سەردێری پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەمە: (كُلُّ قَرْضٍ جَرَّ مَنْفَعَةً فَهُوَ رِبًا)؟

بەرواری دانان :2024-06-19 کۆدی پرسیار:3487

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەمە: (كُلُّ قَرْضٍ جَرَّ مَنْفَعَةً فَهُوَ رِبًا)؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١- فەرموودەی عەلی هاتووە ئەگەرچی زۆر لاوازە بەڵام وتە لە هاوەڵان نەقل کراوە و ماناکەشی ڕاستە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە ئەگەر خاوەنی قەرز مەرجی دانا بە زیادەوە قەرزی بگەڕێنێتەوە یان هەدیەیەکی پێ بدات ئەوە ئەم زیادەیە ڕیبایە. (الإجماع) لابن المنذر لاپەڕە (٩٩).

عَنْ عَلِيٍّ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ): (كُلُّ قَرْضٍ جَرَّ مَنْفَعَةً فَهُوَ رِبًا) رَوَاهُ الْحَارِثُ ابْنُ أَبِي أُمَامَةَ، وَإِسْنَادُهُ سَاقِطٌ.

واتە: لە عەلی دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (هەر قەرزێک قازانج رابکێشێت ئەوە ڕیبایە).

(جر منفعة): هەر سوودێك رابکێشێت دەبێتە ڕیبا، جا سوودی لاشە بێت یان مال یان سوودێکی تایبەت:

(سوودی لاشە): وەک ئەوەی بڵێت: دە هەزار درهمەت پێ دەدەم بە قەرز بەڵام بە مەرجێک سێ ڕۆژیش لەلای من ئیش بکەیت.

(سوودی مالی): وەک ئەوەی بڵێت: دە هەزار ڕیالت پێ دەدەم بە قەرز تۆش مسجلی خۆتم پێ بدە.

(سوودێکی تایبەت): وەک ئەوەی بڵێت: دە هەزار ڕیالت پێ دەدەم بە قەرز بەو مەرجە ساڵێک لەناو خانووەکەت نیشتەجێ بم، هەموو ئەمانە دروست نین. (فتح ذي الجلال والإکرام) (٩/٤٧٩).

٢- قەرز ئەگەر سوودی ڕاکێشا بۆ خاوەن قەرز ئەوە سووە (ڕیبایە) و حەرامە، هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون مەبەستی فەرموودەکە ئەوەیە مەرج دابنرێت کاتی قەرز گەڕاندنەوە بە زیادەوە، جا زیادە لە شێوە بێت یان ژمارە یان چۆنیەتی.

لەسەر ئەمە فەرموودەکە لەسەر گشتیەتی خۆی نییە، لەسەر ئەمە ئەگەر سوودێک بە مەرج نەگیرا بێت یان بە مەرج دانەنرابێت ئەوە ناچێتە ژێر ئەم فەرموودەیە و دروستە، بەڵکو لە جوانی قەرز دانەوە ئەوەیە بە زیادەوە بۆ بگەڕێنیتەوە، جا زیادە لە شێوە بێت یان ژمارە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام