پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک بدەن لەسەر کوشتنی (شبە العمد)؟
وەڵام: زانایان دەڵێن کوشتن سێ جۆرە، کە ئەمە وتەی شافعی یەکان و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەکانی ئەبو حەنیفە و هەندێک مالکی یەکانە:
یەکەم: کوشتنی بە هەڵە (خطأ): ئەوەیە کەسێک بکوژیت بێ ئەنقەست و ویست، وەک ئەوەی کەسێک گولە دەگرێتە نێچیر بەر مرۆڤێک دەکەوێت، یان گولە دەگرێتە کافرەکان بەر موسڵمانێک دەکەوێت، ئەمەیان هەڵەیە لە مەبەست و ویست، چونکە هیچ مەبەستی کوشتنی موسڵمانی نەبووە.
دووەم: کوشتنی لێچووی ئەنقەست (شبە العمد): ئەویش لێدانە لە کەسێک بە شتێک کە زۆربەی جار مرۆڤ بەو شتە نامرێت، وەک لێدان بە گۆچان یان نەعل یان هەر شتێکی تری وەک ئەمانە.
سێەم: کوشتنی بە ئەنقەست (العمد): ئەویش لێدانە لە کەسێک بە شتێک کە زۆربەی جار مرۆڤ بەو شتە دەمرێت، وەک لێدان بە چەک یان شمشێر.
ئیمام مالک بۆ ئەوە چووە کوشتن لەم دوو بەشە زیاتر نییە، یان بە هەڵەیە یان ئەنقەست، لەبەر ئەوە لە قورئان جگە لەم دوو بەشە باسی هیچ بەشی تر نەکراوە، زۆربەی زانایان ئەبو حەنیفە و شافعی و ئەحمەد بۆ ئەوە چوون بەشی سێیەمیش هەیە ئەویش (شبە العمد)ە، ئەویش ئەوەیە لەنێوان کوشتنی بە ئەنقەست و هەڵە دایە، وەک ئەوەی لە کەسێک دەدات بە شتێک کە زۆربەی جار بەو شتە مرۆڤ نامرێت، وەک لێدان بە گۆچان.