پرسیار // ئایا دروستە کچێکی موسلمان شوو بە کوڕێک بکات نوێژ نەکەر بێت ؟ ئایا دروستە کوڕێکی موسلمان کچێکی نوێژ نەکەر مارە بکات ؟
وەلام // زانایان دەلێن ئافرەت دەبێت شوو بکات بە کەسێک دین و ڕەوشتی هەبێت ، وە پیاویش کچێک بخوازێت و مارە بکات دین و ڕەوشتی هەبێت ، وە نوێژ یەکێکە لە بنچینە گرینگەکانی دینی ئیسلام ، دووەم بنچینەی ئیسلام نوێژە کە چەند هەزار فەرموودە هاتوون تەنها باسی نوێژ دەکەن .
پیاو و ئافرەت ئەگەر نوێژ نەکەر بێت ئەم سێ حالەتانەن :
حالەتی یەکەم // نوێژ ناکات باوەڕی پێی نییە یان دەلێت واجب نییە یان دەلێت نوێژ نەکرد باشتڕە لە نوێژ کردن ، ئەمەیان کافرە بە یەک دەنگی هەموو زانایان ، وە حەڕامە و بە هیچ شێوەیەک دروست نییە ئافرەت شوو بەو کوڕە بکات ، وە کوڕیش ئەو ئافرەتە مارەی بکات .
حالەتی دووەم // نوێژ ناکات بە یەکجاری ، بەلام باوەڕی بە نوێژ هەیە و دەزانێت تاوانبارە و نوێژ کردن باشترە و وە دەزانێت واجبە ، بەلام لە تەمبەلی ناکات ، ئەمەیان جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان ئایا کافرە یان مسولمانە ؟
زۆربەی زانایان دەلێن مسولمانە ، کەواتە ئەگەر شووی پێ بکات عەقدی زەواج دروستە یان کوڕ ئەو ئافرەتە مارە بکات عەقدی زەواج دروستە .
هەندێک زانا دەلێن عەقدی زەواج پووچە ، چونکە نوێژ نەکەر کافرە ئەگەر باوەڕیشی پێ هەبێت .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نوێژ نەکەر ئەگەر ئافرەت بێت نوێژ نەکات حەلال نییە بۆ موسلمان مارەی بکات ، ئەگەر ئافرەتێکی گاورە بێت ( نصراني ) دروستە مارەی بکات ، وە ئەگەر ئەو ئافرەتە ئاژەڵ بکوژێتەوە حەلال نییە گۆشتی ئەو ئاژەڵە بخۆیت . ....... )) شرح ریاض الصالحین ج۳ لاپەڕە ۲۰٤
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر نوێژ تەرک بکات دوای مارە کردن یان گواستنەوە دەبێت عەقدی زەواج فسخ بکرێت ، چونکە بە نوێژ تەرک کردن دەبێتە هەلگەڕاوە لە دین پەنا بە خوا ، ئەگەر عەقدی زەواج فسخ بوو دەبێت لێک جیا بکرێنەوە ژن و مێرد ، پاشان ئەگەر خوای گەورە هیدایەتی دا گەڕاوە بۆ ئیسلام نوێژی کرد ئەوەی خێزانی بۆی دەگەڕێندرێتەوە ، ئەگەر نا نابێت بۆی بگەڕێندرێتەوە ، ....... )) شرح بلوغ المرام ج۲ لاپەڕە ۱۱
ئەوەی گرینگ بێت موسلمان بیزانێت هەموو زانایان یەک دەنگن کە نوێژ نەکەر کەسێکی باش نییە و لە مەترسییەکی زۆر گەورە دایە .
حالەتی سێیەم // هەندێک جار نوێژ دەکات و هەندێک جار نوێژ ناکات لە تەمبەلی ، ئەمەیان وتەی ڕاست ئەوە کە موسلمانە ، ئەگەر ئافرەت شووی پێ بکات عەقدی زواج دروستە ، بەلام گومانی تێدا نییە باشتر وایە شووی پێ نەکات و کەسێکی باش هەلبژێرێت لە دین و ڕەوشت ، وە پیاویش ئەو جۆرە ئافرەتە مارە نەکات .
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( زۆر لە خەلکی ، بەلکو زۆربەیان لە زۆر شارەکان بەردەوام نین لەسەر کردنی ئەم پێنج نوێژە ، لەو کەسانە نین کە بە یەکجاری واز لە نوێژ بهێنن ، بەلکو هەندێک جار نوێژ دەکەن ، وە هەندێک جار وازی لێ دەهێنن ، ئەوانە نیفاق و ئیمانیان تێدایە ، ئەحکامەکانی ئیسلامیان لەسەر جێ بەجێ دەکرێت بۆ میرات و ئەحکامەکانی تر )) مجموعة الفتاوي ج۷ لاپەڕە ٦۱۷
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی لای من دیار بێت خواش زاناترە نوێژ تەرک نەکردن بە یەکجاری پێی کافر دەبێت ، ئەگەر یەکێک هەندێک جار بکات و هەندێک جار نەکات ئەمە کافر نابێت ، چونکە ئەسل وایە ئیسلامی ماوە هەتا بەلگەی ڕوون هەبێت بۆ نەمانی ئیسلامی ، ئەگەر ئینکاری واجبی بکات ئەوە کافرە لەبەر ئینکاری نەک بە تەرک کردنی ، ......)) شرح بلوغ المرام ج۲ لاپەڕە ۱٦
پوختەی وەلامی زانایان :
(۱) ئافرەت دەبێت شوو بکات بە کەسێک خاوەن و دین و ڕەوشت بێت ، وە پیاویش ئافرەتێک مارە بکات خاوەن دین و ڕەوشت بێت .
(۲) بە هیچ شێوەیە دروست نییە ئافرەت شوو بکات بە کەسێک ئینکاری نوێژ بکات یان نوێژ لای واجب نەبێت یان نوێژ نەکردنی لای باشتر بێت لە کردنی ، چونکە ئەمە کافرە بەیەک دەنگی هەموو زانایان ، وە بۆ پیاویش بە هیچ شێوەیەک ئەو جۆرە ئافرەتە مارە بکات ، بەلکو دەتوانێت ئەهلی کتاب مارە بکات بەلام ناتوانێت ئەمەیان مارە بکات ، چونکە ئەمەیان هەلگەڕاوەیە لە دین .
(۳) نوێژ نەکەر بەیەکجاری ئەگەر لە تەمبەلی نەکات زۆربەی زانایان دەلێن عەقدی زەواج دروستە ، وە هەندێک زانا دەلێن عەقدی زەواج پووچە ، هۆکاری پووچی عەقدی زەواج بۆ کافر بوون دەگەڕێتەوە ئایا نوێژ نەکەر لە تەمبەلی کافر دەبێت یان نە ؟ ، بەلام هەموو زانایان یەک دەنگن باشتر وایە شوو بە کەسێک نەکەیت نۆێژ نەکات یان کچێک مارە نەکەیت کە نوێژ نەکات .
(٤) ئەگەر هەندێک جار نوێژ بکات وە هەندێک جار نەکات ، وتەی ڕاست ئەوەیە کە عەقدی زەواج دروستە ، بەلام باشتر وایە شوو نەکات بەو پیاوە ، وە پیاویش ئەم جۆرە ئافرەتە مارە نەکات ، چونکە ئەمانە نیفاق و ئیمانیان تێدایە .
(٥) ئەوەی گرینگ بێت ئەوەیە ئەگەر یەکێکیان نوێژ نەکات جا چ ژن بێت یان پیاو دەبێت نوێژکەر نوێژ نەکەر ئامۆژگاری بکات و ئاگادار بکاتەوە و بیترسێنێت .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ