سەردێری پرسیار:ئایا تاوان بە نهێنی ئەنجام دان دەبێتە هۆی ئەوەی چاکەکانی مرۆڤ پوچ ببنەوە لە قیامەتدا؟

بەرواری دانان :2024-05-22 کۆدی پرسیار:3459

پرسیار:

پرسیار: من گەنجێکم سوپاس بۆ خوا نوێژە فەرز و سونەتەکان دەکەم و زیکر و قورئان خوێندن و عیبادەتی تر دەکەم بەڵام توشی تاوانی سەیرکردنی فیلمی خراپ و ئاوهێنانەوە بە دەست دەبم، دەڵێن فەرموودەیەکی پێغەمبەر (ﷺ) هەیە کە لەقیامەت نەفەرێک دێنن چاکە زۆرە بەڵام خوای گەورە چاکەکانی بەبایا دەبات چونکە تاوانی بەنهێنی ئەنجام داوە ئایا ئەم فەرموودە منیش دەگرێتەوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١- سەیرکردنی فیلمی خراپ و خووی نهێنی حەڕامە و واجبە لەسەر موسڵمان خۆی لێ بەدوور بگرێت، ئەگەر تووشیش بوو واجبە تەوبە بکات و ڕوو لەخوا بکات و زۆر داوای لێخۆش بوون و استغفار لەخوای گەورە بکات.

٢- تاوان زیان بە مرۆڤ ناگەیەنێت ئەگەر تەوبەی لەگەڵ بوو، بۆیە موسڵمان دەبێت زۆر ئاگاداری تەوبە و استغفار بێت، هەروەها ئاگاداری ئەوەش بێت بێ ئومێد نەبێت لە ڕەحمەتی خوای گەورە بە زۆر تاوان ئەنجام دان و دووبارە کردنەوەی. 

٣- سەبارەت بە تاوان ئەنجام دان بە نهێنی بەڵی فەرموودە هاتووە: عَنْ ثَوْبَانَ عَنِ النَّبِيِّ (ﷺ) أَنَّهُ قَالَ: (لأَعْلَمَنَّ أَقْوَامًا مِنْ أُمَّتِي يَأْتُونَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ بِحَسَنَاتٍ أَمْثَالِ جِبَالِ تِهَامَةَ بِيضًا فَيَجْعَلُهَا اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ هَبَاءً مَنْثُورًا) قَالَ ثَوْبَانُ: يَا رَسُولَ اللَّهِ صِفْهُمْ لَنَا جَلِّهِمْ لَنَا أَنْ لاَ نَكُونَ مِنْهُمْ وَنَحْنُ لاَ نَعْلَمُ قَالَ: (أَمَا إِنَّهُمْ إِخْوَانُكُمْ وَمِنْ جِلْدَتِكُمْ وَيَأْخُذُونَ مِنَ اللَّيْلِ كَمَا تَأْخُذُونَ وَلَكِنَّهُمْ أَقْوَامٌ إِذَا خَلَوْا بِمَحَارِمِ اللَّهِ انْتَهَكُوهَا). رواه ابن ماجه (4245)، وصححه الألباني في (صحيح ابن ماجه).

زانایان سەبارەت بەمە فەرموودەیە دەڵێن:

- هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون فەرموودەکە لاوازە و زۆر لە زانایانیش بە صحیح دادەنێن.

- هەندێک زانا دەڵێن ئەم فەرموودەیە باسی دووڕووە کە تووشی ڕیا بووە و لە کاتی بە تەنیاش تاوان ئەنجام دەدات و سنور دەبەزێنێت. (الزواجر عن اقتراف الکبائر) (٢/٧٦٤).

- هەندێک زانای تر دەڵێن وتەی: (إذا خلوا بمحارم اللە)، مانای ئەوە هەلناگرێت بە تەنیا بمێنێتەوە لە مالەوە یان هەر شوێنێک خۆی بە تەنیا بێت، بەڵکو تاوان ئەنجام دەدات لەگەڵ جەماعەت، مەبەستی فەرموودەکە ئەوەیە ئەگەر بۆی ڕێککەوت سنور دەبەزێنێت، نەک مەبەست پێی بە تەنیا بێت و بە نهێنی بێت. (سلسلة الهدی والنور) للألباني شریط رقم (٢٢٦).

- ئەمەیان باسی ئەو کەسەیە جورئەتێکی زۆری هەیە پەنا بەخوا و سنورەکانی خوای گەورە بە کەم دادەنێت، کە جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەوەی تاوان ئەنجام دەدات بە دڵێکی شکاوەوە و دوای تاوان ئەنجام دانیش پەشیمان دەبێتەوە و تەوبە دەکات و هەست بە ئازاری تاوان دەکات، ئەم جۆرە کەسە سنورەکانی خوای گەورەی بە کەم دانەناوە. (شرح زاد المستقنع) لشیخ محمد مختار الشنقطي رقم الدرس (٣٣٢).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام