سەردێری پرسیار: بۆچی لە سورەتی (النازعات) باسی چیڕۆکی موسا کراوە دوای بەڵگە هێنانەوە بۆ زیندووبوونەوە و قیامەت؟

بەرواری دانان :2024-05-23 کۆدی پرسیار:3460

پرسیار:

پرسیار: بۆچی لە سورەتی (النازعات) باسی چیڕۆکی موسا کراوە دوای بەڵگە هێنانەوە بۆ زیندووبوونەوە و قیامەت؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن دوای باسکردنی قیامەت و بەڵگە هێنانەوە کە قیامەت ڕاستەقینەیە باسی چیڕۆکی موسا کراوە: (هَلْ أتَاكَ حَدِيثُ مُوسَى) [النازعات:١٥]، ئەمەش لەبەر دوو شت بووە:

یەکەم: کافرەکان ئینکاری قیامەتیان دەکرد و سوور بوون لەسەر ئینکاری کردنی زیندووبوونەوە، هەتا گەیشتە ئەو ڕادەیە ئینکاری کردنیان گەیشتە سنوری گاڵتەکردن بە پێغەمبەری خوا (ﷺ)، دەیان وت: (قَالُوا تِلْكَ إِذًا كَرَّةٌ خَاسِرَةٌ) [النازعات: ١٢]، ئەمەش لەسەر پێغەمبەری خوا (ﷺ) زۆر گران بوو، بۆیە دواتر باسی چیڕۆکی موسای کرد بۆ ئەوەی ڕوون بکاتەوە موساش (علیە السلام) تووشی ناخۆشی و ئازاردان بووە لە بانگەوازی کردن لەگەڵ فیرعەون، بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە دڵ دانەوە بۆ پێغەمبەری خوا (ﷺ).

دووەم: فیرعەون بەهێزتر بوو لە کافرەکانی قوڕەیش و زۆرتر دار و دەستەی هەبوو و ئەزیەت دانەکەی بۆ ئیمانداران تووندترین بوو، کاتێک دەرچوو بەسەر موساوە و سنوری بەزاند خوای گەورە گرتی و لەناوی برد، موشریکەکانیش بەهەمان شێوە ئەگەر بەسەرتەوە دەربچن و سوور بن لەسەر ئەمە خوای گەورە دەیانگرێت و لەناویان دەبات و دەیانکاتە پەند و ئامۆژگاری بۆ ئەوانی دواتر. (تفسير الرازي) (٣١/٣٨).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام