سەردێری پرسیار:حوکمی قورئان خوێندنەوە و خەلک فێر کردن بێ تەجوید ؟

بەرواری دانان :2018-10-07 کۆدی پرسیار:378

پرسیار:

پرسیار // من قورئان بە تەجوید نازانم
هەندێک قوتابیم هەیە ئەگەر بێ تجوید
فێری قووڕئانیان بکەم تاوانبار دەبم ؟ بەردەوام بم یان وازبێنم فێریان نەکەم بێ تەجوید ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانـــــــایـــــــــان دەلــــێن :

(١) ھەر کەسێک پیتەکان بگۆڕێ یان حەرەکەکان بگۆڕێ و مانای قورئان بگۆڕدرێ ئەمەیان دەبێت خۆی فێر بکات و نابێت خەلک فێر بکات لەسەر ئەم ھەڵانەی کە ھەیەتی .

(٢) بەلام ئەگەر پیت گۆڕینی نەبێ و حەرەکەکان دروست بخوێنێتەوە ، تەنھا الادغام و الاقلاب و الاخفاء و ئەحکامی تری ھاوشێوەی ئەمانە کە کار لە گۆڕینی مانا ناکەن ئەم ئەحکامانە جێ بە جێ ناکات ، ئەمەیان دروستە تاوانبار نابێت .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بەلێ مرۆڤ پاداشت وەردەگرێ لەسەر خوێندنەوەی قورئان بە شێوەیەکی ئاسایی بێ تەجوید ئەگەر مەبەستی خوا بێت و نییەتی پاک بێت ، ئەگەر خۆی فێری تەجوید بکات و بۆ ئەوەی خوێندنەوەی باش بێت ئەوە باشترە ، ئەگەر نا ئەوا تەجوید واجب نییە بەلکو لە شتە جوانەکانی خوێندنەوەیە ، بە ھەر حال ئەگەر قورئانی خوێندەوە بە زمانی عەرەبی و پیتەکانی دەرھێنا سوپاس بۆ خوا ، سونەت وایە پەلە نەکات ھەتا تێ دەگات و بیری لێ دەکاتەوە ، لەبەر ئەوە خوای گەورە دەفەرمووێ : (( وَرَتِّلِ الْقُرْآنَ تَرْتِيلًا )) [المزمل:4]، وقال سبحانه: (( كِتَابٌ أَنزَلْنَاهُ إِلَيْكَ مُبَارَكٌ لِيَدَّبَّرُوا آيَاتِهِ وَلِيَتَذَكَّرَ أُوْلُوا الأَلْبَابِ )) [ص:29] ، سونەت وایە خوێنەر پەلە نەکات و بیری لێ بکاتەوە و لەسەری بوەستێت بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرێ ، مەبەست لە خوێندنەوە تێگەیشتن و زانست و کردەوە پێ کردنە نەک تەنھا خوێندنەوە ، وەلەو خوێندنەوە خێری تێدایە و پاداشتی بۆی ھەیە بەلام مەبەستی سەرەکی بیر لێ کردنەوە و کردەوە پێ کردنە . ))

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( تاوانی لەسەر نییە ، خوێندنەوەی قورئان بە تەجوید واجب نییە مادەم مرۆڤ حەرەکەکان دەردەبڕێت ضمە و کسرە و فتحە و سکون ئەوا ھیچی تێدا نییە و خوێندنەوەی دروستە بەلکو ئەمە تەنھا جوانییە بۆ خوێندنەوە ، ئەگەر مرۆڤ بۆی بکرێ بە تەجوید بخوێنێتەوە ئەوا باشە ئەگەر نا تاوانبار نابێت ، ..... ))

خەلکانێکی زۆر خوێندنەوەیان عەیبی نییە و ھەلەیان نییە ئەوەندەی گرینگی بە تەجوید دەدەن تووشی زیادە ڕەوی بوون ، کێشە ئەوەیە ماموستای تەجوید تەجویدی کردۆتە بیروباوەڕ و بەلکو لە بیرباوەری گرینتر کردووە پەنا بەخوا ، قوتابی ھەیە بەخۆی دەلێ ئەوە ١٩ ساڵە لە لای مامۆستایەک وانەی تەجوید دەخوێنم ، وای لێ ھاتووە دەلێ زۆربەی خەلک پیتی " ض " بە ھەلە دەردەبڕن و نوێژیان بەتالە ، وای لێ ھاتووە لە مەککە مزگەوتی حەڕام نوێژ بەدوای ئیمام ناکات دەلێت فلانە قورئان خوێن نوێژی بەتاڵە و پیتی " ض " ی تەواو نییە ، ئەگەر ئەمە قسەی بێت بۆ قورئان خوێنانی مەککە ئەی دەبێت چی بلێ بۆ ولاتی خۆی کە کوردستانە ؟! ئەمانە کەسانێکن گومڕا بوون خوا ھیدایەتیان بدات .

خەلک مەبەستی سەرەکی قورئان خوێندنەوەیان لەبیر کردووە کە تەفسیر و تێگەیشتن و بیر لێ کردنەوە و کردەوە پێ کردنە ، چەند خەلک ھەن ڕۆژانە قورئان لەبەر کردنی ھەیە بەلام تەفسیر و بیر لێ کردنەوە و کردەوە پێ کردنی پشت گوێ خستووە ؟! ڕاستە قورئان خوێندنەوە و لەبەر کردنی پاداشتێکی زۆری ھەیە بەلام کامە مەبەستی سەرەکییە ؟! قورئان خوێن لەم سەردەمە زۆر بووینە بەلام کەسانی شارەزا کەم بووینە .

موسلمان دەبێت تەقوای خوا بکات و دین لەسەر خەلک گران نەکات و ئاگادار بێت لە زیادەڕەوی کردن لە بوارەکەی خۆی کە تەجویدە ، وە بزانێت خوای گەورە تۆی دروست نەکردووە تەنھا بۆ ئەوە کە لەناو نوێژ و بێجگە لە نوێژ تەنھا بیر لە مد و الادغام و الاقلاب و الاخفاء الإظهار و الإمالة و الإشمام الروم ئەحکامی تری ھاوشێوەی ئەمانە بکەیتەوە یان لەناو نوێژ بە پەنجە حەرەکەکانی جۆرەکانی مەد بژمێری .

ئەگەر سەیری زانایانی پایە بەرزی ئیسلام بکەیت خوێندنەوەیان ئاساییە بووە و بەو جۆرە نەبووە کە خەلک قورسیان کردووە و گەورەیان کردووە .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام