سەردێری پرسیار:حوکمی واستە کردن بۆ کەسێک و هەدیە وەرگرتن مقابل واستەکردن؟

بەرواری دانان :2024-05-15 کۆدی پرسیار:3456

پرسیار:

پرسیار: حوکمی واستە کردن بۆ کەسێک و هەدیە وەرگرتن مقابل واستەکردن؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١ـ باشتر بەرامبەر شەفاعەت هەدیە وەرنەگریت، بەڵکو شەفاعەت کردن و جێ بەجێکردنی پێویستی کەسانی تر دەبێت بۆ خوا بێت و بێ بەرامبەر، لە بابەتی هاوکاری یەکتر کردن بێت لەسەر چاکە و تەقوا، کە ئەمە ڕەوشتی جوانی موسڵمانانە، مرۆڤ دەبێت داوای پاداشت لەخوا بکات و ئومێدی پاداشتی هەبێت، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿مَّن يَشۡفَعۡ شَفَٰعَةً حَسَنَةٗ يَكُن لَّهُۥ نَصِيبٞ مِّنۡهَاۖ﴾ [النساء: 85].

٢ـ زانایان دەڵێن شەفاعەت کردن یان واستە کردن سێ حاڵەتە:

یەکەم: شەفاعەت بۆ کەسێک دەکات بۆ بەدەست هێنانی شتێکی واجب یان ستەم لەسەری لادەدات، ئەمەیان واجبە لەسەر ئەو کەسەی شەفاعەتی پێ دەکرێ بۆی بکات، حەرامیشە پارە یان هەدیە وەربگرێت لەسەر وتەی هەندێک زانا، هەندێک زانای تریش بۆ ئەوە چوون دروستە وەربگریت، کە مەجالی تێدایە.

دووەم: شەفاعەت بۆ کەسێک دەکات کە ماف و شایستەی خۆی نییە، ئەم شەفاعەتە حەرامە، چونکە تەعەدا کردنە لە مافی خەڵک، هەروەها زیانی بۆ خۆیشی هەیە کە شتێکی پێ سپێردراوە شایستەی ئەو ئیشە نییە، وەرگرتنی پاداشت و هەدیەش لەسەر ئەمە حەرامە.

سێیەم: شەفاعەت بۆ کەسێک دەکات لە شتێکی ڕێگەپێدراو (مباح)، ئەمەیان دروستە شەفاعەت بکرێت ئەگەر مافی کەس نەخۆرێت و ستەم لە کەس نەکرێت، ئەگەر هەدیەشی پێ درا دەتوانێ وەری بگرێت، لەبەر ئەوەی چاکەی لەگەڵ کەسی بەرامبەری کردووە، ئەویش دەیەوێت پاداشتی بداتەوە، پێغەمبەری خواش (ﷺ) دەفەرمووێت: (من صنع إلیکم معروفا فکافئوە، فإن لم تجدوا ما تکافئوە فادعوا لە حتی تعلموا أن قد کافأتموە)). أخرجە أبو داود (٥١٠٩)، والنسائي (٥/٨٢)، وأحمد (٩/٢٦٦).

٢- دامەزراندن لە حکومەت مافی ھەموو خەلکە و ھەموو تێیدا ھاوبەشن، دەبێت خەلک دابمەزرێندرێت بە گوێرەی لێھاتوو و شارەزایی و گونجان لەگەڵ ئەو پیشەیە، بێ ئەوەی بەرتیل بدرێت و وەربگیرێت.

زانایان دەلێن دروستە کەسێک بکەیت بە واستە و واستەت بۆ بکات بەلام بە دوو مەرج:

یەکەم: تۆ شیاوی ئەو پیشەیە بێت.

دووەم: دامەزراندنەکەت نەبێتە ھۆی تەعەدا و ماف خواردنی کەسێکی تر.

سەبارەت بە ھەدییە دان بە کەسێک واستەت بۆ دەکات دوو حالەتە:

یەکەم: ئەگەر ئەو کەسەی واستە دەکات خۆی بەرپرسی خەلک دیار کردن بێت بۆ دامەزراندن، ئەوا حەڕامە ھەدیە وەربگرێت.

دووەم: ئەگەر ئەو کەسەی واستە دەکات خۆی بەرپرسی خەلک دیار کردن نەبێت بۆ دامەزراندن، ھەوڵ بدات و ماندوو بێت بۆ دامەزراندنی، ئەوا دروستە ھەدیە پێی بدەیت چونکە چاکەی لەگەڵ تۆی کردووە، وە دروستە ئەویش ھەدیە وەربگرێت، بەلام ئەگەر دەرگا ببێتەوە بۆ شتی خراپ باشترا وایە ھەدیە نەدرێت و ئەوەی واستەش دەکات بۆ مافی خەلک با تەنھا بۆ خوا بکات و ھەدیە وەرنەگرێت، چونکە ئەو زیاتر ڕۆلی ھەیە لە ھەدیە وەرگرتن و ڕەت کردنەوە.

سەبارەت بە کەرتی تایبەتیش ھەمان شت، کەسێک پیشەی خەلک دامەزراندنە لە کۆمپانیا، نابێت پیشەکەی خۆی بەکار بھێنی بۆ بەرتیل وەرگرتن چونکە مووچەی خۆی ھەیە.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بەرتیل دان بۆ ئەوەی مرۆڤ بگات بە مافی خۆی، وەک ئەوەی مرۆڤ ناتوانێت بگات بە حەقی خۆی ئیلا بە ھەندێک مال نەبێت، ئەوە بەرتیل حەڕام دەبێت لەسەر ئەو کەسەی وەردەگرێت، وە حەڕام نییە لەسەر ئەو کەسەی دەدات، چونکە ئەوەی پێ دەدات بۆ ئەوە دەدات تاکو بگات بە مافی خۆی، بەلام ئەوەی وەردەگرێت تاوانبارە چونکە مالێکی وەرگرتووە شایستەی ئەو نییە).(فتاوى إسلامية) (4/302).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام