پرسیار // ھۆکارەکانی غەیبەت کردن چین ؟
وەلام // سەرەتا ھەموو زانایان یەک دەنگن کە غەیبەت کردن حەڕامە و یەکێکە لە تاوانە گەورەکان و دەبێت تەوبەی لێ بکرێت .
ابن کثیر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( غەیبەتە لە حەڕامەکانە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان . )) تفسیر ابن کثیر ج٧ لاپەڕە ٣٥٩
قرطبی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەموو زانایان یەک دەنگن کە غەیبەت لە تاوانە گەورەکان ، وە دەبێت تەوبەی لێ بکات و بگەڕێتەوە بۆ لای خوای گەورە . )) تفسیر قرطبی ج١٦ لاپەڕە ٣٣٧
ھۆکارەکانی غەیبەت کردن ئەمانەن :
یەکەم // نەبوونی وەرع و لاوازی ئیمان ، ھەر کاتێک تەقوای خوا کەم بوو و وەرع کەم بوو گۆشتی خەلک دەخوات و تووشی ئەم تاوانە گەورەیە دەبێت .
دووەم // حەسوودی ، زۆربەی ئەوانەی تووشی غەیبەت دەبن لەسەر حەسوودی غەیبەتی یەکتر دەکەن ، وە حەسوودیش بەزۆری لەنێوان ھاو پیشەکان دا ھەیە ، حەسوود حەز دەکات بەرامبەری نزم بکات و بشکێنێتەوە و خۆی بەرز بکات ، لەبەر ئەوەی نەفسی نزمە و ھیچ ڕێگای تری نییە ناچارە ئەم ڕێگایە خراپە بگرێتە بەر .
سێیەم // دانیشتن لەگەڵ ھاوڕێی خراپ وا لە مرۆڤ دەکات تووشی ئەم دەردە ببێت و گۆشتی خەلک بخوات .
چوارەم // ویستنی خۆ بەرز کردنەوە وا لە مرۆڤ دەکات زۆر جار غەیبەت بکات بە شکاندن و عەیبدار کردنی کەسێکی تر .
پێنجەم // ڕابواردن و پێکەنین و خۆشی زۆر جار وا لە مرۆڤ دەکات تووشی غەیبەت ببێت .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ