سەردێری پرسیار:پرسیار: ئایا بەهەشت شوێنی کافر و موسڵمانە؟

بەرواری دانان :2024-06-25 کۆدی پرسیار:3493

پرسیار:

پرسیار: ئایا بەهەشت شوێنی کافر و موسڵمانە؟ پەیامتان چییە بۆ ئەوانەی ئەم ئایەتە دەکەنە بەڵگە کە کافریش دەچێتە بەهەشت: ﴿إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَالَّذِينَ هَادُوا وَالنَّصَارَى وَالصَّابِئِينَ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَعَمِلَ صَالِحًا فَلَهُمْ أَجْرُهُمْ عِنْدَ رَبِّهِمْ وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ﴾؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: سەبارەت بەم ئایاتە کە خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَالَّذِينَ هَادُوا وَالنَّصَارَى وَالصَّابِئِينَ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَعَمِلَ صَالِحًا فَلَهُمْ أَجْرُهُمْ عِنْدَ رَبِّهِمْ وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ﴾ {البقرة:٦٢}.

واتە: بێگومان ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه (له ئوممه‌تی محمد (ﷺ)، ئه‌وانه‌ش كه بوونه جووله‌كه (شوێنكه‌وته‌ی ڕاسته‌قینه‌ی موسان)، گاوره‌كانیش (كه شوێنكه‌وته‌ی ڕاسته‌قینه‌ی عیسان)، (صابئه)ش قەومێکن لەسەر فیترەتن هیچ دینێکیان نییە شوێنی بکەون، ئه‌وانه هه‌ر ده‌سته‌یه‌كیان باوه‌ڕی دامه‌زراوی هێنا بێت به خواو ڕۆژی دوایی و كارو كرده‌وه‌ی چاكه‌ی ئه‌نجام دابێت، جا ئه‌وانه پاداشتیان لای په‌روه‌ردگاریانه‌، نه ترس و بیمیان ده‌بێت، نه غه‌م و په‌ژاره‌ش ڕوویان تێده‌كات.

﴿إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا﴾: واتە: بێگومان ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه (له ئوممه‌تی محمد (ﷺ)، (إن) بۆ دووپاتکردن و بەڕاست دانانی خەبەرەکەیە، ئەم ئوممەتە وەسف کراوە بە ئیماندار، لەبەر ئەوەی ئەوان شایستەی ئەم ناوەن، سەرەتا بەم ئوممەتە دەستی پێکردووە لەبەر گرینگی دان بەم ئوممەتە و فەزلی ئەم ئوممەتە.

﴿وَالصَّابِئِينَ﴾: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە صابئەکان، گرینگترینیان ئەم وتانەن:

١- هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون شوێن کەوتەی داود دەگرێتەوە (علیە السلام).

٢- هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەوانە دەگرێتەوە کە هیچ ئاینێکیان نییە.

٣- هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەوانە دەگرێتەوە، کە بانگەوازی پێغەمبەریان پێ نەگەیشتووە.

ابن کثیر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دیارترین و ڕاستترین وتە خواش زاناترە وتەی موجاهد و وەهب کوڕ منبهە، قەومێکن لەسەر دینی جوولەکە و گاورەکان و موشریک و مەجوس نین، بەڵکو قەومێکن لەسەر فیترەتن هیچ دینێکیان نییە شوێنی بکەون). تفسیر ابن کثیر (١/١٤٩).

﴿فَلَهُمْ أَجْرُهُمْ عِنْدَ رَبِّهِمْ﴾: واتە: جا ئه‌وانه پاداشتیان لای په‌روه‌ردگاریانه‌، پاداشت بە (أجر) وەسف کراوە، چونکە خوای گەورە لەسەر خۆی واجب کردووە وەک فەزل و کەرەم کردن لەگەڵ بەندەکانی.

﴿وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ﴾: واتە: نه ترس و بیمیان ده‌بێت، وشەی (خوف) نەناسراوە و سیاقەکەش نەفییە، هەموو جۆرە ترسێک نەفی دەکات.

ئایەتەکە بەڵگەیە بۆ تەواوی دادپەروەری خوای گەورە کە ستەم لەکەس ناکات، بەڵکو پاداشتی هەمووان دەداتەوە بە گوێرەی کردەوەکەی، گاور و جولەکە ئەوانەی پێشتر ئیمانیان هێناوە پێش ئەوەی ئایینیان نەسخ بێتەوە دەچێتە بەهەشت، ئەمەیان باسی ئەوانەیە پێش ناردنی محمد(ﷺ)، سەبارەت بە دوای ناردنی محمد (ﷺ)ئەوان ئیماندار نین و کافرن و بۆ ناو دۆزەخن نەک بەهەشت. (تفسير ابن جرير) (2/32-40)، (تفسير ابن كثير) (1/284-287)، (تفسير السعدي) (ص: 54)، (تفسير ابن عاشور) (1/531)، (تفسير ابن عُثيمين - الفاتحة والبقرة)) (1/221-222).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام