدەستەکان دەترسن ، ئەوەی سەیر بێت دەیەوێت بەو حالە بەرزترین پلەی بەھەشت بە دەست بھێنێت بێ ئەوەی تووشی یەک ناخۆشی ببێت لە پێناو خوا .
گومانی تێدا نییە ئیمانە وات لێ دەکات تەسلیم بیت تەنھا بۆ خوا ، ئیمانە وات لێ دەکات تەنھا خوا لەخۆت ڕازی بکەیت ، ئیمانە وات لێ دەکات حساب بۆ لۆمەی لۆمە کاران نەکەیت ، ئیمانە وات لێ دەکات ئامادە بیت ھەزار جار خۆت بە کوشتن بدەیت بۆ خوا و دینی خوا ، ئیمانە وات لێ دەکات خۆشترین ژیانت ھەبێت لە دونیا و قیامەت .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ