سەردێری پرسیار:حوکمی قەدەر کردنە بەلگە بۆ تاوان ؟

بەرواری دانان :2018-09-28 کۆدی پرسیار:66

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە تاوانبار قەدەری خوا بکاتە بەلگە بۆ تاوانەکانی بلێت ئەمە قەدەری خوایە ، خوا گەورە بۆ منی نووسیووە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن لەڕووی شەرع و لە ڕووی عەقلەوە نابێت قەدەر بکەیتە بەلگە بۆ تاوانەکان ، بەلگە :

یەکەم // خوای گەورە دەفەرمووێت : (( سیقول الذین ٲشركوا لو شاء الله ما ٲشركنا ولا ءاباؤنا ولا حرمنا من شئ كذالك كذب الذین من قبلهم حتی ذاقوا بٲسنا قل هل عندكم من علم فتخرجوه لنا ٳن تتبعون ٳلا الظن وٳن ٲنتم ٳلا تخرصون )) [ الأنعام : ١٤٨ ] .

واتە : ئەوانەی هاوەلایان بۆ خوا دانا دەلێن ئەگەر خوای گەورە ویستبا کە خۆمان و باو و باپیرانمان هاوبەشی بۆ دانەنێن ، قەت هاوبەشمان بۆ دا نەدەنا ، و هیچ شتێکمانشمان لەخۆ حەڕام نەدەکرد ، ئەوانەی پێش ئەمانەش باوەڕیان بە پێغەمبەر نەهێنا و کەوتنە درۆ و دەلەسەو هەلبەستن ، بەدرۆیان خستنەوە ، هەتا سزای ئێمەیان بۆ هات و چەشتیان ، .....

ئەمانە سزادران لەسەر قەدەر کردنە بەلگە ، ئەگەر دروست بوایا سزا نەدەدران ، هەروەها ئەوانەی قەدەر دەکەن بەلگە هەمان ڕای کافری هەیە ، وە زولم دەداتە پاڵ خوای گەورە .

دووەم // قەدەر نهێنیێکی شاراوەیە و هیچ لە دروست کراوەکان نایزانن ئیلا دوای ڕوودانی نەبێت ، چۆن دەبێت بلێیت خوای گەورە بۆ منی نووسیووە کە نوێژ نەکەم یان فلانە تاوان بکەم ، ئایا تۆ ئەو نهێنییە دەزانیت ؟!

سێیەم // خوای گەورە دەفەرمووێت : (( رسلا مبشرین و منذرین لئلا یكون للناس علی الله حجة بعد الرسل و كان الله عزیزا حكیما )) [ النساء : ١٦٥ ] .

واتە : گشتیان پێغەمبەری مژدەدەر و ترسێنەر بوون ، تا دوای ئەو پێغەمبەرانە هیج بەلگە و بیانووێک بۆ ئەو خەلکە نەمێنێ لەلای خوا ، ئەگەر لار و لاسار بوون ، خوا خۆی دەسەلاتدار و لە کارزانە .

ئەگەر وابێت ناردنی پێغەمبەر هیچ سوودێکی نەبووە .

چوارەم // خوای گەورە فەرمانی بە بەندە کردووەو وە ڕێگریشی لێکردووە ، وە داوای لە بەندە نەکردووە لە شتێک کە لە توانای دا نەبێت ، ئەگەر مرۆڤ ناچار بوایا لە کردنی تاوان ئەوا داوای لێکراوە لە شتێک کە لە توانای دا نییە ، کە ئەمەش قسەیەکی پووچە ، هەر لە بەر ئەوەش لە دین جیاوازی کراوە لە نێوان کردنی تاوان بە نەزانین و زۆری لێ کردن لە گەل کردنی تاوان بە ئەنقەست .

پێنجەم // ئەگەر قەدەر کردنە بەلگە دروست بوایا شەیتان بۆ خۆی دەکردە بەلگە ، هەروەها خەلکی دۆزەخیش بۆ خۆیان دەکردە بەلگە .

شەشەم // ئەوانەی قەدەر دەکەنە بەلگە نەفسی خۆیان چواندووە بە منال و شێت ، چونکە ئەمانە کردەوەیان لەسەر نییە ، بەلام ئەگەر پێی بلێیت مامەلەی شێت و مناڵت لەگەل دەکەین بەوە ڕازی نابێت .

حەوتەم // ئەگەر قەدەر کردنە بەلگە قبول بکەیت پێویست بە تەوبە و دوعا و فەرمان کردن بە چاکە و نەهی کردن بە خراپە ناکات ، کە ئەمەش پێچەوانەی قورئان و سونەتە ، هەروەها ئاژاوە دروست دەبێت ، چونکە تاوانبار قەدەر دەکاتە بەلگە ، سنورەکان جێ بەجێ ناکرێن .

هەشتەم // دەلێین بۆچی بۆ دونیا کامە ڕێگا باش و سەلامەتە ئەو هەلدەبژێری ، بەلام بۆ قیامەت ڕێگای خراپ هەڵدەبژێری ، نموونە : ئەگەر کەسێک سەفەر بکات بۆ شارێک ، بۆ چوونە ناو ئەو شارە دوو ڕێگا هەیە ، یەکێکیان سەلامەتە و ئەوی تریان ئاژاوەو شەر و کوشتنی تیایە ، ئایا کامەیان هەلدەبژێری ؟! بێگومان لە هەر کەسێکی عاقل بپرسیت دەلێت ڕێگای سەلامەت ، ئەی بۆچی بۆ دواڕۆژ ڕێگای چوونە بەهەشت هەلنابژێریت ، ڕێگای چوونە دۆزەخ هەلدەبژێریت ؟!

نۆیەم : ...... ..... : .......

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بۆ کەس نییە قەدەر بکاتە بەلگە بۆ تاوانەکانی کە هەموو زانایان یەک دەنگن ، هەروەها دینەکانی تریش .....)) مجموعە الفتاوی ابن تیمییە ج٨ لاپەڕە ۱۷٨

هەروەها سەبارەت بەو کەسانەی قەدەر دەکەنە بەلگە ، ابن تیمییە دەفەرمووێت : (( ئەوانەی بەردەوامن لەسەر ئەم بیرو باوەڕە کافرترن لە گاورو جولەکە.... )) مجموعە الفتاوی ابن تیمییە ج٨ لاپەڕە ۲٦۲ ــ

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام