سەردێری پرسیار: ئایا دروستە ژن ئەگەر تووشی حیض و نیفاس بوو قورئان بخوێنێت ؟

بەرواری دانان: 2018-10-07 کۆدی پرسیار: 382

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە ژن ئەگەر تووشی حیض و نیفاس بوو قورئان بخوێنێت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان دوو وتە هەیە سەبارەت بە خوێندنەوەی قورئان بۆ حائض :

یەکەم // زۆربەی زانایان دەلێن حەڕامە ژن لە کاتی حیض قورئان بخوێنێت ، ئیلا ئەگەر وەک زیکر یان دوعا بخوێنێت ئەمەیان دروستە ، نموونە خوێندنەوەی ئایەت کورسی لە کاتی نووستن ئەمە وەک زیکر دەخوێنێت ، یان وەک دوعا دوعایێک لە دوعاکانی قورئان دەکات نموونە (( ربنا لاتزغ قلوبنا بعد اذا هدیتنا.....)) .

ئیمام شافعی دەلیت : دروستە بەمەبەستی زیکر بخوێنی نەک قورئان خوێندنەوە .

ئیمام احمد دەلێت : ڕوخسەت هەیە یەک ئایەت یان چەند ئایەتێک بخوێنی .

بەلگەی کە حەڕامە قورئان بخوێنێت :

(ٲ) عن ابن عمر ان النبی صلی الله علیه وسلم قال (( لاتقرٲ الحائض والجنب شیئا من القران )) رواە الترمذی (۱۳۱) ، وابن ماجە (٥۹٥) ، واتە : با هیچ لە قورئان نەخوێنێت ئەوەی لەش گران و ئەوەی تووشی حیض بووه .

(ب) حەدیسی عەلی هاتووە بەلگەیە نابێت لەش گران قورئان بخوێنێت ، کەواتە حائض قیاس دەکەین لەسەر لەش گران ، چونکە هەردووکیان خۆشۆردن واجبە وە لێک نزیکن.

دووەم / هەندێک زانا دەلێن دروستە حائض قورئان بخوێنێت ، کە ئەمە وتەی ئیمام مالک و وتەیێکە لە وتەکانی احمد ، ابن تیمییە ، شەوکانی ،الالبانی ، ابن بازە ، بەلگە :

(ٲ) خوای گەورە فەرمانی بە خوێندنەوەی قورئان ، وە پاداشتێکی زۆر بۆ ئەوانە هەیە کە قورئان دەخوێننەوە، کەواتە ڕێگری کردن لە خوێندنەوەی قورئان بۆ حائض شتێکی زۆر گەورەیە ، دەبێت بەلگەیەکی ڕوون ئاشکرا هەبێت ، هیچ بەلگەی ڕاست نەهاتوون، وە ژنان لەسەردەمی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت تووشی حیض بووینه نقل نەکراوە کە ڕێگریان لێ کرابێ لە خوێندنەوەی قورئان، وە ئەسل وایە دروستە قورئان بخوێنیتەوە ئیلا بەلگە هاتبێت .

(ب) فەرموودەی ابن عمر دەکەنە بەلگە ، بەلام حەدیسەکە لاوازە ، ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە مجموعة فتاوی ج۲۱ لاپەڕە ٤٦۰ دەلێت :(( وهو حدیث ضعیف باتفاق اهل المعرفة و الحدیث ))واتە : حەدیسێکی لاوازە بە یەک دەنگی زانایانی فەرموودە ناسەکان.

(ج) قیاس کردنی حائض لەسەر لەش گران لێک جیاوازن ، چونکە :

(۱) لەش گران بەویستی خۆی دەتوانێ لەش گرانی لاببات خۆی بشوات بەلام حائض ناتوانێت لەش گرانی لەسەر خۆی لاببات هەتا پاک نەبێتەوە.

(۲) لەش گرانی ماوەکەی کەمە ، بەلام حیض ماوەکەی زۆرترە ، کەژن بۆ ژن جیاوازە لە ماوەی حیض دا.

(د) ئەگەر ژن مەنع بکەی لە قورئان خوێندنەوە ، ئەوا مەنعت کرد لە پاداشتێکی زۆر ، وە دەبێتە هۆی لەبیر کردنی قورئان ، وە ئەگەر ژن مامۆستای قورئان بێت دەبێتە هۆی ئەوەی دەرسیان بەجوانی بەڕێوە نەچێت چونکە جار هەیە ماموستا تووشی حیض دەبێت ، وە جاریش هەیە قوتابی .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە شەرحی بلوغ المرام د ج۱ لاپەڕە ٥۹۳ دا دەلێت ((.....نزیکتر ئەوەیە کە حائض دەتوانێت قورئان بخوێنێت ئەگەر پێویست بوو ، ئەکەر نا باشتر وایە خۆی لێ بگرێتەوە ، .....))

وتەی ڕاست وتەی دووەمە کە دروستە قورئان بخوێنێت .

تێبینی / (۱) ئەم بابەتەی کە باسمان کرد مەبەستمان خوێندنەوەی قورئانە به لەبەر نەک دەست لەقورئان دان، ، چونکە دەست لەقورئان دا بە بێ دەست نوێژ و بە لەش گرانی و تووشی بوون بە حیض بابەتێکی ترە .

(۲) باسمان کرد بۆ حائض دروسته قورئان بخوێنێت ، کەواتە بۆ کەسێک کە بێ دەست نوێژە ئەولاترە دروست بێت قورئان بخوێنێت بە لەبەر خوێندنەوە .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام