سەردێری پرسیار: باشترین شێوازی دوعا کردن چۆنە ؟

بەرواری دانان: 2018-10-07 کۆدی پرسیار: 360

پرسیار:

پرسیار // باشترین شێوازی دوعا کردن چۆنە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن دوعا کردن عیبادەتێکە لە عیبادەتەکان ، خوای گەورە هانی ئیمانداران دەدات کە دوعا تەنها لە خوای خۆیان بکەن و کەس نەکەن بە واستە لە نێوان خۆیان و خوای خۆیان ، وە توڕەش دەبێت ئەگەر بەندەی دوعای لێ نەکات .

زانایان دەلێن باشترین شێوازی دوعا کردن ئەم ئادابانەن :

یەکەم // نیەت پاکی ، واتە دوعا بە پاکی لە خوا بکات بۆ ڕیاء و سومعە نەبێت .

دووەم // داوا لە خوای گەورە بکات بە ناوە جوانەکانی ، بەلگە :

خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وللە الٲسماء الحسنی فادعوا بها (۱٨۰) )) الاعراف ، واتە : ناوەکانی خوای گەورە هەمووی جوانن و پڕ شکۆن ، دەسا ئێوەش هەر بەو ناوانەوە بانگی بکە ، دوعا بەو ناوانەوە بکەن .

سێیەم // مەدحی خوای گەورە بکات پێش دوعا کردن ، بەلگە :

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ٳذا صلی ٲحدكم فلیبدٲ بتحمید الله والثناء علیه ثم لیصل علی النبي صلی الله علیه وسلم ثم لیدع بعد ماشاء )) رواە الترمذی (۳٤۷۷) .

واتە : ئەگەر یەکێک لە ئێوە دوعای کرد با بە سوپاس کردن و مەدح کردنی خوای گەورە دەست پێ بکات ، پاشان ، پاشان سەلاوات لەسەر پێغەبمبەر لێ بدات ، پاشان با دوعا بکات بەوەی کە دەیەوێت .

سێیەم // سەلاوات لێدان لەسەر پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ، بەلگە :

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( كل دعاء محجوب حتی تصلی علی النبي صلی الله علیه وسلم )) صححه الالبانی في صحیح الجامع (٤۳۹۹) ، واتە : هەموو دوعایەک ڕاگیراوە هەتا سەلاوات لەسەر پێغەمبەر لێ دەدەیت .

چوارەم // دەست بەرز کردن ، بەلگە :

عن سلمان رضي الله عنه قال : قال رسول اللە صلی الله علیه وسلم قال : (( ٳن ربکم حي كریم یستحیی من عبده ٳذا رفع یدیه ٳلیه ٲن یردهما صفرا )) رواە ابوداود (۱٤٨٨)

پێنجەم : ڕووکردنە قیبلە کاتی دوعا کردن ، بەلگە :

عومەر خوای لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : کاتێک ڕۆژی بەدر هات پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت سەیری موشریکەکانی کرد کە هەزار بوون وە هاوەلانی سێ سەد و شتێک بوون ، ڕووی لە قیبلە کرد و دەستی بەرز کرد ، دوعای کرد : (( اللهم ٲنجز لی ما وعدتنی ، .............)) رواە مسلم (۱۷٦۳) .

شەشەم // دڵنیا بیت کە دوعات قبوول دەبێت ، وە دڵت بە ئاگا بێت ، وە گومانی باشیش بە خوای گەورە ببەیت ، بەلگە :

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ادعوا اللە و ٲنتم موقنون بالٳجابة ، واعلموا ٲن الله لایستجیب دعاء من قلب غافل واه )) رواە الترمذي ( ۳٤۷۹).

واتە : دوعا لە خوا بکەن کە دڵنیا بن لە قبوول بوونی ، بزانن کە خوای گەورە وەلامی دوعای دلێکی غافل ناداتەوە .

حەوتەم // دووبارە کردنەوەی دوعا سێ جار ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت هەندێک جار سێ جار دوعای دووبارە دەکردەوە .

هەشتەم // دوعا کردن بە ملکەچی ، وە ئومێدت بە ڕەحمی خوا هەبێت و بە ئومێدی پاداشت بیت .

خوای گەورە دەفەرمووێت : ((ادعوا ربكم تضرعا وخفیة )) [الاعراف : ٥٥ ] ، واتە : بپاڕێنەوە لە پەروەردگارتان بە ملکەچی و پەناهی .

خوای گەورە دەفەرمووێت : (( ٳنهم کانوا یسارعون فی الخیرات و یدعوننا رغبا ورهبا وکانوا لنا خاشعین )) [ الانبیاء : ٩٠ ] ، واتە : چونکە ئەوان هەموویان لە کاری خێر و چاکەدا دەست پێشخەریان دەکرد ، هەمیشە لەبەر هیواو ڕەحمەتی ئێمە دوعایان دەکرد .

نۆیەم // پەلە نەکردن لە قبوول بوون ، وە دوعای شەڕ نەکردن ، بەلگە :

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دوعای بەندە قبوول دەکرێت ئەگەر بۆ تاوان نەبێت ، وە بڕینی پەیوەندی خزمایەتی ، ئەگەر پەلەش نەکات ، وتیان : ئەی نێردراوی خوا پەلە نەکردن چی یە ؟ وتی : بەندە دەلێت دوعام کرد دوعام کرد ، هیچ وەلامم نەبینی ....)) رواە البخاری ، مسلم .

دەیەم // دوعا کردن بە نەرم و نیانی و بێ دەنگ بەرز کردن ، بەلگە :

خوای گەورە دەفەرمووێت : (( ادعوا ربکم تضرعا و خفیة )) [ الاعراف : ٥٥ ] ، واتە : دوعا لە خوای خۆتان بکەن بە ملکەچی و لەسەر خۆی (واتە دەنگت نزم بێت ) .

یانزدەهەم // خواردن و خواردنەو و جل و بەرگی حەلال بێت .

دوانزدەهەم // دوعا کردن بە گەرمی و عەزمی ، نەک بە سارد و سڕیەوە .

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لایقولن ٲحدکم : اللهم اغفر لی ٳن شئت ، اللهم ارحمنی ٳن شئت ، لیعزم المسٲلة ، فٳن الله لا مكره له )) رواە البخاری (٦۳۳۹) ، مسلم (۲٦۷۹) .

واتە : با هیچ کەستان نەلێت : خوایە لێم خۆش ببە ئەگەر دەتەوێت ، خوایە ڕەحمم پێدا ببە ئەگەر دەتەوێت ، با دوعا و پاڕانەوەکەی بە گەرمی بە عەزمەوە بێت ، چونکە خودا لە هیچ کارێکدا ناچار ناکرێت .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام