سەردێری پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک بدەن لەسەر بێ دەنگ بوونی زانایانی سعودیە لەسەر خراپەکاری کاربەدەستی ئێستا؟ بۆچی زانای گەورەی بەناوبانگ هەیە بێ دەنگە لەسەر ئەو خراپەکاری یە؟

بەرواری دانان: 2025-05-14 کۆدی پرسیار: 3668

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک بدەن لەسەر بێ دەنگ بوونی زانایانی سعودیە لەسەر خراپەکاری کاربەدەستی ئێستا؟ بۆچی زانای گەورەی بەناوبانگ هەیە بێ دەنگە لەسەر ئەو خراپەکاری یە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: سەبارەت بەمە دەڵێین:

١- زانا هەیە قسەی کردووە و ئینکاری خراپەی کردووە و گیراوە ئێستا لە بەندینخانەیە، هەشە بێ دەنگ بووە و بەینی خۆی لەگەڵ کاربەدەست تێک نەداوە بۆ ئەوەی خراپتر نەبێت و وای دەبینێت لێی نزیک بێت باشترە و هێواش هێواش ئامۆژگاری بکات و ئینکاری خراپەی بکات، چونکە ئەگەر پشتی تێ بکەن خراپەکارەکان باوەشیان بۆ کردۆتەوە و ئەگەری مەفسەدەتی زیاتری هەیە و لەوانەیە ئەو دەعوەی ئێستاش دەکرێت نەمێنێت و ڕێگریان لێ بکات.

٢- دەبێت ڕێز لە زانا و ئیجتهادی زانا بگیرێت، چونکە ئەوان ڕەچاوی مەسلەحەت و مەفسەدەت دەکەن، هیچ زانایەکیش حەزی لەو خراپەکاری یە نییە و لە دڵیشەوە پێیان ناخۆشە، ئینکاری کردنی خراپە بەدەستە، ئەگەر نەتوانی ئەوە بە زمانە، ئەگەر نەتوانی ئەوە دەبێت بە دڵەوە پێت ناخۆش بێت. 

٣- زانایان ئاگایان لە حاڵی یەکترە و زۆر بە ووردی سەیری شتەکان دەکەن، زانا دەزانێت ئەو زانایەی بێ دەنگ بووە لەبەر چی بێ دەنگ بووە و ڕەچاوی چ دەکات، تۆمەتباری ناکات بە زانای دەسەلات و خراپە.

٤- قسەکردن لەسەر کاربەدەست و حوکمی تەکفیر بابەتی گەورە و هەستیارن پیشەی کەسی گەورە و هەستیارە (واتە: پیشەی زانایانە)، بەداخەوە ئێمە لەسەردەمێکین مناڵ و هەرزەکار و کەسی عەوام قسە لەسەر هەندێک بابەتی گەورە دەکەن کەچی ئاستیان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی قسە لەسەر شتی سەرەتایی و بچووکی بکەن، موسڵمان دەبێت قەدری خۆی بزانێت و خەریکی شتی بەسوود بێت و ژیرانە مامەڵە بکات، حەکیمێک ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (العالِم يعرفُ الجاهِلَ والجاهِلُ لا يعرفُ العالِمَ لأنّ العَالِمَ كانَ جَاهِلاً والجَاهِلُ لمْ يَكُنْ عَالِـمَاً). واتە: (زانا نەزان دەناسێت، نەزان زانا ناناسێت، چونکە زانا پێشتر نەزان بووە، و نەزان پێشتر زانا نەبووە).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام