سەردێری پرسیار: حوکمی خوێندنەوەی قورئان لەسەر موبایل لەناو نوێژدا ؟

بەرواری دانان: 2018-10-07 کۆدی پرسیار: 377

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە قورئان بخوێنمەوە لەسەر موبایل لەناو نوێژدا ئەگەر لەبەرم نەبێت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // خوێندنەوەی قورئان لەناو نوێژدا لەسەر قورئان یان موبایل یان کۆمپیوتەر یەک حوکمیان ھەیە ، لەم بابەتە جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان دوو وتە ھەیە :

یەکەم / ھەندێک زانا دەلێن دروستە ، کە ئەمە وتەی شافعی و حنابلە و ابن عثیمین و ابن جبرینە ، بەلگە :

(١) بەلگەکان گشتین بۆ قورئان خوێندنەوە جا چ بە لەبەر خوێندنەوە بێت یان لەسەر قورئان .

(٢) لە پێشینەکان نقل کراوە کە ڕێگرییان کردبێت لە قورئان خوێندنەوە لەناو نوێژ لەسەر قورئان .

دووەم / ھەندێک زانا دەلێن دروست نییە و نوێژ بەتالە ، کە ئەمە وتەی حنفییەکانە ، بەلگە :

(١) ھەلگرتنی قورئان و سەیر کردنی و ھەلدانەوەی وەرەقە زۆر جوولەی تێدایە و نوێژ بەتال دەبێت .

لە الموسوعە الفقھیە باس کراوە دەلێت : (( شافعی و حنابلە بۆ ئەوە چوون کە دروستە قورئان بخوێنی لەسەر قورئان لەناو نوێژدا ، ئیمام ئەحمەد دەلێت : ھیچی تێدا نییە نوێژ بە خەلک بکەیت و سەیری قورئان بکەیت ، پێی وترا : نوێژی واجب ، وتی : ھیچم گوێ لێ نەبووە . )) الموسوعة الفقهية ج٣٣ لاپەڕە ٥٧ ــ ٥٨

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر بخوێنێتەوە لەسەر قورئان ئەوا نوێژی بەتال نابێت جا چ لەبەری بێ یان نا ، بەلکو دەبێت ئەمە بکات ئەگەر فاتیحەی لەبەر نەبێت ، ئەگەر چی ھەندێک جار وەرەقەش ھەلبداتەوە نوێژی بەتال نابێت . .....

ئەمە ڕای ئێمەیە و وتەی ئیمام مالک و أبی یوسف و محمد و ئەحمەدە . )) المجموع ج٤ لاپەڕە ٢٧

لە المدونە باس کراوە دەلێت : (( ئیمام مالک دەلێت : ھیچی تێدا نییە ئیمام پێش نوێژ بکات لەسەر قورئان قورئان بخوێنێتەوە لە ڕەمەزان و نوێژی سونەت ، ابن قاسم دەلێت : پێی باش نەبووە لە نوێژی واجب . )) المدونە ج١ لاپەڕە ٢٢٤

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھیچی تێدا نییە قورئان بخوێنیتەوە لەسەر قورئان لە شەو نوێژ لە مانگی ڕەمەزان ، چونکە ئەوانەی بەدوای ئیمام نوێژ دەکەن گوێیان لە ھەموو قورئان دەبێت ، چونکە بەلگەکان گشتین لە قورئان و سونەت بۆ دروستی قورئان خوێندنەوە لەناو نوێژدا ، کە قورئان خوێندنەوە لەسەر قورئان و بە لەبەر دەگرێتەوە ، وە جێگیر بووە عائشە فەرمانی بە مەولای خۆی کردووە زەکوان کە پێش نوێژی بکات لە ڕەمەزان و وە لەسەر قورئان دەیخوێندەوە کە بوخاری باسی کردووە لە کتابی خۆی بە معلقی . ))

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت پرسیار لێی دەکرێ : ئایا قورئان خوێندنەوە لەسەر قورئان باشترە بە لەبەر خوێندنەوە ؟

لە وەلام دا دەفەرمووێت : (( سەبارەت بە ڕووی خوێندنەوە قورئان لە دەرەوەی نوێژ ، خوێندنەوە لەسەر قورئان باشترە ، چونکە نزیکترە بۆ ضبط کردن و لەبەر کردن ئیلا ئەگەر خوێندنەوەی بە لەبەر باشتر بێت بۆ دڵی و خشوع زیاتر بێت ئەوا با بە لەبەر بخوێنێتەوە .

سەبارەت بە ناو نوێژ باشتر وایە بە لەبەر بخوێنێتەوە ، چونکە ئەگەر لەسەر قورئان بخوێنێتەوە چەند کردەوە دووبارە دەبێتەوە لەناو نوێژدا ، وەک گرتنی قورئان و ھەلدانەوەی و سەیر کردنی پیتەکان و ھەروەھا ئەوەشی لە دەست دەچێت کە دەستی ڕاستی لەسەر چەپ دادەنێت و لەسەر سینگ کاتی قورئان خوێندنەوە و ھەندێک جار ئەوەشی لە دەست دەچێت کە کاتی ڕکوع دەستی لە تەنیشتی خۆی دوو ناخاتەوە ئەگەر قورئان لە بن ھەنگلی دابنێ . )) المنتقی من فتاوی الفوزان ج٢ لاپەڕە ٣٥

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەندێک خەلک کاتێک بە دوای ئیمام نوێژ دەکەن قورئان لەگەڵ خۆیان ھەلدەگرن و لەگەڵ ئیمام شوێنی خوێندنەوەی ئیمام دەکەون ، ئەمەیان نابێت و لەوانەیە کە پێویست ناکات شوێن ئیمام بکەون .

بەلێ ئەگەر ئیمام خوێندنەوەی باش نەبێت و بە یەکێک لەو کەسانە بلێی کە نوێژ بەدوای ئیمام دەکات : نوێژ بەدوای بکە و قورئانت لە دەست بێت متابعەی بکە ئەگەر ھەلەی کرد ئەوا ھیچی تێدا نییە و دروستە . ))

بەلام یەکێک لە زیانەکانی قورئان خوێندنەوە لەسەر قورئان یان موبایل یان کۆمپیوتەر وا لە ئیمام دەکات قورئان لەبەر نەکات یان مراجعەی پشت گوێ بخات .

پـــــوخــــتەی وەلامـــــی زانــــایـــــان :

(١) وتەی ڕاست ئەوەیە کە دروستە لەسەر قورئان یان موبایل یان کومپیوتەر قورئان بخوێنیتەوە ، جا چ نوێژی سونەت بێت یان واجب .

(٢) خوێندنەوە قورئان لە دەرەوەی نوێژ لەسەر قورئان باشترە ، چونکە نزیکترە بۆ ضبط کردن و لەبەر کردن ئیلا ئەگەر خوێندنەوەی بە لەبەر باشتر بێت بۆ دڵی و خشوع زیاتر بێت ئەو کات با بە لەبەر بخوێنێتەوە .

(٣) خوێندنەوەی قورئان لەناو نوێژ باشتر وایە بە لەبەر بخوێنێتەوە ، چونکە ئەگەر لەسەر قورئان بخوێنێتەوە چەند کردەوە دووبارە دەبێتەوە لەناو نوێژدا ، وەک گرتنی قورئان و ھەلدانەوەی ە سەیر کردنی پیتەکان و ھەروەھا ئەوەشی لە دەست دەچێت کە دەستی ڕاستی لەسەر چەپ دادەنێت و لەسەر سینگ کاتی قورئان خوێندنەوە ، وە ھەندێک جار ئەوەشی لە دەست دەچێت کە کاتی ڕکوع دەستی لە تەنیشتی خۆی دوور ناخاتەوە ئەگەر قورئان لە بن ھەنگلی دابنێ .

(٤) ھەندێک خەلک کاتێک بە دوای ئیمام نوێژ دەکەن قورئان لەگەڵ خۆیان ھەلدەگرن و لەگەڵ ئیمام شوێن خوێندنەوەی ئیمام دەکەون ، ئەمەیان نابێت و لەوانەیە کە پێویست ناکات شوێن ئیمام بکەون .

(٥) ئەگەر ئیمام خوێندنەوەی باش نەبێت و بە یەکێک لەو کەسانە بلێی کە نوێژ بەدوای ئیمام دەکات : نوێژ بەدوای بکە و قورئانت لە دەست بێت متابعەی بکە ئەگەر ھەلەی کرد ئەوا ھیچی تێدا نییە و دروستە .

(٦) دەبێت ئیمام ئاگادار بێت قورئان خوێندنەوە لەسەر موبایل یان قورئان یان کۆمپیوتەر وای لێ نەکات تەمبەڵ بێت لە قورئان لەبەر کردن و مراجعە کردن .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام