پرسیار: ئایا ڕوح دوای مردن تیا دەچێت؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١- ڕوح دەمێنێتەوە و تیاناچێت دوای دەرچوونی لەلاشەی مرۆڤ، لە خۆشی و ناخۆشیدا دەبێت، هەروەک قورئان و سوننەت ئاماژەی بۆ ئەمە کردووە، ئەمە مەزهەبی ئەهلی سوننەیە، پێچەوانەی ئەهلی بیدەع دەڵێن تیادەچێت. (إكمال المعلم) قاضي عیاض (6/ 306).
٢- بەڵگە لە قورئان خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَظَنَّ أَنَّهُ ٱلۡفِرَاقُ٢٨﴾ [القيامة: 28]، بەڵگەیە ڕوح دەمێنێتەوە دوای دەرچوون لەلاشە، چونکە مردن بە (فراق) ناو نراوە، (فراق) جیابوونەوە ئەوەیە ئەگەر ڕوح مابێتەوە و لەناو نەچووبێت، جیابوونەوە و پێکگەیشتن سیفەتن، سیفەتیش داوای بوونی وەسف کراو دەکات. (تفسير الرازي) (30/735).
٣- پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (إن الروح إذا قبض تبعە البصر)، واتە: ئەگەر ڕوح کێشرا بینین شوێنی دەکەوێت و سەیری دەکات، ئەمە بەڵگەیە ڕوح کێشان مانای تیاچوون نییە، بەڵکو نەقل بوون و گۆڕانی حالەکەیە.
قرطبي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (کتێب و سوننەت بەڵگەن لەسەر ئەوەی ڕوح دەمێنێتەوە دوای مردن و تیاناچێت، یان لە خۆشیدا دەبێت و یان سزا دەدرێت تا ڕۆژی قیامەت). (المفهم) (3/ 717).
ابن تیمیة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ڕوح دروستکراوە بێگومان، ڕوح تیاناچێت بەڵکو مردنەکەی جیابوونەوەیە لەلاشەکان، کاتی فوو کردنی دووەم ڕوح دەگەڕێتەوە بۆ لاشە). (مجموع الفتاوى) (4/279).