سەردێری پرسیار:پرسیار: مەرجەکانی قوربانی چین؟

بەرواری دانان :2024-06-07 کۆدی پرسیار:3470

پرسیار:

پرسیار: مەرجەکانی قوربانی چین؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن مەرجەکانی دروستی قوربانی ئەمانەن:

١ـ دەبێت (بهيمة الأنعام) بێت، واتە: وشتر و مانگا و مەڕ و بزن دەگرێتەوە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە. (المجموع) (8/393)، (التمهيد) (23/188).

٢ـ دەبێت گەیشتبێتە ئەو تەمەنەی شەرع دیاریکردووە، کە وشتر دەبێ پێنج ساڵی تەواو کردبێت و مانگاش دوو ساڵی تەواو کردبێت و کاوڕ شەش مانگی تەواو کردبێت و بزانیش ساڵێک لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، کە هەموو زانایان یەک دەنگن تەمەن مەرجە بۆ دروستی قوربانی. (التمهيد) (23/188)، (أضواء البيان) (5/209)،

٣ـ دەبێت ئاژەڵ سەلامەت بێت لەو عەیبانەی بە قوربانی ناچن، ئەویش ئەم چوار عەیبانەن:

ـ کوێرێکی دیار و ڕوون و ئاشکرا، جا یەک چاو بێت یان هەردووکی، ئەگەر کوێریەکەی کەم بێت هیچی تێدانییە.

ـ نەخۆشیەکی دیار و ڕوون و ئاشکرا بەجۆرێک کاریگەری لەسەر لاشەی ئاژەڵ کردووە.

ـ شەلینێکی دیار و ڕوون و ئاشکرا، جا دەستی بێ یان قاچی بەجۆرێک کاریگەری هەیە لەسەر لەوەڕینی ئاژەڵەکە و لاوازی دەکات.

ـ لاوازێک بەجۆرێک ناتوانێت لەسەر قاچ بوەستێت.

ئەم چوار عەیبانە هەموو زانایان یەک دەنگن مەرجن بۆ دروستی قوربانی. (المجموع) (8/404)، (المغني) (9/441)، (بداية المجتهد) (1/430).

٤ـ دەبێت لەو کاتەدا قوربانی بکرێت کە شەریع دیاریکردووە، کاتەکەی دوای نوێژی جەژنی قوربان دەست پێ دەکات و بە خۆر ئاوابوونی ڕۆژی سێیەمی (أيام التشريق) کۆتایی دێت.

٥ـ دەبێت نییەتی قوربانی کردنی هەبێت، نییەت مەرج بۆ دروستی قوربانی، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە. (الإنصاف) للمرداوي (4/61)، (المجموع) للنووي (8/405)، (روضة الطالبين) للنووي (3/200).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام