سەردێری پرسیار: ئەگەر جلی یەکێک لە ئەندامانی ماڵەوە لیکی سەگی پێوەبوو و جلەکەی بە خۆڵ پاک نەکردەوە تەنها بە ئاو پاکی کردەوە، دواتر ئەو کەسە جلەکانی لە جلشۆرەکە لەگەڵ جلەکانی ئێمە بشوات جلەکانی ئێمەش ناپاک دەبێت؟

بەرواری دانان :2024-06-20 کۆدی پرسیار:3489

پرسیار:

پرسیار: ئەگەر جلی یەکێک لە ئەندامانی ماڵەوە لیکی سەگی پێوەبوو و جلەکەی بە خۆڵ پاک نەکردەوە تەنها بە ئاو پاکی کردەوە، دواتر ئەو کەسە جلەکانی لە جلشۆرەکە لەگەڵ جلەکانی ئێمە بشوات جلەکانی ئێمەش ناپاک دەبێت؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١ـ زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون لکاوی دەمی سەگ پیسە، لەبەر ئەوەی فەرموودەی صحیح هاتووە فەرمانی کردووە حەوت جار شۆردرێت، جارێکیانیش بە خۆل. (الموسوعة الفقهية) (40/79)، (التمهيد) (18/269).

عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (طُهُورُ إِنَاءِ أَحَدِكُمْ إِذَا وَلَغَ فِيهِ الْكَلْبُ أَنْ يَغْسِلَهُ سَبْعَ مَرَّاتٍ أُولاهُنَّ بِالتُّرَابِ). أَخْرَجَهُ مُسْلِمٌ.

واتە: لە ئەبو ھوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی: (ئەگەر سەگ دەمی نایە ناو قاپی کەسێکتان، بەوە پاک دەبێتەوە کە حەوت جار بیشۆن و یەکەم جاریش بە قوڕاو بێت "واتە: خۆڵاو").

فەرموودەکە بەڵگەیە شوێنی دەمی ھەموو سەگێک دەشۆردرێت، جا ئەو سەگانە بێت کە شەرع ڕێگەی داوە بە ڕاگرتنیان و بەخێوکردنیان یان ڕێگەی نەداوە.

٢ـ زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون لکاوی دەمی سەگ دەبێت حەوت جار بشۆردرێت ئەگەر بەر دەست یان لاشە یان جل و بەرگ بکەوێت، یەکێک لە جارەکان خۆلی لەگەڵ بێت، جگە لە جل و بەرگ یان شتی تری وەک جل و بەرگ نەبێ کە صابون بەکاردەھێنی، بۆ ئەوەی جل و بەرگ تیا نەچێت.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر لکاوی سەگ بەر جل و بەرگ کەوت یان شتی تری ھاوشێوەی ئەمانە، ئەوا حەوت جار دەشۆردرێت، ناڵێین جارێکیان بەخۆڵ بشۆ ، چونکە ھەندێک جار زیانی دەبێت "چونکە جل و بەرگ پووچ دەبێت"، بەڵکو دەڵێین لەجیاتی خۆڵ صابون بەکار دەھێنرێت، یان شتی تری ھاوشێوەی صابون پیسایی لابدات، ئەمە بەسە لەگەڵ حەوت جار شووشتن). لقاء الباب المفتوح لقاء رقم (٤٩).

٣ـ جل خستنە ناو جلشۆرەوە هیچ زیانی بۆ جل و بەرگی تر نییە، لەبەر ئەوەی پاکی دەکاتەوە، مەرج نییە ئەو جلەی سەگ دەمی تێ خستووە بەتەنیا بخەیتە ناوجلشۆرەوە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام