پرسیار: حوکمی دڵخۆش بوون بە لەناوچوونی شیعەی ئێران بەدەستی جوولەکە؟ موسڵمان حەز بکات کامە لا سەرکەوێت؟
وەڵام: سەبارەت بەمە دەڵێین:
١ـ پرسیار کرا لە ابن تیمیە ڕەحمەتی خوای لێ بێت سەبارەت بە پیاوێک گاور و جوولە بە باشتر دادەنێت لە رافزە؟ لە وەڵامدا فەرموو: (سوپاس بۆ خوای گەورە هەر کەسێک ئیمانی بەوە هەبێت بە محمد (ﷺ) پێی هاتووە ئەوە باشترە لە هەموو کەسێک کوفری بە پێغەمبەر کردووە، ئەگەرچی ئیماندار جۆرێکی بیدعەی تێدابێت، جا بیدعەی خەوارج بێ یان شیعە یان مورجیئە یان قەدەری یان بیدعەی تر، چونکە گاور و جوولەکە کافرن، کوفرەکەیان زانراوە لە ئاییندا، کەسی بیدعەچی ئەگەر وا حساب بکات بیدعەکەی موافقی سوننەتی پێغەمبەری خوایە (ﷺ) و پێچەوانە نییە ئەوە کافر نابێ بەو بیدعەیە، ئەگەر دابنێی کافر دەبێت ئەوە کوفرەکەی وەک کوفری ئەو کەسە نییە کە پێغەمبەری (ﷺ) بەدرۆخستۆتەوە). (مجموع الفتاوی) (٣٥/٢٠١).
ئەوەی گرینگ بێت موسڵمان بزانێت گاور و جوولەکە پێغەمبەری خوایان بەدرۆخستۆتەوە و گومان لە کوفرەکەیان نییە، بەڵام شیعە وتەی ڕاست ئەوەیە هەموویان کافر نین بەڵکو هەندێکیان کافرن، واتە وتەی ڕاست ئەوەیە حوکم دان بە کوفریان تەفسیلی تێدایە.
٢- جوولەکە و گاور کافرن و ستەمکارن بەڵام شیعەی ئێران ستەمکارن و هەموویان کافر نین، پێمان خۆشە خوای گەورە ستەمکار بە ستەمکار لەناو ببات لەبەر ستەمەکەی، بەڵام دژی کوفر پێمان خۆشە موسڵمان سەرکەوێت.
٣- ڕاستە شیعە ستەمکارە و دەستی لە خوێن و مالی موسڵمانان نەپاراستووە و سنوریان بەزاندووە لە ستەم و ئاژاوە نانەوە، ڕاستە مێژوویان مێژوویەکی ڕەشە و پڕە لە غەدر و خیانەت، بەڵام چەند ستەمکار بێت بەقەد جوولەکە دڕندە نییە، واقعیش بەڵگەیە لەسەر ئەمە کە ڕووداوی ئێستای غەزرە لەبەر چاومان دیارە.
٤- زانایان دەڵێن خەڵکی غەززە بەرگری لەخۆیان و ولاتی خۆیان دەکرد لە واقعدا، بەڵام لە حەقیقەتدا بەرگریان لە ئێمەش دەکرد، چونکە جوولەکە تەنها بەمە ناوەستێت و پەلەماری ولاتی تری موسڵمان دەدات.
٥- ئیسرائیل دەولەت نییە بەڵکو بنکەیەکی سەربازی گاور و جوولەکەیە بۆ هەڕەشە کردن و لەنێوبردن و کوشتنی موسڵمانان، بۆیە موسڵمان دەبێت ئاگادار بێت.
٦ـ لەسەردەمی فیتنە موسڵمان چەند پێی دەکرێت قسەی خێر بکات و دوعای خێر بکات و زمانی بگرێتەوە لە شتی بێ سوود و مناقشەی بێ سوود نەکات.