پرسیار: تا چەند موسڵمان دەتوانی بەرگری لە مالی خۆی بکات و شەڕ بکات لەسەر مال ئەگەر کەسێک ویستی لێی ببات؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١ـ دروستە مرۆڤ بەرگری لە مالی خۆی بکات و دروستە شەریش دژی ئەو کەسە بکات کە دەست درێژی دەکاتە سەر ماڵی، هەر کەسێکیش بەرگری لە مالی خۆی بکات و بکوژرێت ئەوە شەهیدە، دەست درێژیکاریش بۆ ناو ئاگرە،بەڵگە:
ـ لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پیاوێک هاتە لای پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: ئەی نێردراوی خوا ئەگەر پیاوێک هات ویستی مالم ببات؟ فەرمووی: (مالی خۆتی پێ مەدە)، وتی: ئەگەر شەڕی لەگەڵ من کرد؟ فەرمووی: (شەڕی لەگەڵ بکە)، وتی: ئەگەر منی کوشت؟ فەرمووی: (تۆ شەهیدی)، وتی: ئەگەر من ئەوم کوشت؟ فەرمووی: (ئەو بۆ ناو ئاگرە). رواە مسلم (١٤٠).
ظاهری فەرموودەکە بەڵگەیە هیچ جیاوازی نییە لەنێوان مالی کەم و زۆر، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، عبد اللە بن مبارك دەفەرمووێت: (شەڕ بۆ مالی خۆت دەکەیت ئەگەر یەک درهەمیش بێت). (جامع الترمذي) (٣/٨٨).
هەندێک هاوەڵانی ئیمام مالک بۆ ئەوە چوون دروست نییە شەڕ بکەیت ئەگەر داوای شتێکی کەمی کرد، وەک خواردن و جل و بەرگ.
هۆکاری جیاوازییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئایا ئەم شەڕ کردن بۆ ئەوەیە تا خراپەکە لابدەیت، ئەگەر ئەمە بێت ئەوە هیچ جیاوازی نییە لەنێوان مالی زۆر و کەم، یان بۆ لادانی زیانە، ئەگەر بۆ لادانی زیان بێت ئەوە شەڕ بۆ شتی کەم نابێت بکرێت، حاڵەت بۆ حاڵەت دەگۆرێت. (المفهم) (١/٣٥٣).
٢- دروستە مرۆڤ بەرگری لە مال و نەفس و ناموس بکات، سەرەتا دەبێت بە ئاسانی لابدات، ئەگەر لانەچوو ئەوە بە هەڕەشە، ئەگەر لانەچوو بە لێدان بە دەست، ئەگەر لانەچوو ئەوە بە لێدان بە گۆچان، ئەگەر لانەچوو ئەوە بە ئاسن، ئەگەر کوشتی ئەوە هیچ ضمانی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر یەکسەر کوشتی بێ ئەوە بە قسە پێی بڵێت و هەڕەشەی لێ بکات، ئەوە ضمان لەسەریەتی، چونکە مەبەست لەمە کوشتنی کەسەکە نییە بەڵکو لادانیەتی، لە یەک حاڵەت دروستە یەکسەر بیکوژیت ئەگەر بزانیت دەست درێژیکار یەکسەر دەتکوژێت لەم حاڵەتە دروستە یەکسەر بکوژیت.