سەردێری پرسیار:ئایا غەیبەت چییە و کەی دروستە غەیبەت بکەیت یان کەی باس کردنی کەسێک بە غەیبەت حساب ناکرێت ؟

بەرواری دانان :2018-10-09 کۆدی پرسیار:462

پرسیار:

پرسیار // ئایا غەیبەت چییە و کەی دروستە غەیبەت بکەیت یان کەی باس کردنی کەسێک بە غەیبەت حساب ناکرێت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // سەبارەت بە غەیبەت فەرموودە ڕوون ئاشکرایە ابو هریرە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئایا ئێوە دەزانن غەیبەت چییە ؟ )) هاوەلان وتیان : خواو پێغەمبەرەکەی زیاتر دەزانن ، وتی : (( باس کردنی برای خۆتە بە شتێک ئەو پێی خۆش نییە )) وتیان : ئەگەر ئەو شتەی باس کرا لە براکەم دا هەبێت ؟ وتی : (( ئەگەر ئەو شتە تێیدا بێت غەیبەتە ، ئەگەر تێیدا نەبێت ئەوە بوهتانە )) رواە مسلم ( ۲٥٨۹) .

فەرموودەکە دەفەرمووێت : (( ذكر ٱخاك بما یكره )) ( ما ) : لەم فەرموودەیە ئەگەری دوو مانای هەیە :

(۱) ما : مصدریة ، ٲي : بمکروە ، واتە : باس کردنی برای خۆت بە شتێکی ناخۆش ( باش نە ) .

(۲) ما : اسم موصولا ، ٲي : بالذی یكره ، واته : باس کردنی برای خۆت بە شتێکی کە ئەو پێی خۆش نییە .

جیاوازی هەیە لە نێوان ئەو دوو مانایە ، جیاوازی ئەم دوو مانایە نموونە : شتێک هەیە لەناو خەلک وا باوە کە ناخۆش نییە ( واتە خەلک پێی ناخۆش نییە ) بەلام ئەو کەسەی کە تۆ بەم شێوەیە وەسفی دەکەی کەسەکە پێی ناخۆشە ، لەسەر مانای دووەم غەیبەتە ، بەلام لەسەر مانای یەکەم غەیبەت نییە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەمانە هەمووی دەگرێتەوە :

(ٲ) الخلقة : لە ڕووی دروست بوون وەک بلێیت : کورتە یان قەلەوە یان ورگ ئەستوورە ، ......شتی تری وەک ئەمانە کە پێی ناخۆشە بەم شێوەیە وەسفی بکەیت .

(ب) الخلق : لە ڕووی ڕەوشت وەک ئەوەی بلێیت : ئەمە ڕەوشتی ناشیرینە یان تۆڕەیە یان زوو هەلدەچێت ، ئەمەی پێی ناخۆشە لەڕووی ڕەوشت .

(۳) العمل : لە ڕووی کردەوە وەک ئەوەی بلێیت : فلان کەس فاسقە یان ڕیبا دەخوات یان واز لە نوێژی جەماعەت دەهێنێت ، وە شتی تری وەک ئەمانە .)) شرح بلوغ المرام ج۱٥ لاپەڕە ۲٦۷

زۆربەی زانایان دەلێن غەیبەت تایبەتە بە باس کردنی برای خۆت کە ئامادە نەبێت ، چونکە خودی وشەی غەیبەت دەلالەت لەسەر ئامادە نەبوون دەکات (واتە کەسەکە غائب بێت ) ، هەروەها غەیبەت لە پلەی تاواندا لێک جیاوازن ، نموونە : غەیبەتی کەسێکی ئاسای و شازەرا لە دین لە تاواندا لێک جیاوازن ، وە غەیبەتی کافر و موسلمان لە پلەدا لێک جیاوازن ، وە باس کردنی کەسێک کە نییەتی عەیبدار کردنت هەبێت گەورەتر لە باس کردنی کەسێک کە ئەم نییەتەت نەبێت .

((ذكر ٲخاك )) واتە : باسی برای دینی خۆت بکەیت .

هەندێک زانا ئەم فەرموودەیە دەکەنە بەلگە کە حەڕامی غەیبەت تایبەتە بە ئیماندار ، دروستە غەیبەتی کافر بکەیت ، کە ئەمە وتەی صنعانی یه لە سبل السلام ج ٨ لاپەڕە ۳۰٨.

هەندێک زانای تر دەلێن غەیبەتی کافری حربی دروستە ( حربی : ئەوەی دژی موسلمانان شەڕ دەکات ) ، بەلام کافری ذمی نابێت حەڕامە ( ذمی : ئەوەیە کە لە ناو موسلمانان دا دەژیت ) ، کە ئەمە وتەی غزالی ، زرکشی ، ابن حجر هیتمی یە ، بەلگە :

(۱) غەیبەت کرد ئازار دانی کافری تێدایە ، کە ڕێگری کراوە لە ئازار دانی کافرێک لەناو موسلمانان دا بێت .

(۲) هەروەها بەکەم دانانی دروست کراوی خوای تێدایە .

(۳) هەروەها کاتێک بەسەر بردنی تێدایە لە شتێکی بێ سوود .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر غەیبەتی کافر سوودی هەبێت دروستە ، هەتا ئەگەر موسلمانیش بێت غەیبەت کردنی سوودی هەبێت دروستە ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت بە فاطمەی کچی قەیسی وت کاتێک سێ پیاو داوای فاطمیەیان کردبوو ( واتە داخوازی ) کە ئەمانە بوون : ئوسامەی کوڕی زەید و موعاوییەی کوڕی ابی سفیان و ابو جهم ، خەبەری بە فاطمه دا کە موعاویە هەژارە مالی نییە ، وە ابو جهم بەردەوام داری لەسەر شانە لە ژنان دەدات ، شوو بە ئوسامەی کوڕی زەید بکە )) شرح بلوغ المرام ج۱٥ لاپەڕە ۲٦۹

کەواتە دروستە لە هەندێک حالەت باسی برای موسلمان بکەیت بە غەیبەت حساب ناکرێت ، وەک :

(۱) پرسیار کردن لای موفتی دەلێت باوکم یان برام یان خێزانم زولمی لە من کردووە یان پیاوەکەم ڕەزیلە مالم پێ نادات .

(۲) بۆ ناسینەوە ، کەسێک داوای مالی فلانە کەس دەکات یان هەر شتێکی تر بە وەسف دەناسرێتەوە نەک ناو ، وەسف وەک کورتی یان قەلەوی یان وڕگ ئەستووری .

(۳) ئاگادار کردنەوەی موسلمانان لە شەری و خراپی فلانە کەس ، هەروەها باس کردنی ڕاوییەکانی فەرموودەش .

(٤) لە کاتی یارمەتی دان یان ویستن بۆ گۆڕینی خراپە و دەستی تاوانبار گرتن لە تاوان دروستە باسی بکەیت .

(٥) زولم لێکراو دروستە لەلای قازی بلێت فلانە کەس زالمە و زولمی لەمن کردووە .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام