سەردێری پرسیار:حوکمی فرۆشتنی بەرووبووم پێش پێگەیشتن؟

بەرواری دانان :2024-05-20 کۆدی پرسیار:3458

پرسیار:

پرسیار: حوکمی فرۆشتنی بەرووبووم پێش پێگەیشتن؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١- نەهی کراوە لە فرۆشتنی بەرووبووم پێش پێگەیشتن، تا سۆر دەبێت یان زەرد یان ڕەش بەپێی دەنگی بەرووبوومەکە، بەڵگە:

- عَنِ ابْنِ عُمَرَ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُمَا قَالَ: نَهَى رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ) عَنْ بَيْعِ الثِّمَارِ حَتَّى يَبْدُوَ صَلاحُهَا، نَهَى الْبَائِعَ وَالْمُبْتَاعَ، مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.

واتە: لە ابن عمر دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەهی کردووە لە فرۆشتنی بەرووبووم پێش پێگەیشتن، نەهی لە کڕیار و فرۆشیاری کردووە.

وَفِي رِوَايَةٍ: كَانَ إِذَا سُئِلَ عَنْ صَلاحِهَا قَالَ: (حَتَّى تَذْهَبَ عَاهَتُهَا).

ڕیوایەت هاتووە: کاتێک پرسیاری پێگەیشتنی لێکرا فەرمووی: (تا ئافات دەڕوات).

- عَنْ أَنَسِ بنِ مَالِكٍ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُ أَنَّ النَّبِيَّ (ﷺ) نَهَى عَنْ بَيْعِ الثِّمَارِ حَتَّى تُزْهِيَ، قِيلَ: وَمَا زَهْوُهَا قَالَ: (تَحْمَارُّ وَتَصْفَارُّ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ، وَاللَّفْظُ لِلْبُخَارِيِّ.

واتە: لە أنس بن مالك دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەهی کردووە لە فرۆشتنی بەرووبووم تا بەرووبووم بەدیار دەکەوێت، وترا: بەدیار کەوتنی بەرووبووم چۆنە؟ فەرموو: (تا سۆر دەبێت و زەرد دەبێت).

- عن أنس رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُ أَنَّ النَّبِيَّ (ﷺ) نَهَى عَنْ بَيْعِ الْعِنَبِ حَتَّى يَسْوَدَّ، وَعَنْ بَيْعِ الْحَبِّ حَتَّى يَشْتَدَّ، رَوَاهُ الْخَمْسَةُ إِلَّا النَّسَائِيَّ، وَصَحَّحَهُ ابْنُ حِبَّانَ وَالْحَاكِمُ.

واتە: لە أنس بن مالك دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەهی کردووە لە فرۆشتنی ترێ تا ڕەش دەبێت، نەهی کردووە لە فرۆشتنی دانەوێلە تا پێ دەگات.

٢- پێگەیشتن ئەم دوو پێوەرەی هەیە:

یەکەم: بگۆڕێت بۆ ئەو شێوەیەی کە عادەتەن داوا دەکرێت بۆ خواردن، جا گۆڕینی بە ڕەنگ بێت یان قەبارە یان بەدیارکەوتن یان بە بۆن یان بە دەست لێدان بەدیار بکەوێت، نموونە: تەماتە تا ڕەنگی سۆر دەبێت، شفتی و بایجان تا گەورە دەبن، دانەوێلە تا دەردێت و بەدیار دەکەوێت.

دووەم: بەرووبووم بگاتە ئەو کاتە کە زۆربەی جار ئەمینە لە ئافات، ئەمەش کەسانی شارەزا لەم بوارەدا دەزانن.

٣- نەهی بۆ فەسادە و کڕین و فرۆشتنەکە دروست نییە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە.

٤- فرۆشتن پێش پێگەیشتن بە مەرجی لێکردنەوە لەو کاتەدا دروستە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە، نموونە: کەسێک دەیکڕێت بۆ ئەوەی بکاتە ئالیك بۆ ئاژەڵ، هەروەها دروستە بە بەرووبووم و ئەسڵەکەشی پێکەوە بفرۆشێت، کە ئەمەیان جیاوازی نییە لەنێوان زانایان.

٥- حیکمەت لە نەهی کردن لە فرۆشتنی بەرووبووم پێش پێگەیشتن:

- پێش پێگەیشتن سوودی بۆ کڕیار نییە، لەسەر ئەمە کڕیار مالی خۆی سەرف کردووە لە شتێک سوودی تێدانییە، فرۆشیاریش مالی کڕیاری خواردووە بە ناحەق، بۆیە نەهی هەردووکیان کراوە.

- بەرووبووم پێش پێگەیشتن ئەگەری لەناوی چوونی هەیە یان ئەگەری عەیبدار بوونی هەیە، لەسەر ئەمە بەرووبووم کەم دەبێت ئەمەش جۆرێکە لە غەرەر، لەسەر ئەمە فەرموودە هاتووە: (بم تأخذ مال أخیك بغیر حق؟!).

- ناکۆکی و ڕق و کینە و دوژمنایەتی دروست ناکات ئەگەر بەرووبووم پێش پێگەیشتن نەفرۆشرێت، چونکە فرۆشتن پێش پێگەیشتن هۆکارە بۆ ئەمە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام