پرسیار // وەلاممان چی بێت بۆ ئەوانەی تاوان دەکەن کاتێک ئامۆژگاریان دەکەیت دەلێت گرینگ دڵە ؟
وەلام // زانایان دەلێن زۆر لە نەزانەکان ئەم وتەیە دەلێن ئەم وتەیە وتەیەکی ڕاستە بەلام مەبەستی پووچی ھەیە ، چونکە دەیەوێت بۆ خۆی بکاتە بەلگە بۆ تاوان ، وە دەیەوێت بلێت ئیمان تەنھا کردەوەی دڵە ، کە ئەمە پێچەوانەی یەک دەنگی زانایانی ئەھلی سونەیە كه ئیمان : وتەیە بە زمان و بیروباوەڕە بە دڵ و کردەوەیە بە ئەندامەکانی لاشە ، زیاد دەبێت بە گوێڕایەلی و کەم دەبێت بە تاوان .
نابێت کردەوە بکەیت بێ ئەوەی ئیمان بھێنیت ، چونکە ئەمە سیفەتی دووڕووەکانە و دووڕووەکان لە چینی ژێرەوەی دۆزەخدان ، ھەروەھا ئیمان ھێنان تەنھا بە دڵ بەس نییە بێ ئەوەی کردەوە بکەیت ، چونکە ئەمە ڕای مورجیئەیە و بیرباوەڕێکی پووچە پێچەوانەی قورئان و سونەتە .
ڕاستە فەرموودە ھاتووە دەفەرمووێت : (( إِنَّ اللَّهَ لَا يَنْظُرُ إِلَى صُوَرِكُمْ وَأَمْوَالِكُمْ ، وَلَكِنْ يَنْظُرُ إِلَى قُلُوبِكُمْ )) واتە : خوای گەورە سەیری شێوە و مالی ئێوە ناکات ، بەلکو سەیری دڵی ئێوە دەکات .
بەلام ئەم فەرموودەیە نابێتە بەلگە کە تەنھا دڵ بەسە چونکە ڕوایەت ھاتووە دەفەرمووێت : (( إِنَّ اللَّهَ لَا يَنْظُرُ إِلَى صُوَرِكُمْ وَأَمْوَالِكُمْ ، وَلَكِنْ يَنْظُرُ إِلَى قُلُوبِكُمْ وَأَعْمَالِكُمْ )) رواە مسلم (٢٥٦٤) .
واتە : خوای گەورە سەیری شێوە و ماڵی ئێوە ناکات ، بەلکو سەیری دڵ و کردەوەی ئێوە دەکات .
ئەم فەرموودەیە ڕوون و ئاشکرایە کە چاک بوونی دڵ بە چاک بوونی کردەوەیە و وە ھەردووکیان داواکراون ، نابێت مرۆڤ تاوان بکات و بلێت خوای گەورە سەیری دڵ دەکات نەک کردەوە ، بەلکو سەیری دڵ و کردەوە دەکات .
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێی کراوە : ھەندێک موسلمان کەمتەرخەمی دەکەن لە واجبەکان کاتێک پێی دەلێی دەلێت : تەقوا لە دڵە لە ڕووکەش نییە ، وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەکاتە بەلگە : تەقوا ئەمەیە ئاماژە بۆ سینگی دەکات سێ جار .
داوا لە ئێوە دەکەین ڕوون کردنەوە بدەن ئەم وتەیە تا چەند ڕاستە ؟
لە وەلامدا دەفەرمووێت : (( گومانی تێدانییە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت فەرموویەتی : (( تەقوا ئا ئەمەیە و لێرەیە )) واتە ئاماژەی بۆ دڵی کردووە ، واتە ئەگەر دڵ تەقوای خوای گەورەی کرد ئەندامەکانی ڕووکەشیش تەقوای خوای گەورە دەکەن .
ئەمە نابێتە بەلگە بۆی لەسەر ئەو تاوانانەی دەیکات ، چونکە ئەگەر تەقوای خوای گەورەی کردبا ئەندامەکانیشی تەقوای خوایان دەکرد لەبەر وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( وَإِنَّ فِي الْجَسَدِ مُضْغَةً إِذَا صَلَحَتْ صَلَحَ الْجَسَدُ كُلُّهُ وَإِذَا فَسَدَتْ فَسَدَ الْجَسَدُ كُلُّهُ أَلَا وَهِيَ الْقَلْبُ )) واتە : ئاگادار بن لە ناو لاشە پارچە گۆشتێک ھەیە ئەگەر ئەو چاک بوو لاشە ھەمووی چاک دەبێت ، وە ئەگەر ئەو خراپ بوو لاشە ھەموو خراپ دەبێت ، ئاگادار بن ئەو پارچە گۆشتەش دڵە . )) الفتاوى الشرعية في المسائل العصرية) ( ص ١٦٥)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ