سەردێری پرسیار:حوکمی بەکارھێنانی لێدان بۆ ئافرەت ؟

بەرواری دانان :2018-10-12 کۆدی پرسیار:542

پرسیار:

پرسیار // ئایا ئیسلام لەگەڵ ئەوەیە ئەگەر ئافرەت خراپ بێت لێی بدرێت بۆ ئەوەی ئافرەت چاک بێت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // گومانی تێدا نییە خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وَاللَّاتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلاً إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيّاً كَبِيراً ) النساء/ من الآية 34 .

واتە : ئەو ژنانەی ئێوە لە سەرپێچی و مل نەدانانیان دەترسن ئامۆژگاریان بکەن ، بۆ جاری دووەم ئەگەر ئامۆژگاری سوودی نەبوو پشتی تێ بکەن لەناو جێگای نووستن ، ئەگەر سوودی نەبوو بۆ جاری سێیەم لێیان بدەن ، ئیجا ئەگەر بەم ھۆیانە گوێ ڕایەلی ئێوەی کرد ، ئێوەش ھیچ ڕێگایەکی تر مەگرنەبەر بۆ ئازاردانیان و ستەم لیکردنیان ، بەڕاستی خوای گەورە جێ بەرز و بلندە ، گەورە و زانایە .

زۆربەی زانایان دەلێن دوا ھەنگاو لێدانە و واجبە بەم ڕیز بەندییە مامەلە لەگەڵ ئافرەت بکەیت :

(١) ئامۆژگاری ئافرەت دەکەیت .

(٢) ئەگەر سوودی نەبوو لەناو جێگا پشتی تێ دەکەیت .

(٣) ئەگەر پشت تێ کردنیش سوودی نەبوو لێی دەدەیت بەلام برینداری نەکات و ئازاری نەبێت بە یەک دەنگی ھەموو زانایان .

لە الموسوعة الفقهية باس کراوە دەلێت : (( ڕێگاکانی باش و چاک کردنی ئافرەت : (أ) ئامۆژگاری کردن . (ب) پشت تێ کردن لەناو جێگا . (ج) لێدانێکی بێ ئازار .

ئەم ڕیز بەندییە واجبە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان ، نابێت پشتی تێ بکەیت ئیلا ئەگەر ئامۆژگاری سوودی نەبێت ، ئەمەش لەبەر وتەی خوای گەورە : " واللّاتي تخافون نشوزَهنّ فعِظُوهنّ واهجروهنّ في المضاجِع واضربوهنّ " )) " الموسوعة الفقهية " ( 10 / 23 ، 24 )

زانایان دەلێن ڕاستە لێدانی ئافرەت ڕێگە پێدراوە بەلام تەرک کردنی لێدان باشترە .

عن عَائِشَةَ رضي الله عنه قالت : (( ما ضَرَبَ رسول اللَّهِ صلى الله عليه وسلم شيئا قَطُّ بيده ولا امْرَأَةً ولا خَادِمًا إلا أَنْ يُجَاهِدَ في سَبِيلِ اللَّهِ ، ......)) رواه مسلم ( 2328 ) .

واتە : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت بە دەست لە کەسی نەداوە نە لە ئافرەت و نە لە خزمەتکاری نەداوە ئیلا بۆ جیھاد کردن لە ڕێگای خوا نەبێت ،

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەم فەرموودەیە بەلگەیە کە لێدان لە ئافرەت و خزمەتکار و ئاژەڵ ڕێگە پێدراوە بۆ چاک بوون بەلام تەرک کردنی باشترە . )) "شرح مسلم " ( 15 / 84 ) .

وعن جَابِرٍ رضي الله عنه قال : (( نهى رسول اللَّهِ صلى الله عليه وسلم عن الضَّرْبِ في الْوَجْهِ. )) رواه مسلم ( 2116) ، واتە : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نەھی کردووە لە لێدان لە ڕوخسار .

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لێدانی ڕوخسار قەدەغە کراوە بۆ ھەموو ڕوح لەبەرێک ، جا مرۆڤ بێت یان گوێ درێژ بێت یان ئەسپ و وشتر و ماین و مەڕ و بێجگە لە ئەمانە ، بەلام بۆ مرۆڤ ئەم قەدەغە کراوە زۆر توندترە ، ..... )) "شرح  مسلم " ( 14 / 97 ) .

لە الموسوعة الفقهية باس کراوە دەلێت : (( دەبێت لێدانەکە بێ ئازار بێت و برینداری نەکات و لەسەر یەک بەردەوام نەبێت ، وە خۆت بپارێزی لە ڕوخسارو ئەو شوێنانەی ترسی لێی ھەیە ، چونکە مەبەست پێی چاک و بوونە نەک تیا بردنی ئەندامەکانی لاشەیە ، لەبەر وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت : " إنّ لكم عليهنّ ألاّ يوطئن فُرُشَكم أحداً تكرهونه ، فإنْ فعلنَ فاضربوهنّ ضرباً غير مبرّح " )) " الموسوعة الفقهية " ( 10 / 24 ) .

ئەوەی گرینگ بێت باس کردنی لێدان لە ئافرەت وتەی خوای گەورەیە موسلمان دەبێت تەسلیم بێت ، وە لێدانە دوا ھەنگاوە و نابێت ئازاری بدات و لە ڕوخسار و شوێنێک بدەیت ترسی لەسەر ھەبێت ، ھەروەھا زانایان دەلێن ڕاستە لێدان ڕێگە پێدراوە بەلام باشتر وایە لێی نەدەیت چونکە پێغەمبەر سەلامی لە کەسی نەداوە ، بەلام ئافرەت ھەیە پێویستی بەم دەرمانە ھەیە بەلکو زانایان دەلێن ئافرەت ھەیە چارەسەر بۆ چاک بوونی ئەوەیە ژنی تری بەسەر بھێنی ، وە دەبێت موسلمان تەسلیمی وتەی خوای گەورە بێت بێ ڕێزی نەکات بەرامبەر وتەی خوای گەورە .

پوختەی وەلامی زانـــــایـــــــان :

(١) یەکەم جار ئامۆژگار ئافرەت دەکەیت ، ئەگەر سوودی نەبوو پشت تێ کردن لەناو جێگا ، ئەگەر سوودی نەبوو لێدان ، ئەم ڕیز بەندییە واجبە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان .

(٢) مەبەست لە لێدان بۆ چاک بوونە نەک ئازار دان وەک لێدانی ئاژەڵ .

(٣) نابێت لێدانی ئافرەت لە ڕوخسار بێت و توند بێت و ئازاری ھەبێت بە یەک دەنگی ھەموو زانایان .

(٤) لێدان ڕێگە پێدراوە بەلام تەرک کردنی لێدان باشترە .

(٥) نابێت موسلمان دژی وتەی خوای گەورە بوەستێت و بەلکو دەبێت تەسلیم بێت .

(٦) بە ھیچ شێوەیەک دروست نییە پیاو یەکسەر لێدان بەکار بھێنێت بۆ ئافرەت بێ ئەوەی ئامۆژگاری بکات یان پشتی تێ بکات ، ئەگەر لێی بدات تاوانبار دەبێت .

(٧) زۆربەی ئەو لێدانەی ئێستا بۆ ئافرەت بەکاردێت ناشەرعییە و پیاو پێی تاوانبار دەبێت ، چونکە لە ڕوخسار دەدرێت و توندە و ئازاری ھەیە و بریندار دەکرێت ، نابێت لە ڕوخسار ئاژەڵ بدەیت ئەی چۆن دەبێت لە ڕوخساری ئافرەت بدەیت ؟!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام