سەردێری پرسیار:حوکمی مەرج دانا ئافرەت کە نابێت پیاو ژن بەسەری بھێنێت ؟

بەرواری دانان :2018-10-10 کۆدی پرسیار:510

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە کچ کاتی شوو کردن مەرج دابنێت نابێت هیچ ژنی تر بەسەرم بهێنی (واتە ژنی دووەم یان سێیەم یان چوارەم ) ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // سەبارەت بە مەرج دانانی کچ کە نابێت ژنی دووەمی بەسەر بهێنیت دوو وتە هەیە :

یەکەم : هەندێک زانا دەلێن نابێت ئەم مەرجە دابنرێت ، ئەگەر دابنرێت حساب بۆ ئەم مەرجە ناکرێت ، بەلگە :

(۱) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( فانکحوا ما طاب لكم من النساء مثنی و ثلاث ورباع (۳) )) النساء ، واتە : دەسا ئەو ژنانە مارە بکەن کە پێتان دەشێن ، دوان ، سیان ، چوار ، واتە هەر یەکێک لە ئێوە دەتوانن هەتا چوار ژن بهێنن .

کەواتە نابێت چونکە ڕێگری کردن لە شتێک کە خوای گەورە ڕێگەی داوە .

دووەم : هەندێک زانا دەلێن مەرجێکی دروستە ، ئەگەر دانرا دەبێت پیاوی وەفای پێ بکات ، بەلگە :

(۱) زیاتر لە یەک ژن هێنان حەقی پیاوە ، ئەگەر پیاو لەحەقی خۆی خۆش بێت هیچ ڕێگری نییە .

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( .....یان ئەگەر مەرجی دانرا نابێت ژنی تری بەسەر بهێنیت ، ئەمەیان دەبێت وەفای پێ بکەی ، ئەگەر وەفا بەو مەرجە نەکەی ژن بۆی هەیە داوای فسخ بکات ، ئەمە نقل کراوە لە عمر ، سعد بن ابی الوقاص ، عمرو بن العاص خوا لە هەمووان ڕازی بێت )) المغنی ج ۹ لاپەڕە ٤٨۳

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر ئافرەت مەرجی دانا کە نابێت پیاو ژنی تری بەسەر بهێنێت ئەمەیان دروستە .

هەندێک زانا دەلێن نابێت چونکە حجر خستنە سەر پیاوە لە شتێک خوای گەورە ڕێگەی داوە ، ئەو مەرجە پێجەوانەی قورئانە : (( فانکوا ما طاب لكم من النساء مثنی و ثلاث و رباع (۳) ))

لەوەلام ئەمە دا دەوترێت : ژن ئەو مەبەستەی هەیە کە ژنی تری بەسەر نەهێنێت ، تەعدای لە کەسی تر نەکردووە ، وە پیاو لەو حەقەی خۆی خۆش بووە ، ئەگەر پیاو حەقی هێنانی زیاتر لە یەک ژن هەبێت ، لەو حەقەی خۆی خۆش بێت چ ڕێگری هەیە لە دروستی ئەو مەرج دانانە ؟

لەبەر ئەوە وتەی ڕاست لەم بابەتە وتەی ئیمام احمدە کە مەرجەکە دروستە )) شرح الممتع ج ٥ لاپەڕە ۲٤۳

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت دروستە ئەم مەرجە دابنرێت .

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( یەکێک لە مەرجە دروستەکانی نیکاح ، بەمەرج دانان کە نابێت ژنی تر بەسەری بهێنی ، ئەگەر وەفای پێ کرد تەواو ، ئەگەر نە ئافرەت بۆی هەیە داوای فسخ بکات و نیکاح فسخ بکرێت.....)) الملخص الفقهی ج۲ لاپەڕە ۲٤٥

بەلام دەبێت ئەوە بزانرێت نابێت پیاو ژن تەلاق بدات دوای ئەوەی کە ناتوانێت وەفا بەو مەرجە بکات ، بەلکو ئەمە حەقی ژنە یان داوای فسخ دەکات یان لەو مەرجەی خۆی کە داینابوو لێی خۆش دەبێت و ڕێگە دەدات ژنی تر بهێنێت و ئەویش خێزانی بێت .

ژنان سنوریان بەزاندووە لە بابەتی فرە ژنی حالەت هەیە تووشی کوفر بووە ، کێشە ئەوەیە چ ژنی پابەند بە دین بێت یان سفور لەم بابەتە یەک بیرکردنەوەیان هەیە ، کە پێشتر وەلاممان داوەتەوە

ئایا ژن پێی خۆش نییە ژنی دووەم یان سێیەم یان چوارەمی بەسەری بێت کافر دەبێت؟ وە کەی تووشی کوفر دەبێت؟

وەلام / بئ گومان زۆربەی ژنان پێیان خۆش نییە ژنیان بەسەر بێت ئەم پێ ناخۆشییە ئەگەر سروشتی بێت ، کە سروشتی ژن واییە حەز ناکات ژنی بەسەر بێت ، زانایان دەلێین : تاوانبار نابێت بەلگە ئایەتی ۲۱٦ سورة البقرة دەفەرمووێت : ((کتب علیکم القتال وهو کرە لکم...)) واتە:جیهاد شەرکردن لەسەر ئێوە واجب کراوە وە پێتان خۆش نییە،

ابن عثیمین رەحمەتی خوای لێبێت دەلێت (وهو)بۆ (قتال) شەرکردن دەگەرێتەوە واتە سروشتی پیاو واییە حەز ناکات شەر بکات ،نەک مەبەست پێی ئەوە بێت (وهو) بۆ (کتب) واجب بوون بگەرێتەوە ، چونکە ئیماندار ئەگەر پێی ناخۆش بێت خوای گەورە فلانە شتی واجب کردووە یان رقی لە واجبەکە ببێتەوە کوفرە پەنا بەخوا ، بەلگە لەسەر کوفری ئەو کەسە کە پێی خۆش نەبێت بەو حوکمەی کە خوای گەورە دایبەزاندووە ئایەتی ۹ سورة محمد ((ذالك بٲنهم كرهوا ماانزل الله فٲحبط ٲعمالهم))واتە:ئەوەش لەبەر ئەوەییە کەبەراستی ئەوان رقیان لەو پەیامە دەبووەوە خوا دایبەزاندووە، وە کردەوەکانمان هەمووی پوج کرد .

کەواتە دەلێن ئەگەر ژن پێی خۆش نەبوو پێ خوش نەبوونی سروشتی تاوانبار نابێت هەروەک سروشتی پیاو کە حەزی لە شەرکردن نییە ، بەلام نابێت پێی ناخۆش بێت فلانە شت واجبە یان رقی لە واجبەکە یان سونەتەکە ببێتەوە ، کەواتە واجبە ئیماندار ڕازی بێت بە حوکمی خواو وە تەسلیم بێت.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام