پرسیار // ئایا نوێژ بە سێ حەرەکە بەتال دەبێت ؟
وەلام // زانایان دەلێن نوێژ بە سێ حەرەکە بەتال نابێت ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نوێژی کردووە و ئومامەی ھەلگرتووە .
ئەبو قەتادە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نوێژی دەکرد ئومامەی کچی زەینەبی ھەلگرتبوو ، کاتێک سوجدەی دەبرد دایدەنا و کاتێک ھەلدەستاوە ھەلی دەگرتەوە . متفق علیە
ریوایەتی مسلم ھاتووە دەفەرمووێت : پێش نوێژی بۆ خەلک دەکرد لە مزگەوت .
ھەندێک زانا ھەندێک تأویل دەکەن بەلام دوورن ، لەوانە ھەروەک قرطبی لە المفھم ج٢ لاپەڕە ١٥٢ باس دەکات :
(١) ھەندێک دەلێن ئەمە تایبەتە بە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت .
(٢) ھەندێکی تر دەلێن ئومامە پێوە پەیوەست بووە بێ کردەوەی خۆی .
(٣) ھەندێک دەلێن ئەمە نوێژی سونەت بووە .
(٤) ھەندێکی تر دەلێن ئەمە حالەتی پێویست بووە ، ئەگەر کەس نەبوو بیپارێزێت ئەو کات دروستە .
(٥) ھەندێکی تر دەلێن ئەم فەرموودەیە منسوخە .
ابن ڕەجەب ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەم فەرموودە ڕوون و ئاشکرایە کە دروستە ئەم کردەوەیە لەناو نوێژی واجب بکرێت ، ئەمەیان مەکروھ نییە ، ..... )) فتح الباری ج٤ لاپەڕە ١١٤
خاوەنی الإنصاف ج٢ لاپەڕە ٩٨ وتەی نوێژ بەتاڵ بوون بە سێ حەرەکەی داوەتە پاڵ ابن عقیل الحنبلی ، ئەم وتەیە لاوازە لەبەر دوو ھۆ :
(١) ھەر کەسێک شتێک دیار بکات بە ژمارە یان چۆنییەتی یەکی دیار کراوە پێویستی بە بەلگەیە ، ھیچ بەلگە نەھاتوون کە نوێژ بە سێ حەرەکە بەتال دەبێت .
(٢) فەرموودە جێگیر بووە ئومامەی ھەلگرتووە لەناو نوێژ .
شەوکانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت پێش نوێژ بۆ خەلک دەکات و میزەری " واتە جامانە یان جەمەدانی " بەردەبێتەوە و ھەلدەگرێتەوە لەناو نوێژ ، خەلک پێی دەلێت نوێژت بەتالە چونکە حەرەکەت کردووە لەناو نوێژ ، ئەویش فەرمووی : رفع العمامة أشد أو رفع أمامة ؟! ، ھەگرتنی جامانە تووندترە یان ھەلگرتنی ئومامە ؟!
زانایان دەلێن حەرەکە ھەیە واجبە بکرێت و ھەیە سونەتە و ھەیە مباحە و ھەیە باش نییە ھەیە حەڕامە نوێژ بەتال دەکات .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ