سەردێری پرسیار: ئامۆژگاریتان چییە بۆ ئەوانەی غەش دەکەن لە تاقیکردنەوەکان ؟

بەرواری دانان :2018-10-09 کۆدی پرسیار:459

پرسیار:

پرسیار // ئامۆژگاریتان چییە بۆ ئەوانەی غەش دەکەن لە تاقیکردنەوەکان ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن حەڕامە غەش بکرێت لە تاقیکردنەوەکاندا چونکە بەلگەکان گشتین کڕین و فرۆشتن و تاقیکردنەوە و ھەموو شتێک دەگرێتەوە .

عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رضي الله عنه أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قال : (( مَنْ غَشَّ فَلَيْسَ مِنِّي )) رواە مسلم (102) .

واتە ھەر کەسێک غەش بکات لە من نییە .

وفی روایة : (( وَمَنْ غَشَّنَا فَلَيْسَ مِنَّا ) رواه مسلم (101).

واتە ھەر کەسێک غەش لە ئێمە بکات لە ئێمە نییە .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( غەش کردن لە تاقیکردنەوەکان حەڕامە و خراپەیە وەک غەش کردنە لە كڕین و فرۆشتن ، بەلکو گەورەترە لە غەش کردن لە کڕین و فرۆشتن ، چونکە پیشە بە دەست دێت بەھۆی غەش کردن ، غەش کردن لە تاقیکردنەوەکان حەڕامە لە ھەموو وانەکان :

(١) لەبەر وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " من غشنا فليس منا " واتە ھەر کەسێک غەش لە ئێمە بکات ئەوا لە ئێمە نییە .

(٢) ھەروەھا چونکە خیانەت کردنە ، خوای گەورە دەفەرمووێت : " يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا تَخُونُوا اللَّهَ وَالرَّسُولَ وَتَخُونُوا أَمَانَاتِكُمْ وَأَنْتُمْ تَعْلَمُونَ " [الأنفال:27].

واجبە لەسەر قوتابی لە ھەر وانەیەک بێت غەش نەکات ، وە خۆی ماندوو بکات و ھەول بدات ھەتا دەربچێت بە دەرچوونێکی شەرعی . ....))

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( غەش کردن لە تاقیکردنەوەکان تاوانێکە لە تاوانە گەورەکان بە تایبەتی ئەگەر لە داھاتوودا شتێکی بەدوای دا بێت وەک مووچە یان پلە لە خوێندن یان ھەر شتێکی تر . )) "فتاوى نور على الدرب" (24/ 2) .

لە نضرة النعيم زیانەکانی غەش کردن باس كراوە دەلێت : ((

زیــــــانـــــەکـــانــــی غەش :

(١) غەش کردن ڕێگایەکە ڕاتدەکێشیت بۆ ناو ئاگر .

(٢) غەش کردن بەلگەیە لەسەر کەمی و پیسی نەفس .

(٣) دوور کەوتنەوە لە خوا و دوور کەوتنەوە لە خەلک .

(٤) بێ بەش دەبێت لە وەلام دانەوەی دوعا .

(٥) بێ بەش دەبێت لە بەرەکەتی مال و تەمەن .

(٦) بەلگەیە لەسەر لاوازی و کەم بوونی ئیمان .

(٧) غەش کردن وا لە کەسەکە دەکات کە خەلک خۆشیان نەوێت و ڕقیان لێ ببێتەوە . )) نضرة النعيم ج١١ لاپەڕە ٥٠٧٥

ئەی قوتابی بەرێز خۆت بێ ڕێز و سوک مەکە بە غەش کردن چونکە ئاشکرا بوونی غەش بێ ڕێز بوونە لە دونیا و قیامەت و وە بێ ڕێز بوونە لای خوا و خەلک ، بەتایبەتی کەسی پابەند بە دین دەرنەچوون بۆ تۆ سەر بەرزترە لە دەرچوونێک بە غەش یان بە سوک و بوون و بێ ڕێز بوونێک لە لای خوا و خەلک ، بەداخەوە کەسی پابەند بە دین لە پۆلی شەش بە شانازییەوە غەش دەکات و بە مەلاش بەناو بانگە و خەلکیش دەلێت بۆ غەش حەڕامە مەلاش غەش دەکات .

زۆر کەس وا گومان دەبەن غەش تەنھا ئەوەیە لەسەر پارچە کاغەزێک بنووسی و دوای نقل بکەیت ، وا گومان دەبەن بەدەم بەیەکتر وتن داخلی غەش نابێت ، غەش کردن بە دەم بێت یان ئیشارەت یان ھەر شێوازێک لە شێوازەکان حەڕامە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام