پرسیار // ئەگەر پیاوێک لە کاتی نەگونجاو داوای سەرجێی لە هاوسەرەکەی بکات بۆ نموونە : ئافرەت بە ڕۆژووە یان مندالەکان لە ماڵەوەن یان میوان بن لە شوێنێک یان میوانیان هەبێت ، ئایا ئەگەر داواکەی جێ بەجێ نەکات ئافرەت تاوانبار دەبێت ؟ ئاموژگاریتان چیە ؟
وەلام // زانایان دەلێن ئافرەت بۆی نییە ڕێگری جووت بوون بکات ئەگەر پیاوی داوای لێ کرد ، بەلکو واجبە تەسلیمی بێت ، ئیلا ئەگەر زیانی پێ بگات یان سەرقالی بکات لە واجبێک .
عن أبي هريرة رضي الله عنه قال : قال رسول الله صلى الله عليه وسلم : (( إذا دعا الرجل امرأته إلى فراشه فأبت فبات غضبان عليها لعنتها الملائكة حتى تصبح )) رواە البخاري (3237) ومسلم (1436) .
واتە : ئەگەر پیاو داوای سەر جێی لە خێزانی خۆی کرد ، ئەویش ڕەتی کردەوە و پیاوی لێی تۆڕە بێت شەو فریشتە نەفرەتی لێ دەکەن ھەتا بەیانی .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سوودەکانی ئەم فەرموودە :
(١) کاری جووت بوون بۆ پیاو دەگەڕێتەوە ، لەبەر وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت : " إذا دعا الرجل امرأته إلى فراشه "
(٢) ئەگەر شتێک جێگای شەرم بێت دەبێت باس بکرێت بە شتێکی تر بۆ تێگەیشتن ، بە جۆرێک فەرموودەکە دەلێت : " إذا دعا الرجل امرأته إلى فراشه " چونکە لەم فەرموودە بانگ کردن و داوا لێ کردن دیارە بۆ چییە ، مەبەستی ئەوە نییە داوای لی بکات بۆ ئەوەی جێگای بۆ دابنێ یان خاوێنی بکات یان شتی تری وەک ئەمانە .
(٣) دواکەوتنی ئافرەت لە داوای پیاو بۆ سەر جێی تاوانێکە لە تاوانە گەورەکان ، چونکە سزای بۆ دانراوە کە نەفرەت کردنی فریشتەیە یان لێی توڕە بوونی ، ئەم سزایە تایبەتە بەوەی کە داوای پیاوی ڕەتی بکاتەوە بۆ خۆشی لە گەڵ بردن و جووت بوون ، ھەتا ئەگەر چەند ژنی تریشی ھەبێت ئەو پیاوە ئەو ئافرەتەی ڕەتی دەکاتەوە تاوانبار دەبێت ، ..... )) شرح بلوغ المرام ج ١١ لاپەڕە ٢٩٤
زانایان دەلێن ئەم گوێڕایەلی کردنە و وەلام دانەوەی پیاوی خۆی ئەو کاتە واجبە لەسەر ئافرەت ئەگەر پیاو مەسرەفی بکات و جل و بەرگی و جێگای نیشتەجێ بوونی بۆ دابین بکات ، ئەگەر ئەمە نەکات و زولمی لێ بکات بۆی ھەیە ڕەتی بکاتەوە و واجب نییە گوێڕایەلی بکات .
فەرموودەکە باسی ئەوە دەکات ھەتا بەیانی نەفرەتی لێ دەکەن ، چونکە جووت بوون بە زۆری لە شەودا دەکرێت ، ئەگەر لە ڕۆژ دا وەلامی نەداتەوە ھەمان حوکمە ، وە لە کاتی حەیز و نیفاسیش نابێت ڕێگری پیاوی بکات لە خۆشی لەگەڵ بردنی ئیلا بۆ جووت بوون نەبێت .
ھەروەھا پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر یەکێک لە ئێوە ئافرەتێکی بینی پێی سەرسام بوو یان دڵی بۆی چوو با بچێتە لای خێزانی خۆی ، چونکە ئەمە ئەوەی لە نەفسی دایە ڕەت دەکاتەوە و ناھێلێت . )) رواە مسلم (١٤٠٣)
کەواتە چ ڕۆژ بێت یان شەو دەبێت ئافرەت خۆی تەسلیمی پیاوی بکات ئەگەر نا گومانی تیدا نییە ئافرەت تاوانبار دەبێت و وە ئەگەری ئەوە ھەیە پیاوەکەی سەرسام بوو بێت بە ئافرەتێکی تر .
بەلام ئەگەر ئافرەت لاواز بێت بەرگەی جووت بوون نەگرێت لەبەر نەخۆشی یان ھەر عوزرێکی تر دروستە ڕێگری پیاوی بکات و وەلامی نەداتەوە تاوانبار نابێت .
لە روضة الطالبين وعمدة المفتين باس کراوە دەلێت : (( ئەگەر ئافرەت نەخۆش بێت یان گرێی ھەبێ جووت بوون زیانی پێی بگەینێت ، ئەوا ئافرەت عوزری ھەیە لە ڕێگری کردنی جووت بوون . )) " روضة الطالبين وعمدة المفتين "(9 / 59) .
سەبارەت بە ڕۆژوو زانایان دەلێن :
یەکەم / ڕۆژووی سونەت ئافرەت نابێت بەڕۆژوو بێت ھەتا پیاوی ئیزنی دەدات ، واتە نابێت بلێی من بە ڕۆژوو دەبم ئەگەر ڕێگریش لێم بکات ، ئەگەر نا بەردەوام دەبم لە ڕۆژوو ، دەلێین ئەسلەن نابێت بە ڕۆژوو بیت ئیلا بە ئیزنی ، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە پیاوی مافی خۆشی لەگەڵ بردنی بەسەریەوە ھەیە ، ئەم مافە واجبە نابێت بکەیتە قوربانی بۆ سونەتێک .
دووەم / ڕۆژووی قەزا "گێڕانەوە" ئەگەر مانگی شەعبان کەم مابێت بە ئەندازەی ڕۆژوو گێڕانەوە لێرە ئافرەت بە ڕۆژوو دەبێت ئەگەر پیاوی ڕێگریش لێ بکات .
سێیەم / گێڕانەوەی ڕۆژوو ھێشتا کات زۆر ماوە و زۆر کاتت لە پێشە ، ئەمەیان بەڕۆژوو دەبێت ئەگەر ڕێگری نەکات ، بەلام پێویست ناکات ئیزن وەربگریت لێی چونکە ئەمە واجبە ، بەلام جیاوازی نێوان ئەمە و واجبێک کات کەم مابێت ئەوەیە واجبێک کات کەمی مابێت ئەگەر ڕێگریش بکات بەڕۆژوو دەبێت .
کەواتە پیاو بۆی ھەیە لە کاتی بەڕۆژوو بوونی سونەت بچێتە لای خێزانی ، چونکە مافی خۆشی بردنی لەگەڵ واجبە و بۆ ئەوەی تووشی حەڕام نەبێت ، بەلام ھی واجب نابێت بچێتە لای .
سەبارەت بەوەی مناڵ ڵە ماڵەوەن یان میوان ھەن یان میوانن لە شوێنێک ئەم دوو حالەتانەن :
حالەتی یەکەم // ئەگەر شەو بێت و گونجاو بێت ھیچ کێشە نییە و دروستە و شەرم نییە .
حالەتی دووەم // ئەگەر ڕۆژ بێت جوان نییە پیاو شتێک بکات مناڵ و میوانەکان بزانن کە ئێستا ئەم ژن و پیاوە چ دەکەن ، گومانی تێدا نییە ژن و پیاو ھەر دەچنە لای یەکتر بەلام لەگەڵ ئەمەش دەبێت شەرم و حەیا ھەبێت و دەبێت کاتیش گونجاو بێت و پیاو شتێکی وا نەکات خێزانی خۆی تووشی شەرمەزاری بکات ، ئەگەر کرا لەو کاتەی منال و میوان لە مالەوەن کارەکەی خۆیان بکەن بێ ئەوەی کەس ھەستی پێ بکات ئەوا شتێکی باشە ئەگەر نا باشتر وایە ئارام بگرێت و خێزانی خۆی تووشی شەرمەزاری نەکات ئیلا ئەگەر بزانێ تووشی حەڕام دەبێت .
سەبارەت بەوە ئایا تاوانبار دەبێت ئەگەر ئافرەت ڕەتی بکاتەوە :
(١) ئەگەر شەو بێت و گونجاو بێت بەلێ تاوانبار دەبێ .
(٢) ئەگەر ڕۆژ بێت و بۆیان بکرێ یان بۆیان گونجا کارەکەی خۆیان بکەن ئەو کاتەش ئەگەر ڕەت بکاتەوە تاوانبار دەبێت .
(٣) ئەگەر ڕۆژ بوو و بۆیان نە گونجا ئیلا بە ھەست پێ کردنی میوانەکان یان مناڵەکان نەبێت ئەو کاتە دەلێن ئافرەت بۆی ھەیە ڕەتی بکاتەوە ئیلا ئەگەر بزانێ پیاو تووشی حەڕام دەبێت .
پێویستە لەسەر پیاو پابەند بێت بە ڕەوشت و شەرم و حەیا ، وە خێزانی خۆی شەرمەزار نەکات ئیلا ئەگەر بزانێت تووشی حەڕام دەبێت .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ