سەردێری پرسیار: ئایا چی بکەم کەسێک غەیبەتم دەکات و لەگەڵم ڕاست نییە کەچی لێم نزیکە ؟ یان کەسێک دوو ڕووی ھەیە ؟

بەرواری دانان :2018-10-09 کۆدی پرسیار:460

پرسیار:

پرسیار // ئایا چی بکەم کەسێک غەیبەتم دەکات و لەگەڵم ڕاست نییە کەچی لێم نزیکە ؟ یان کەسێک دوو ڕووی ھەیە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین حەسوودی زۆر بووە ، ئەگەر حەسوودی زۆر بوو حەسوود لەبەر ئەوە کەسێکی نزمە ھیچی پێ ناکرێت ئیلا غەیبەت کردن نەبێت دەست دەکات بە غەیبەت کردن و توانج دان لە خەلک و خەریکی خەلک دەبێت ئەگەر خەریکی عەیبی خۆی بێت بۆی بەسە بەلام خۆی لەبیر کردووە ، کێشە ئەوەیە ئەم دەردە لەناو پابەند بە دینەکانیش بلاوبۆتەوە ، زۆربەی زۆری غەیبەت کردن و بەکەم دانانی خەلک و جنێو پێدان و قسەی ناشیرین پێ وتن بۆ حەسوودی دەگەڕێتەوە خوا بمانپارێزێت .

ئیمام شافعی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی باسی خەلکت بۆ بکات باسی تۆش بۆ خەلک دەکات . ))

ئەوانەی فێری غەیبەت دەبن غەیبەتی ھەموو کەس لایان ئاسایی دەبێت ، وە بزانە ئەوانەی غەیبەتی خەلک دەکەن لای تۆ ئەگەر بێ دەنگ بیت تۆش تاوانبار دەبیت و وە غەیبەتی تۆش دەکات لە داھاتوو ، چونکە زۆر لەوانەی باسی خەلکت بۆ دەکەن ھەر ئەوانەن باسی تۆش بۆ خەلک دەکات .

ئیمام شافعی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر غەیبەت کردنی کەسێک دروست بوایا ئەوا غەیبەتی دایکی خۆم دەکرد ھەتا چاکەی خۆم بۆی بڕوات . ))

غەیبەت یەکێکە لەو تاوانانەی کەوا چاکەی مرۆڤ دەبات بۆ کەسەکە و وە تاوانی غیبەت کراویش دەخرێتە سەر شانی غەیبەتکەر ، چەند ناخۆشە لە دونیا حەسوودیت بەرامبەر کەسێک ھەیە و ڕقت لێ دەبێتەوە و غەیبەتی دەکەیت ، کەچی ڕۆژی قیامەت خراپترە چونکە چاکەت دەبات و وە خراپەکانی خۆی دەخاتە سەر شانت خوا بمانپارێزێت .

غەیبەتکەر خەلکی پێ کەم و نەزانە و بێ عەقلە و خۆی پێ زۆرە ، کەچی لە ڕاستی دا ئەو کەسێکی کەمە و نەزانە ، بەزۆری ئەگەر مرۆڤ دوور بکەوێتەوە لە عیبادەت و تەقوای خوای گەورە خەریکی غەیبەت و عەیب و عاری خەلک دەبێت خۆشی لەبیر دەکات .

زانایان دەلێن غەیبەت چەندین زیانی ھەیە :

(١) خاوەنی غەیبەت سزا دەدرێت لەناو ئاگر بە خواردنی گۆشتی بۆگەن .

(٢) سزای خوا بە دەست دەھێنێت لەناو گۆڕدا .

(٣) نوری ئیمان لە دڵ دا لاواز دەکات .

(٤) خوای گەورە لێی خۆش نابێت ھەتا غەیبەت کراو لە غەیبەت کەر خۆش دەبێت لەسەر وتەی ھەندێک زانا .

(٥) دەردێکە خۆشەویستی لە نێوان موسلمانان ناھێلێت و ناکۆکی دروست دەکات یان ناکۆکی گەورەتر دەکات .

(٦) غەیبەت کردن بەلگەیە بۆ نزماتی ئەو کەسەی کە غەیبەت دەکات .

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ناچێتە بەھەشت خاوەنی دووڕوو . )) رواە احمد

دووڕووی بالی بەسەر ئومەتی ئیسلام دا کشاوە بە جۆرێک لە ناو ماموستای ئاینی و کەسانی پابەند بە دینیش بلاوبۆتەوە و خەلک تووشی بێ ئومێدی و ڕەش بینی بوون ، نزیکترین ھاوڕێی مرۆڤ کە چەندین ساڵە پێکەوەن دووڕووە ، موسلمان دەبێت تەقوای خوا بکات و خۆی بەدوور بگرێت لەم سیفەتە خراپانە کە فیتنە دروست دەکات لە ناو کۆمەلگا .

کەسێک غەیبەتت دەکات و یان لەگەڵت ڕاست نییە یان دووڕووە باشترین چارەسەر ئەوەیە بە چاوی بە زەیی سەیری بکەیت و دوعای بۆ بکەیت ، چونکە کەسێکە نەخۆش بووە پێویستی بە چارەسەرە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ لای خوا و تەوبە کردنە ، زۆر کەس ھەن ڕق و کینە لە دڵی خۆیان دەھێلنەوە و تووشی غەیبەت دەبن بەرامبەر غەیبەتکەر ئەمە ھەلەیە خوێن بە خوێن ناشوردرێتەوە ، وە ئەگەر بزانی واز ناھێنێت و ھەر بەردەوامە و بە تێکەلی کردنی لەگەڵی تووشی ھەلە دەبیت باشترین چارەسەر ئەوەیە وازی لێ بھنێی و ھەجری بکەیت ھەتا چاک دەبێت .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بڕینی پەیوەندی دەرمانێکە دەبێت بزانی کەی بەکار دەهێنیت وە چەند بەکاردەهێنیت . ))

خەلکانێکە ھەن پێویستیان بەم دەرمانە ھەیە کە پەیوەندی بڕینە لەگەڵیان تا چاک بن و وە ھەشیانە ئەم دەردەی لێی بۆتە دەردێکی درێژ خایەن ڕزگار بوون لێی نییە تا مردن پەنا بخوا ، بەلام دەبێت ئەوەی ئەم دەرمانە بەکاردێنێت شارەزا بێت کەی بەکاردێنێت و چەند بەکاردێنێت ، نابێت ئاسانکاری بکات و خەلک بە ئارەزووی خۆیان پەیوەندی لەگەڵ یەکتر ببڕن یان لەبەر توڕەی و دڵ رەقی خۆیان پەیوەندی ببڕن لەگەڵ خەلک .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام