پرسیار // ئایا کاتی گوێ گرتن لە قورئان دروستە لە هەمان کات دا زیکریش بکەیت ؟
وەلام // سەرەتا زانایان دەلێن گوێ بۆ قورئان گرتن و بێ دەنگ بوون ئەگەر لە ناو نوێژ دا بێت واجبە ، خوای گەورە دەفەرمووێت : (( و ٳذا قرئ القران فاستمعوا له و ٲنصتوا لعلكم ترحمون )) واتە : ئەگەر قورئان خوێندرا گوێی بۆ بگرن و خۆتان بێ دەنگ بکەن .
قرطبی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : هەموو ئەوانەی کە تەفسیریان کردووە یەک دەنگن ئەم گوێ گرتنە باسی نوێژی واجب و سونەتە هەردووکیان دەگرێتەوە .
گوێ گرتن و بێ دەنگ بوون بۆ قورئان لە دەرەوەی نوێژ جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان :
وتەی یەکەم : هەندێک زانا دەلێن گوێ گرتن و بێ دەنگ بوون بۆ قورئان واجبە لەسەر هەموو ئەوانەی گوێیان لێ دەبێت ئەگەر هیچ عوزرێکیان نەبێت .
وتەی دووەم : هەندێک زانا دەلێن گوێ گرتن و بێ دەنگ بوون بۆ قورئان فرض الكفایة ، واتە هەندێک گوێی بۆ بگرن و بێ دەنگ بن لەسەر ئەوانی تر لادەچێت .
وتەی سێیەم : زۆربەی زانایان دەلێن گوێ گرتن و بێ دەنگ بوون بۆ قورئان سونەتە .
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە ، چونکە :
(ٲ) ئایەتەکە باسی ناو نوێژە .
(ب) هیچ بەلگەی ڕوون ئاشکرا نەهاتوون واجب بێت .
دەلێین سونەتە بەلام موسلمان نابێت ئاسانکاری بکات و کاتی قورئان خوێندنەوەی قسە بکات و دەنگی بەرز بکاتەوە بەسەر قورئان .
زانایان دەلێن کاتی خوێندنەوەی قورئان سونەتە دوعا بکەیت و زیکریش بکەیت ، بەلگە :
فەرموودەی حذیفة رواه مسلم ( ۷۲۲ ) ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت لە شەو نوێژ دا ئەگەر بگەیشتبایا ئایەتێک باسی ئاگر و دۆزەخی بکردبا پەنای پێ دەگرت ، هەروەها فەرموودەی عەوفی کوڕی مالکیش رواە ابوداود ( ٨۷۳) بەهەمان شێوە .
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئیمام شافعی دەلێت : سونەتە بۆ خوێنەری قورئان جا چ لەناو نوێژ بێت یان دەرەوەی نوێژ کاتێک دەگاتە ئایەتێک باسی ڕەحمی خوا دەکات داوای بکات ، ئەگەر گەیشتە ئایەتی سزا پەنای پێ بگریت ، ئەگەر گەیشتە ئایەتی تەسبیح تەسبیحات بکات ....)) مجموع۳ لاپەڕە ٥٦۲
کەواتە دوعا و زیکر پەیوەندی بە قورئان خوێندنەوە هەبێت دروستە ، بەلام ئەگەر پەیوەندی پێوە نەبێت شیاو نییە قورئان بخوێندرێ و تۆش زیکر بکەیت و گوێی بۆ نەگریت .
زانایان دەلێن دوعا کرد لەناو نوێژ کاتی قورئان خوێندنەوە باسی نوێژی سونەتە نەک واجب ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت لە شەو نوێژ دوعای کردووە نەک نوێژی واجب ، واللە اعلم .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ