پرسیار // حوکمی سوێند خواردن بە ناو و سیفەتەکانی خوای گەورە ؟ دروستە سوێند بە سیفەتکانی خوای گەورە بخۆم ؟
وەلام // زانایان دەلێن ناوەکانی خوای گەورە بەگوێرەی سوێند خواردن سێ بەشن :
(١) ئەو ناوانەی تایبەتن بە خوای گەورە ، وەک : اللە و الرحمان و رب العالمین و مالك یوم الدین ، ئەمانە سوێند خواردن پێیان دروستە و سوێند دادەمەزرێت ، ابن منذر له الإجماع لاپەرە ١٣٧ یەک دەنگی ھەموو زانایان نقل دەکات .
(٢) ئەو ناوانە بۆ خوا و بێجگە لە خوا بەکاردێت ، بەلام بە زۆری بەکارھێنان بە مطلقی بۆ خوایە ، وەک : الجبار و الرزاق و المالك ، ئەمانە سوێند پێی دادەمەزرێت ، چونکە ئەم ناوانە ئەگەر بە مطلقی بەکار ھات ئەوە بۆ خوایە ، ئەگەر مەبەست پێی بێجگە لە خوا بێت ئەوە و نابێت ، چونکە ئەم ناوە بۆ بێجگە لە خواش بەکار دێت کە ئەمە وتەی ڕاستە .
(٣) ئەو ناوانەی بۆ خوا و بێجگە لە خوا بەکاردێت ، بەلام بەزۆری بەکارھێنانی بە مطلقی بۆ بێجگە لەخوایە ، وەک : الحی و العزیز و الکریم و المؤمن ، ئەگەر مەبەستی بێجگە لە خوا بێت ئەوە سوێند نییە و دروست نییە ، ئەگەر مەبەستی خوا بێت یان بە مطلقی ئەوە سوێند دادەمەزرێت کەئەمە وتەی ڕاستە ، چونکە ئەسڵ وایە موسلمان سوێند ناخوات ئیلا بە خوا نەبێت .
ابن حزم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سوێند محمولە لەسەر زمانی ئەو کەسەی سوێند دەخوات و لەسەر نییەتەکەیەتی . )) المحلی ج٨ لاپەڕە ٤٣ .
سەبارەت بە سوێند خواردن بە سیفەتەکانی خوای گەورە زۆربەی زانایان دەلێن دروستە سوێند بخۆیت بە سیفەتەکانی خوای گەورە ، جا چ سیفەتی زاتی بێت ئەوانەن کە ھەمیشە پێی وەسف کراوە وەک : زانست و توانا و بیستن و بینین و عزەت ، وە سیفەتی خەبەری وەک : ڕوخسار و ھەردوو دەست و ھەردوو چاو ، وە سیفەتی فعلی وەک : ئەو کردەوانەی پەیوەستن بە ویستی خوا ئەگەر ویستی دەکات ئەگەر نا نایکات ، وەک : الاستواء على العرش و دابەزین بۆ ئاسمانی دونیا .
بەلام ابن عثیمین ڕەحمەتی خوا لێ بێت بۆ ئەوە چووە کە نابێت سوێند بە سیفەتی خەبەری بخۆیت وەک : دەست و پەنجە ، ئیلا ڕوخسار نەبێت دروستە سوێندی پێ بخۆیت ، چونکە دەلالەت لەسەر زات دەکات .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ