سەردێری پرسیار: ئایا حوکمی عقیقة چی یە ؟

بەرواری دانان: 2018-10-07 کۆدی پرسیار: 397

پرسیار:

پرسیار // ئایا حوکمی عقیقة چی یە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // عقیقە : ئاژەڵ سەر بڕینە بۆ مناڵ .

زانایان دەلێن ئەسلی عقیقە قژی سەری مناڵە ، پاشان ناونرا لەو ئاژەڵەی کە سەر دەبڕێت بۆ مناڵ كاتی قژ تاشینی ، چونکە قژ دەبڕدرێت کاتی ئاژەڵ سەربڕین ، عەرەب شتێک ناو دەنێن بە ناوێکی تر ئەگەر لەگەڵی بوو یان ھۆکاری بوو .

ھەروەھا بە عقیقە دەوترێت نسیکة ، بەلگە : (( من ولد لە ولد فأحب أن ینسك عنه فلينسك عن الغلام شاتان .... ))

ابن عبدالبر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( واجبە بە ڕووکەشی فەرموودە بەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت بۆ مناڵ پێی بوترێت : نسیکة نەک پێی بوترێت : عقیقە ، بەلام نەمزانیووە ھیچ زانایەک بۆ ئەمە چوو بێت ئەمەی وتبێت ، ...... )) التمھید ج٤ لاپەڕە ٣٠٦

سەبارەت بە حوکمی عقیقە سێ وتە ھەیە :

یەکەم / زۆربەی زانایان دەلێن عقیقە سونەتێکی جەخت لێکراوە ، کە ئەمە وتەی مالک و شافعی و وتەی بەناوبانگی ئەحمەدە .

دووەم / ھەندێک زانای تر دەلێن عقیقە واجبە ، کە ئەمە وتەی ظاهري و وتەیەکە لە وتەکانی احمد .

سێیەم / ھەندێک زانا دەلێن عقیقە ڕێگە پێدراوە نەک سونەت بێت ، کە ئەمە وتەی ابو حنیفەیە .

وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە سونەتێکی جەخت لێکراوە ، چونکە پیغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەر کەسێک حەز بکات ئاژەڵ سەر ببڕێت بۆ مناڵی با سەر ببڕێت بۆی ، ...... )) ئەم حەز کردن بەلگەیە کە بە ئارەزووی خۆیەتی و مەرج نییە ئیلا سەر ببڕێت .

ابن عبدالبر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( چەندین ئەثەر بە مرفوعی نقل کراون لە ھاوەلان و تابعین و زانایانی موسلمانان بۆ سونەتی کردەوە کردن بە عەقیقە و جەخت کردنەوەی لە سونەتییەکەی . )) التمھید ج٤ لاپەڕە ٣١٣

زانایانی اللجنە الدائمە دەلێن : (( عقیقە سونەتە بۆ کوڕ دوو مەڕ سەر دەبڕیت وە بۆ کچ یەک مەڕ سەر دەبڕیت ، ڕۆژی حەوتەم ئاژەڵ سەر دەبڕیت ، ئەگەر دوای بخەی دوای ڕۆژی حەوتەم دروستە بۆ ھەر کاتێک تاوانبار نابیت بۆ دواخستنی وە باشتر وایە دەست پێشخەری تیا بکەی . )) "فتاوى اللجنة الدائمة " ( 11 / 439 ) .  

ابن عثیمین پرسیار لێی کراوە : پیاوێک کۆمەلێک مناڵی كوڕ و کچی ھەیە عەقیقەی بۆ ھیچیان نەکردووە یان لەبەر نەزانین یان لە کەم تەرخەمی ، ھەندێک مناڵی ئێستا گەورەن چی لەسەریەتی ؟

لە وەلام دا دەفەرمووێت : (( ئەگەر ئێستا عەقیقەی بۆ بکات باشە ئەگەر نەزان بێت ، ..... )) "لقاء الباب المفتوح " ( 2 / 17 – 18 ) .

ھەندێک زانایان دەلێن مەرج نییە ئیلا بۆ کوڕ دوو مەڕ سەر ببڕیت چونکە فەرموودە ھاتووە یەک مەڕی سەر بڕیوە بۆ کوڕ ، واتە بۆ حسن و حسین دووی سەر بڕیوە .

زانایانی اللجنە الدائمە دەلێن : (( عقیقە : ئەوەی سەر دەبڕدرێت لە ڕۆژی حەوتەمی لە دایک بوونی مناڵ ، وەک سوپاسی کردن بەوەی پێی دراوە لە مناڵ ، کوڕ بێت یان کچ ، کە سونەتە لەبەر ئەوەی چەند فەرموودە ھاتوون ، ئەوەی عقیقە دەکات بۆ مناڵی بۆی ھەیە خەلک میوان بکات لە مالەوە وە دابەشیش بکات بەسەر خەلک ..... )) "فتاوى اللجنة الدائمة " ( 11 / 442 ) .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام