پرسیار: ئایا (خیار المجلس) بە تەلەفۆن هەیە بۆ کەسێک شتێک دەکڕێت بە تەلەفۆن؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١- (خیار المجلس)، هەردووکیان کڕیار و فرۆشیار سەرپشکن تا لە شوێنی کڕین و فرۆشتن لێک جیانەبوونەتەوە.
٢- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون بۆ کڕیار و فرۆشیار (خیار المجلس) هەیە، کە وتەی وتەی ڕاستی زانایانە، وتەی شافعی یەکان و حەنابلە و هەندێک مالکی و زۆربەی پێشینەکانە، وتەی ابن حزم و ابن تیمیة و ابن قیم و صنعانی و شەوکانی و شنقطي و ابن عثیمینە.
٣- کڕین و فرۆشتن بە تەلەفۆنیش (خیار المجلس)ی هەیە، ئەویش بە تەواوبوونی یان بڕینی پەیوەندی تەلەفۆنی یە، چونکە تەلەفۆن کردن حوکمی کۆبوونەوەی بە لاشەی هەیە بۆ (خیار المجلس)، کە ئەمە وتەی ابن جبرین و عبد الرحمن البراکە.
٤- کڕیار و فرۆشیار ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی پەشیمان بوونەوە نییە دوای گرێبەست و پێش لێک جیابوونەوە، ئەوە خیار نییە و گرێبەستەکە تەواو بوو، چونکە مافی هەردووکیانە و بەگوێرەی ڕیککەوتنیانە.
٥- دروستە کڕیار یان فرۆشیار یەکتر سەرپشک بکەن بۆ دوای جیابوونەوەش بە ماوەیەکی دیاریکراو، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە.